وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا بۆ رووداو: شەڕەکەی حەلەب بۆشایی ئەمنی بۆ داعش دروست دەکات

16 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا لەبارەی شەڕی سوپای عەرەبی سووریا و ئاسایشی ناوخۆ لە گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود بە رووداوی راگەیاند، نیگەرانی دۆخی ئەو دوو گەڕەکەن. دەشڵێت، "ئەم گرژییانە هەڕەشە لە سەقامگیریی ناوچەکە دەکەن و دەبنە هۆی دروستبوونی بۆشایی ئەمنی کە تەنیا لە بەرژەوەندی گروپی داعش دایە".
 
رۆژی هەینی، 9ی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی نیاز مستەفا، ئیدیتۆر لە بەشی نێودەوڵەتی رووداو رایگەیاند، "بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنەکانی ناو حەلەب و دەوروبەری دەکەین، بەتایبەتی ئەو راپۆرتانەی باس لە دروستبوونی قوربانی لەنێو کەسانی سڤیلدا دەکەن". دەشڵێت، لەو بارەیەوە بەلجیکا داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات "دان بەخۆیاندا بگرن، پارێزگاری لە هاووڵاتییانی سڤیل بکەن و بەدوای چارەسەرێکی ئاشتییانە و دیپلۆماسیدا بگەڕێن."
 
وەزارەتی دەرەوەی بەلجیکا جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە هەمووان پابەندی ئەو رێککەوتنە بن کە لە 10ی ئازاری 2025دا واژۆ کراوە، "چونکە گەیشتن بە سەقامگیری لە سەرانسەری وڵاتدا توخمێکی سەرەکییە بۆ دەستەبەرکردنی گواستنەوەیەکی ئاشتییانە کە خواستەکانی هەموو گەلی سووریا بەدی بهێنێت".
 
پاراستنی مافی کورد و پێکهاتەکان؛ 'کورد هاوپەیمانێکی بەنرخە'
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنەکان، بەلجیکا ئاشکرای کرد کە لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ دەسەڵاتی سووریا و لایەنە جیاوازەکان، هەمیشە پرسی "گشتگیری" و پاراستنی مافی هەموو پێکهاتەکان لە چەقی باسەکاندا داناوە. بەلجیکا دەڵێت: "گشتگیری یەکێکە لە خاڵە سەرەکییەکانی دیدگای ئێمە بۆ پاراستنی مافی سوورییەکان لە هەموو نەتەوە و ئایینەکان بەبێ جیاکاری."
 
لە لێدوانەکەدا ئاماژەی تایبەت بە کورد دراوە و هاتووە: "ئەم گشتگیرییە کوردەکانیش دەگرێتەوە، کە بێگومان وەک هاوپەیمانی بەنرخ لە شەڕی دژی داعشدا ماونەتەوە، لەو کاتەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی داوای لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کرد ئۆپەراسیۆن دژی داعش ئەنجام بدەن." بەڵام بەلجیکا جەخت دەکاتەوە کە سووریا "وڵاتێکی هەمەجۆری نەتەوەیی، تائیفی و کۆمەڵایەتییە" و دەبێت مافی هەمووان پارێزراو بێت.
 
مەترسیی دروستبوونی بۆشایی بۆ داعش و هەڕەشە بۆ ناوچەکە
 
حکومەتی بەلجیکا هۆشداری دەدات کە پێکدادانەکان تەنیا مەترسی نین بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل، بەڵکو هەڕەشە لە سەقامگیری ناوخۆیی سووریا و سەقامگیری ناوچەکەش دەکەن. 
 
لە کۆتاییدا وەزارەتەکە دەڵێت، "ناسەقامگیری هەرگیز بۆ بەرژەوەندی شەڕی تیرۆر نییە. ئەم جۆرە پێکدادانانە سەرنجی هێزە ئەمنییەکان لەسەر خەباتەکەیان دژی داعش و گرووپە تووندڕەوەکانی دیکە لادەبەن." بەلجیکا پێیوایە ئەم ئاڵۆزییانە دەبنە هۆی دروستبوونی بۆشاییەک کە گرووپە تیرۆریستییەکان سوودی لێ دەبینن.
 
رۆژی سێشەممەی رابردوو، هێزەکانی سوپای عەرەبی سووریا هێرشیان کردە سەر گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب و ئاسایشی ناوخۆی گەڕەکەکان کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن لە بەرامبەردا بە تووندی بەرگرییان کرد.
 
شەڕەکە تائێستا بەردەوامە و سوپای عەرەبی سووریا لە هەموولایەکەوە دەوری گەڕەکە کوردییەکانی داوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.

ئەو وڵاتانەی کە ترەمپ هەڕەشەیان لێدەکات؛ لە ڤەنزوێلاوە تاوەکو نەیجیریا

دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونەوە و گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، سیاسەتێکی هێرشبەرانەی گرتووەتە بەر. لە تێڕوانینیدا، سنوورەکان و سەروەریی وڵاتان جێگیر نین؛ ئەو هەڕەشەی گۆڕینی رژێم، دەستبەسەرداگرتنی سامانەکان و تەنانەت لکاندنی خاکی وڵاتانی دراوسێش دەکات.