رووداو دیجیتاڵ
مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێ، واشنتن چاوەڕێی وەڵامی تارانە بۆ ئەو پێشنیازانەی مەبەست لێیان کۆتاییهێنانە بەو جەنگەی لەنێوان هەردوولادا دروست بووە؛ هۆشداریشی دا لە هەوڵەکانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی تەنگەی هورمز و بە "قبووڵنەکراو" ناوی برد.
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە رۆمای پایتەختی ئیتاڵیا بە رۆژنامەڤانانی گوت: "چاوەڕێین ئەمڕۆ وەڵامی ئەوانمان پێ بگات، هیوادارم پێشنیازێکی جیدی بێت، بەڕاستی هیوای ئەوە دەخوازم."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هیوای خواست ئەم وەڵامە ببێتە سەرەتایەک بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی جیدیی دانوستاندن لەنێوان هەردوو وڵات.
کێشەی تەنگەی هورمز
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، روبیۆ بە تووندی رەخنەی لە هەوڵەکانی ئێران گرت بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەنگەی هورمزدا، دوای ئەوەی راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کرد کە تاران دەسەڵاتێکی نوێی بۆ رێپێدانی هاتووچۆ لەو رێڕەوە ئاوییە جیهانییەدا پێکهێناوە.
روبیۆ گوتیشی: "ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە خاوەندارێتی و مافی کۆنترۆڵکردنی رێڕەوێکی ئاویی نێودەوڵەتی هەیە،ئەوە شتێکی قبووڵنەکراوە کە ئەوان هەوڵ دەدەن وەک کارێکی ئاسایی نیشانی بدەن."
گرژییەکانی بەرەی جەنگ
ئەم لێدوانانەی روبیۆ لە کاتێکدایە، دوای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوباتی رابردوودا بە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران تەنگەی هورمزی تا ئاستێکی زۆر داخست، ئەمریکاش دواتر گەمارۆی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران.
هەرچەندە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا بازاڕەکانی جیهان و نرخی نەوت جۆرێک لە سەقامگیرییان بەخۆوە بینی، بەهۆی هیوای سەرکەوتنی نێوەندگیرییەکەی پاکستان بۆ درێژکردنەوەی ئەو ئاگربەستەی لە 8ـی نیسانەوە دەستیپێکردووە، بەڵام رۆژی هەینی جارێکی دیکە بازاڕەکان پاشەکشەیان کرد.
هۆکاری ناسەقامگیرییە نوێیەکەی بازاڕ بۆ گرژییەکانی نێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لە تەنگەی هورمز دەگەڕێتەوە، کە ترسی لای بازرگانان دروست کردووە جەنگەکە هەڵگیرسێتەوە و کردنەوەی تەنگەکە دوابکەوێ.
روبیۆ دەڵێت، هێزەکانی ئەمریکا ناچار بوون وەڵامی تەقەی کەشتییە ئێرانییەکان بدەنەوە و گوتی: "ئێمە دەستمان بە تەقە نەکرد، ئەوان تەقەیان لێ کردین."
لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئێران گێرانەوەیەکی جیاوازی هەیە و دەڵێ، پێکدادانەکە کاتێک روویداوە کە کەشتییە ئەمریکییەکان کەشتییەکی سڤیلی ئێرانییان کردووەتە ئامانج کە بەرەو تەنگەکە دەڕۆیشت، هەروەها ئەمریکای تۆمەتبارکرد بەوەی ناوچە سڤیلەکانی پێکاوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ