قەیرانی سیاسەتی ناوخۆ سەرۆکایەتیی ماکرۆن لە لێواری مەرگ نزیک دەکاتەوە

08-10-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەژێر گوشارێکی گەورەدایە، بەتایبەت لەلایەن هاوپەیمانەکانییەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەو چەقبەستنە سیاسییەی رووبەڕووی وڵاتەکەی بووەتەوە؛ ئەمە دوای ئەوەی سەرۆکوەزیرانی پێشووتری فەرەنسا و یەکێک لە هاوپەیمانە نزیکەکانی داوای لە ماکرۆن کرد، لە بەرژەوەندی وڵات، دەست لەکار بکێشێتەوە.
 
ماکرۆن، کە لە ساڵی 2017وە سەرۆکە، دوای دەستلەکارکێشانەوەی سەباستیان لێکۆرنو، حەوتەمین سەرۆکوەزیرانی ماوەی سەرۆکایەتیی ماکرۆن رۆژی دووشەممەی رابردوو، دەستی لەکارکێشایەوە و بەمەش فەرەنسای جارێکی دیکە رووبەڕووی خراپترین قەیرانی سیاسی ناوخۆیی بەدرێژایی سەرۆکایەتیی ماکرۆن کردەوە.
 
سەرۆکی فەرەنسا، تا ئێوارەی ئەمڕۆی مۆڵەتی داوەتە لێکۆرنو، تاوەکو لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پێکهێنەری حکومەت، بگەنە سازانێک بۆ بەردەامیی کابینەکەی، بەڵام دڵنیا نییە، ئەو هەوڵانە سەرکەوتوو دەبن یان نا.
 
بژاردەکانی ماکرۆن
 
ئەگەر ئەمە سەرکەوتوو نەبوو، یەکێک لە بژاردەکان ئەوەیە ماکرۆن پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختە رابگەیێنێت، بەو هیوایەی هاوپەیمانێتییەکی نوێ پێکبهێنێت بۆ حکومەتی داهاتوو.
 
بەگوێرەی میدیای فەرەنسا، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، ماکرۆن گفتوگۆی لەگەڵ هەردوو سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سیناتی فەرەنسا کردووە و مەبەست لەو گفتوگۆیانەش، بۆ وەرگرتنی بۆچوونی ئەو سەرکردانەیە، ئەگەر ماکرۆن پلانی راگەیاندنی هەڵبژاردنی نوێی هەبێت.
 
قووڵبوونەوەی قەیرانەکان
 
دوای ئەوەی لە ماوەی ساڵێکدا سێ سەرۆکوەزیرانی گۆڕیوە، ئێستا ماکرۆن رووبەڕووی گێژاوێکی سیاسیی قووڵ و تەنانەت ئێستا لەنێو بەرەی خۆیشی رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە.
 
رۆژی سێشەممە، ئۆرۆر بێرگ، گوتەبێژی دەستلەکارکێشاوەی ماکرۆن، بە میدیای فەرەنسای راگەیاند، سەرۆکی فەرەنسا "تاوەکو دوایین خولەکی وادەکەی" لە ساڵی 2027 لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە، بەڵام ئێدوار فیلیپ، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری فەرەنسا کە لە ساڵی 2017 بۆ 2020، ئەو پۆستەی بەڕێوەبردووە، رایگەیاند "دەبێت هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی زووتر بکرێت، پاش تێپەڕاندنی بودجە."
 
هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی، کە مارین لۆ پێن، سیاسەتڤانی راستڕۆی توندڕۆی دژە کۆچبەر و موسڵمانان، باشترین هەلی بردنەوەی هەیە، بڕیارە لە ساڵی 2027 بەڕێوەبچێت، ئەمەش لەدوای قەدەخەکردنی ماکرۆن لە خۆبەربژێرکردنەوە و ئێدوار فیلیپیش پێشتر خۆی وەکو بەربژێری سەرۆکایەتی راگەیاندووە.
 
فیلیپ، رەخنەی زیاتری لە ماکرۆن گرت و رایگەیاند، دەبێت سەرۆکی فەرەنسا هاوکاری وڵاتەکەی بکات و "بە شێوەیەکی رێکخراو و بە شکۆمەندانە لەو قەیرانە سیاسییە دەربازی بکات و چیدیکە زیان بە وڵاتەکە نەگەیێنێت".
 
بژاردەی دیکەی بەردەم ماکرۆن ئەوەیە سەرۆکوەزیرانێکی نوێ دابنێت، ئەگەر ئەو هەنگاوەش بنێت، ئەوە دەبێتە هەشتەمین سەرۆکوەزیران لە ماوەی سەرۆکایەتیی هەشت ساڵەی ماکرۆندا.
 
ئەم قەیرانە نوێیەی فەرەنسا، دوای ئەوە دێت قومارەکەی ماکرۆن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی لە هاوینی 2024دا شکستیهێنا و بووە هۆی دروستکردنی پەرلەمانێکی بێ زۆرینە و بەهێزبوونی راستڕۆ و توندڕۆکان.
 
ئەو چەقبەستە نێوخۆییەی ماکرۆن، جیاوازە لە پێگە نێودەوڵەتییەکەی بەوەی لە هەوڵدایە شان بە شانی دۆناڵد ترەمپ، کۆتایی بە هەردوو جەنگی ئوکرانیا و غەززە بهێنێت.
 
شەڕی بودجە
 
سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوە پلانی دانوستاندنی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە لە چەند رۆژی داهاتوو هەیە، ئەمەش وەکو هەوڵێکی نوێ بۆ شکاندنی بنبەستەکە کە لەئەنجامی شکستهێنانی تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجە دروست بوو.
 
سەرۆکوەزیران ماوەی هەفتەیەکە لە هەوڵدایە بۆ دۆزینەوەی پشتیوانی پێویست بۆ تێپەڕاندنی پرۆژەیاسای بودجەی فەرەنسا، ئەمەش لەڕێگەی کەمکردنەوەی خەرجییەکان، لە کاتێکدا قەرزی گشتی فەرەنسا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی.
 
لۆ پێن، لەبارەی چارەنووسی ماکرۆن و داهاتووی سیاسییەوە، گوتی، "کارێکی ژیرانە دەبێت ئەگەر ماکرۆن دەست لەکاربکێشێتەوە." 
 
بەڵام لەگەڵ ئەوەش داوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی پێشوەختیشی کرد وەک "کارێکی زۆر پێویست".
 
لۆ پێن کە سەرۆکایەتی پارتی کۆبوونەوەی نیشتمانی راستڕۆ دەکات، ئەگەر بێت و بەهۆی سزای دادگەوە لە هەڵبژاردنەکان دووربخرێتەوە، ئەوا چاوەڕوان دەکرێت جۆردن باردێلا، یاریدەدەرە تەمەن 30 ساڵانەکەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی بەربژێر بکات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەو پارتە بانگهێشتنامەکەی سەرۆکوەزیرانی دەستلەکارکێشاوەی بۆ گفتوگۆکردن رەتکردەوە.
 
ئەو پارتە لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "ئەم دانوستاندنانە، چیتر ئامانجیان پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی فەرەنسا نییە، بەڵکو لەپێناو بەرژەوەندیی سەرۆک خۆیەتی."
 
ئۆلیڤیە فۆر، سەرۆکی پارتی سۆسیالیست، هەڵوێستی پارتەکەی راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد، پارتەکەی بەشداری دانوستاندنەکانی لەگەڵ لێکۆرنو دەکات، بەڵام گوتیشی، "دەبێت سەرۆکوەزیرانی داهاتوو لە چەپڕۆکان بێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە