رووداو بەدواداچوون بۆ باتریی ئۆتۆمبێلە کارەباییەکانی چین دەکات؛ "بەرگەی گەرمای 50 پلە دەگرن؟"

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج
کارگەیەکی دروستکردنی ئۆتۆمبێل
کارگەیەکی دروستکردنی ئۆتۆمبێل
A+ A-

رووداو - پەکین

لە دڵی پێشەسازیی چینەوە، رۆژانە هەزاران باتری بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان بەرهەمدەهێنرێن کە دواتر دەگەنە بازاڕەکانی جیهان و هەرێمی کوردستان، بەڵام پرسیارە جەوهەرییەکە لای شۆفێری کورد ئەوەیە: ئایا ئەم تەکنۆلۆژیایە بەرگەی گەرمای 50 پلەیی هەولێر و هەوراز و لێژییەکانی ئەزمەڕ و پیرس دەگرێت؟
 
رووداو چووەتە نێو یەکێک لەو کارگانەی کە تایبەتن بە دروستکردنی باتریی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە چین. لی نینگ، بەڕێوەبەری پەرەپێدانی باتری لە کۆمپانیای (BAIC) لە وەڵامی ئەو گومانانەدا بە رووداوی گوت: "باترییەکانی ئێمە تاقیکردنەوەی زۆر تووندیان بۆ دەکرێت. هەرچەندە هێشتا عێراق ستانداردی تایبەتی بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی دانەناوە، بەڵام ئێمە کار بە ستانداردە جیهانییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین."
 
نینگ باسی شێوازی تاقیکردنەوەکانیان دەکات و دەڵێت: "لە تاقیکردنەوەکانماندا، باتری دەخەینە نێو ژینگەیەک کە پلەی گەرمییەکەی دەگاتە 80 پلەی سیلیزی و دواتر دەستبەجێ دایدەبەزێنین بۆ 20 پلەی ژێر سفر؛ ئەمە بۆ دڵنیابوونەوەیە لەوەی لە هەر کوێیەک بێت، کار بکات."
 
بەکارهێنەرانی ئۆتۆمبێلی کارەبایی لە کوردستان هەمیشە لە دوو شت دەترسن: تێکچوونی باتری بەهۆی گەرما و کەمبوونەوەی توانای بارگاویکردن دوای چەند ساڵێک، بەڵام ئەندازیارانی چین دەڵێن، ئەوان سیستمی "ساردکردنەوەی شل" بەکاردەهێنن، کە رێگرە لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی باتری لە ناوچە گەرمەکاندا.
 
گێنگ ژاو جی، ئەندازیاری باتری لە هەمان کارگە دەڵێت: "مادە خانەییەکانمان زۆر جێگیرن و سیستمێکی پێشکەوتووی بەڕێوەبردنی گەرمیمان هەیە. ئەمە وادەکات باترییەکە هەمیشە لە پلەیەکی گەرمیی گونجاودا بمێنێتەوە و تەمەنی درێژ بێت."
 
کێشەکە تەنیا کارگە نییە
 
شارەزایانی نێوخۆیی لە کوردستان دەڵێن، تەنیا کوالیتیی باترییەکە بەس نییە، بەڵکو شێوازی بارگاویکردنەوە و بەکارهێنانی شەحنکەرەوەی نائۆرجیناڵ، دوو هۆکاری سەرەکین بۆ کورتکردنەوەی تەمەنی ئەم ئۆتۆمبێلانە. لێرەدا کێشەکە تەنیا دروستکراوەکە نییە، بەڵکو ژینگەی بەکارهێنان و جۆری شەحنکردنەوەکەشە.
 
بۆ رەواندنەوەی ترسی تەقینەوە و سووتان، کارگەکە تاقیکردنەوەی جۆراوجۆر دەکات. بەڵام بۆ شۆفێری کورد، "ئەزموونی سەر شەقام" هەمیشە لە "تیۆریی نێو کارگە" بەهێزترە.
 
وان شیاو فانگ، هاووڵاتییەکی چینییە و چوار ساڵە ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەکاردەهێنێت. ئەو سەبارەت بە ئەزموونی خۆی دەڵێت: "زۆر رازییم؛ بە یەک شەحنکردنەوە شەش بۆ حەوت رۆژ کار دەکات. تاوەکو ئێستا هیچ کێشەیەکی باتریم نەبووە و چاککردنەوەی بۆ نەکراوە."
 
پەیامنێری رووداو لە نێو کارگەکەوە دەڵێت: "لەنێوان پیشەسازییەکی خێرای چینی و بازاڕێکی تامەزرۆی وەکو کوردستاندا، ململانێی متمانە بەردەوامە. باترییەکان لێرە لەژێر تاقیگەکاندا بە هەزاران تاقیکردنەوەی قورسدا تێدەپەڕن، بەڵام تاقیکردنەوەی راستەقینە لەسەر شەقامەکانی کوردستان و لەژێر تیشکی تووندی خۆری هاویندا دەبێت، کاتێک تەمەنی ئەم ئۆتۆمبێلانە دەگاتە سەرووی پێنج ساڵ."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا

هاکان فیدان دەچێتە پاکستان

وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئەمڕۆ بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەیەک لەبارەی تاوتوێکردنی پێشهاتە هەرێمییەکان، سەردانی ئیسلامابادی پایتەختی پاکستان دەکات.