رووداو دیجیتاڵ
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، لەگەڵ سەرۆکی پارتی (NVA)ی دەسەڵاتداری بەلجیکا کۆبووەوە و رایگەیاند، بارودۆخی هەرێمی کوردستان و مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی داعشیان تاوتوێ کردووە. دەشڵێت: "ئەو پارتە هەمیشە پاڵپشتێکی بەهێزی دۆزی کورد بووە."
د. دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا، لەگەڵ شاندێکی پارتە سیاسییەکانی کوردستان، سەردانی بارەگای سەرەکی پارتی (NVA)ی لە بەلجیکا کرد. لەوێ لەلایەن سەرۆکی پارتەکە، سەرۆکی پەرلەمانی فیدراڵیی بەلجیکا و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانەوە پێشوازییان لێکرا.
د. دلاوەر ئاژگەیی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "لە دیدارەکەدا بە وردی تیشکمان خستە سەر بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە. باسیان لە سیاسەتی حەکیمانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریدا".
نوێنەری حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە، پرسی ئەمنی و مەترسییەکانی تیرۆر بووە و گوتی: "گفتوگۆمان لەسەر ئەگەری سەرهەڵدانەوەی چەکدارانی داعش و ئەو مەترسییانە کرد کە هێشتا لە ناوچەکەدا هەڕەشەن".
هەر لەو دیدارەدا، ئاژگەیی سوپاسی هەڵوێستەکانی پارتی (NVA)ی کرد و گوتی: "ئەم پارتە لە رۆژی دامەزراندنییەوە هەمیشە پاڵپشتی دۆزی رەوای گەلی کوردستان بووە، چ لەسەر ئاستی حکومەتی فیدراڵیی بەلجیکا و چ لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێمی فلاندەرز".
پارتی (NVA) بە گەورەترین و کاریگەرترین پارتی سیاسی لە بەلجیکا دادەنرێت. پۆستی سەرۆکوەزیران، سەرۆکایەتی پەرلەمانی فیدراڵ و سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی فلاندەرزی لایە و خاوەن پێگەیەکی بەهێزی بڕیارە لەو وڵاتەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ