ترەمپ: تەنیا 'رەوشتی خۆم' سنوور بۆ دەسەڵاتە جیهانییەکانم دادەنێت

17 کاژێر له‌مه‌وپێش
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ رایدەگەیێنێت کە "رەوشتی خۆی" تاکە بەربەستە لەبەردەم دەسەڵاتەکەیدا بۆ ئەوەی لە هەر شوێنێکی جیهاندا فەرمان بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی بکات. 
 
ترەمپ ئەم قسانەی بۆ رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کرد و چەند رۆژێک دوای ئەوە دێت ئۆپەراسیۆنێکی خێرای بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا دەستپێکرد و هەڕەشەی لە کۆمەڵێک وڵاتی دیکە و هەرێمی خۆبەڕێوەبەری گرینلاند کرد. 
 
کاتێک پرسیاری ئەوەی لێکرا ئایا هیچ سنوورێک بۆ دەسەڵاتە جیهانییەکانی هەیە، ترەمپ بە رۆژنامەکەی راگەیاند: "بەڵێ، یەک شت هەیە، ئەویش رەوشت و بیرکردنەوەی خۆمە، ئەوە تاکە شتە دەتوانێت رێگریم لێ بکات".
 
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها رایگەیاند: "من پێویستم بە یاسای نێودەوڵەتی نییە، بەدوای ئەوەوە نیم ئازاری خەڵک بدەم".
 
ترەمپ جەخت لەوە دەکاتەوە "پێویستە" پابەندی یاسای نێودەوڵەتی بێت، بەڵام دەڵێت: "ئەوە دەکەوێتە سەر ئەوەی پێناسەی ئێوە بۆ یاسای نێودەوڵەتی چییە".
 
ئەمریکا ئەندامی نێودەوڵەتی تاوان (ICC) نییە کە دادگەیی تاوانبارانی جەنگ دەکات، هەروەها چەندین جار بڕیارەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی (ICJ)ی رەتکردووەتەوە کە بەرزترین دادگەی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
 
لەکاتێکدا خۆی وەکو "سەرۆکی ئاشتی" دەناسێنێت و هەوڵی بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵ دەدات، ترەمپ لە خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەیدا زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی سەربازیی دەستپێکردووە.
 
لە مانگی حوزەیرانی 2025 ترەمپ فەرمانی هێرشکردنە سەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانی دەرکرد و لە ساڵی رابردووشدا سەرپەرشتیی هێرشەکانی کردووە بۆ سەر نەیجیریا، سۆماڵ، سووریا، یەمەن و دواجاریش بۆ سەر ڤەنزوێلا.
 
لەدوای دەستگیرکردنی مادورۆوە، ترەمپ هەڕەشەی لە زنجیرەیەک وڵاتی دیکە کردووە، لەنێویاندا کۆڵۆمبیا و هەروەها گرینلاند، کە لەلایەن دانیمارکی ئەندامی هاوپەیمانیی ناتۆوە بەڕێوەدەبرێت.
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا ئایا کاری لەپێشینەی ئەو پاراستنی هاوپەیمانیی سەربازیی ناتۆیە یان بەدەستهێنانی گرینلاند؟ ترەمپ بە نیویۆرک تایمزی گوتووە: "لەوانەیە ئەوە بژاردەیەک بێت [دەکرێت هەڵبژاردن بێت لەنێوان ئەو دووانە]".
 
هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرێس، بە ژمارەیەک لە کۆمارییەکانیشەوە، هەوڵی سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی ترەمپ دەدەن.
 
رۆژی پێنجشەممە ئەنجوومەنی پیران پڕۆژەیاسایەکی بۆ کۆنترۆڵکردنی جووڵە سەربازییەکانی سەرۆک لە ڤەنزوێلا پێشکێش کرد. بەڵام تەنانەت ئەگەر بگاتە سەر مێزەکەشی، پێدەچێت ترەمپ ڤیتۆی بکات.
 
ترەمپی ملیاردێر، سامانەکەی لە رێگەی وەبەرهێنان لە بواری خانووبەرەدا کۆکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کرد کە خاوەندارێتیی ئەمریکا بۆ گرینلاند "شتێکە هەست دەکەم لەڕووی دەروونییەوە بۆ سەرکەوتن پێویستە".
 
لە لایەکی دیکەوە ترەمپ گوتی، هیچ کێشەیەکی نییە لەوەی خێزانەکەی لەدوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە دەرەوە کاری بازرگانی بکەن.
 
ترەمپ بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە: "لە خولی یەکەمدا رێگریم لێ کردن بازرگانی بکەن و هیچ دەستخۆشییەکم لەسەر ئەوە وەرنەگرت، بۆم دەرکەوت کەس گرنگی بەوە نادات، منیش رێگەم پێدراوە ئەو کارە بکەم".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەکە بە ژیریی دەستکرد دروستکراوە.

ئەو وڵاتانەی کە ترەمپ هەڕەشەیان لێدەکات؛ لە ڤەنزوێلاوە تاوەکو نەیجیریا

دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونەوە و گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی، سیاسەتێکی هێرشبەرانەی گرتووەتە بەر. لە تێڕوانینیدا، سنوورەکان و سەروەریی وڵاتان جێگیر نین؛ ئەو هەڕەشەی گۆڕینی رژێم، دەستبەسەرداگرتنی سامانەکان و تەنانەت لکاندنی خاکی وڵاتانی دراوسێش دەکات.