رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی سوێد نامەیەک لەبارەی هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی دەنێرێت و داوا دەکات، " حکومەتی سوێد دەمودەست جووڵە بکات و ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی شام هەیەتی بەکاری بهێنێ بۆ ئەوەی ئەو هێرشە وەحشیگەرانەیەی سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود رابگرن."
قادر کاسرگا، پەرلەمانتاری سوێد، میوانی بووڵتەنی رۆژاڤای تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی نێوەڕۆکی نامەکەیەوە قسەی کرد و گوتی: " ئێمە ئەمڕۆ وەکو پەرلەمانتاری سۆسیال دیموکرات لە هەوڵداین کە دەوامی پەرلەمان دەستپێبکاتەوە و ئەو مژارە بکەینە رۆژەڤی پەرلەمان و حکومەتیش."
کاسرگا گوتی: "دەبێ لایەنێکی سیاسی و دیپلۆماسی دەستوەردان بکات، ئێمە هەوڵدەدەین ئەوە ئێستا روودەدات ببەینە پەرلەمان و بیکەینە رۆژەڤ. داوا لە حکومەتی سوێدیش دەکەین لە رێگەی یەکێتیی ئەورووپا و هێزەکانی هاوپەیمانیەوە، کاریگەرییان لەسەر حکومەتی دەسەڵاتداری ئێستای سووریا هەبێت."
دەقی پرسیار و وەڵامەکە لەگەڵ قادر کاسرگا
رووداو: لەبارەی رەوشی ئەشرەفییە و شیخ مەقسوود نامەیەکت بۆ وەزیری دەرەوەی سوێد ناردووە. داوای چیت کردووە بۆ کوردی حەلەب؟
قادر کاسرگا: سڵاو و رێز بۆ ئێوە و بۆ خەڵکی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود کە بەرخۆدان دەکەن، بەڕاستی ئەم رەوشە مایەیی نیگەرانییە، ئەو شەڕەی لە ئەشرفییە و شێخ مەقسوود هەڵگیرساوە، ئەمڕۆ کاریگەریی لەسەر میدیای سوێد هەبووە و گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. ئەمڕۆ منیش وەکو پەرلەمانتاری سۆسیال دیموکرات نامەیەکی کراوەم بۆ وەزیری دەرەوەی سوێد نارد، لە نامەکەمدا داوام لە حکومەتی سوێد کردووە کە ئەندامی هاوپەیمانیی دژەتیرۆرە و دەشزانین پەیوەندییان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی شام هەیە و پێش ماوەیەک بەرپرسانی حکومەتی سوێد چووبوونە شام، من داوام کردووە حکومەتی سوێد دەمودەست جووڵە بکات و ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی شام هەیەتی بەکاری بهێنێ بۆ ئەوەی ئەو هێرشە وەحشیگەرانەیەی سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود رابگرن.
رووداو: ئێوە لە پەرلەمان چی دەکەن بۆ ئەشرفییە و شێخ مەقسوود؟
قادر کاسرگا: تاوەکو ئەمڕۆش پەرلەمانی سوێد لە پشوو دایە، وەک دەزانن لە ئەورووپا جەژن بوو، ئێمە ئەمڕۆ وەکو پەرلەمانتاری سۆسیال دیموکرات لە هەوڵداین کە دەوامی پەرلەمان دەستپێبکاتەوە و ئەو مژارە بکەینە رۆژەڤی پەرلەمان و حکومەتیش، چونکە ئەوەی روودەدات قابیلی قبووڵ نییە، دەبێ لایەنێکی سیاسی و دیپلۆماسی دەستوەردان بکات، ئێمە هەوڵدەدەین ئەوە ئێستا روودەدات ببەینە پەرلەمان و بیکەینە رۆژەڤ. داوا لە حکومەتی سوێدیش دەکەین لە رێگەی یەکێتیی ئەورووپا و هێزەکانی هاوپەیمانیەوە، کاریگەرییان لەسەر حکومەتی دەسەڵاتداری ئێستای سووریا هەبێت.
رووداو: کورد لە سوێد خۆپێشاندان دەکەن، ئەمە کاریگەریی لەسەر حکومەتی سوێد دەبێت؟
قادر کاسرگا: هەرکاتێک خۆپیشاندان لە چوارچێوەیەکی ئاشتی دا دەکرێت، بێگومان کاریگەریی خۆی دەبێت، جا چ سوێد بێت یان دەوڵەتێکی دیکە. دەنگی رای گشتی زۆر گرنگە و دەنگی پەرلەمانتارانیش زۆر گرنگە، ئەوەی کە روودەدات و ئەو ڤیدیۆیانەی کە بڵاودەکرێنەوە و لە کەناڵەکەی ئێوەشەوە دەیانبینین، بەڕاستی دژی یاسای جەنگە، هێرش دەکرێتە سەر نەخۆشخانە، سەر دامەزراوە سڤیلەکان....
رووداو: بەڕێز قادر ئەم دیمەنانە چ کاریگەرییەکیان لەسەر ئێوە هەبوو؟
قادر کاسرگا: بەداخەوە ئەوانەی لە رابردوودا بەسەر کورددا هاتووە، لە ساڵی 2026 دووبارە دەبنەوە، بە ئاشکرا دەبینین کە چۆن بە گرووپە چەکدارەکان هەڕەمەکی بۆردوومان دەکەن، وەکو مرۆڤ ئەمە کاریگەر دەبێت، ئەوەی ئەو دیمەنانە ببینێت و بڵێ کاریگەرییان نەبووە، دەبێ مشوورێک لە مرۆڤبوونی خۆی بخوات، ئەوەی من دەیبینم کۆمەڵکوژییە، دەبێ رێ لەوە بگیرێت و هەر کەس لە بەرامبەر ئەوە دەنگی خۆی هەڵبڕێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ