رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راپۆرتێکی میدیایی، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا هۆشداریی تووندی داوەتە دۆناڵد ترەمپ لە ئەگەری هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر ئێران و رایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی ململانێیەکی درێژخایەن و مەترسیی گەورە.
رۆژی دووشەممە، 23ـی شوباتی 2026، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگاداری نێو کۆشکی سپی بڵاویکردەوە، جەنەراڵ دان کاین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا ئەم هۆشدارییەی بە دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی باڵای ئیدارەکەی داوە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، کاتێک کانوونی یەکەمی رابردوو واشنتن پلانی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی پێشووی ڤەنزوێلای دادەنا، ترەمپ تیمێکی راسپارد بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی پەیوەست بە ئێران. هەرچەندە جەنەراڵ کاین بەشداربوو لە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی مادورۆ لە مانگی رابردوودا، بەڵام لە دۆسیەی ئێراندا زۆر "بە وریاییەوە" دەجووڵێتەوە.
کاین پێیوایە ئاستی مەترسییەکانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ئێران "زۆر بەرزە" و ئەگەری تێوەگلانی ئەمریکا لە جەنگێکی گەورە و کەوتنەوەی قوربانیی زۆر لە ریزی سەربازانی ئەمریکیدا هەیە.
جو هۆڵستید، گوتەبێژی ئەرکانی هاوبەشی سوپا، سەبارەت بەم زانیارییانە رایگەیاند، سەرۆکی ئەرکان وەک راوێژکاری باڵای سەربازی، هەموو جۆرە بژاردەیەک لەگەڵ مەترسی و کاریگەرییەکانیان بەشێوەیەکی "نهێنی" دەخاتە بەردەم سەرکردە مەدەنییەکان و بڕیارە ئەمنییەکان لای ئەوانە.
ئەم هەڵوێستەی سەرۆکی ئەرکانی سوپا لە کاتێکدایە کە بڕیارە رۆژی پێنجشەممە شاندی ئەمریکا و ئێران لە جنێف کۆببنەوە، کە وەک "دوایین دەرفەت" بۆ دیپلۆماسی دەبینرێت.
ئەمریکا کەشتییەکی فڕۆکەهەڵگر و 15 کەشتیی جەنگیی دیکەی رەوانەی ئاوەکانی ناوچەکە کردووە.
لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان رایگەیاندووە، هیوا دەخوازێت ترەمپ گوێ لەو کەسانە نەگرێت، کە هانی دەدەن بۆ هێرشکردنە سەر ئێران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ