رووداو دیجیتاڵ
لە تاران خەڵک لە دڵەڕاوکێدان. داواکاریی سەرەکیی ئەمریکا نەهێشتنی توانای ئەتۆمی و مووشەکیی ئێرانە، بەڵام تاران تاوەکو ئێستا رەتیدەکاتەوە. نەتەنیاهوو دەڵێت، "هاوپەیمانیی دژی 'تەوەرە تووندڕەوەکان' پێکدەهێنین"
لۆرد پیتەر ریتکێتس، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی بەریتانیا پێیوایە، داواکارییەکانی ئەمریکا لە سەرووی توانای ئێرانە بۆ جێبەجێکردن و دەڵێت: "پێموایە ئەوشتەی ئەو دەیەوێت، زیاترە لەوەی ئێرانییەکان دەتوانن لەم دانوستاندنانەدا بیدەن. بۆیە پێموایە ئێستا بەرەو جۆرێک لە بەکارهێنانی ئەم هێزە سەربازییە زۆر گەورەیە دەچین."
رەحمان قارەمانپوور، شرۆڤەکاری سیاسی دەڵێت، "ژمارەی ئەو کەسانەی وا بیر دەکەنەوە رێککەوتن دەکرێت کەمترە، کەواتە من لەو بڕوایەدام ئەگەری روودانی جەنگ زیاترە، بەڵام کەی و چ رۆژێک دەبێت نازانم، خاڵێکی گرنگ کە هەیە ئەوەیە ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیل قسە دەکات بۆ ئەوەی لە هێرشەکە بەشدار بێت."
بەهۆی مەترسییەکانی جەنگەوە، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 20 وڵات داوایان لە هاووڵاتییانیان کردووە ئێران جێبهێڵن، لەوانە ئەڵمانیا، سوێد و فینلاند.
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت: "مەبەست لێرەدا دروستکردنی هاوپەیمانییەکی وڵاتانە کە بە یەک چاو سەیری راستی و ئاڵنگاری و ئامانجەکان بکەن، ئەمەش بە پێچەوانەی تەوەرە توندڕۆکانە؛ چ ئەو تەوەرە شیعە تووندڕەوەی کە زەبرێکی زۆر بەهێزمان لێداوە و چ لە بەرامبەر ئەو تەوەرە نوێیەی کە لە سەرهەڵداندایە، واتە تەوەرە سوننە توندڕەوەکە. بە هاوکاری نێوانمان رووبەڕووی ئاڵەنگارییەکان دەبینەوە و بەهێزتر دەبین."
سەرەڕای گرژییەکان، هێشتا دەرگایەک بۆ دیپلۆماسی ماوەتەوە؛ بەرپرسێکی ئەمریکی بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێراندایە و چاوەڕێی وەڵامی ئەوانن لە 48 کاژێری داهاتوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ