حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا خاوەنی 200 هەزار بیتکۆینە

09-03-2025
سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرکردەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان کۆبووەوە.
سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرکردەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان کۆبووەوە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دۆناڵد ترەمپ رۆژێک دوای ئەوەی بڕیاری دامەزراندنی یەدەگی ستراتیژیی دراوە دیجیتاڵییەکانی دا، لەگەڵ سەرکردەی دراوە دیجیتاڵییەکان لە کۆشکی سپی کۆبووەوە. 
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆبوونەوەکەدا گوتی، "حکومەتی فیدراڵیی ئەمریکا لە گەورەترین هەڵگرانی بیتکۆینی جیهانە. بەهۆی یاسای شارستانی و یاساکانی دیکە، خاوەنی نزیکەی 200 هەزار بیتکۆینین. ئەم قەبارە زۆرەی بیتکۆین، دەبێتە بنەمایەک بۆ یەدەگی بیتکۆین."
 
سەرۆکی کۆمپانیا دیجیتاڵییەکانی وەک (مایکرۆ ستراتیژی) و ( کۆین بەیس) ئامادەبوون؛ ترەمپ یەدەکی ستراتیژی دراوە دیجیتاڵییەکانی وەک یەدەکی زێڕی دیجیتاڵ ناوزەد کرد.
 
سەرەڕای بریاری دامەزراندنی یەدەکی ستراتیژیی دراوە دیجیتاڵییەکان، بازاڕی بیتکۆین کاردانەوەی نەرێنی پێشاندا.
 
نرخی یەک بیتکۆین لە دوای بڕیارەکە بە رێژەی 3.4٪ دابەزی و بە نزیکەی 86 هەزار دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
 
سکۆت بیسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لەبارەی کارەکانی ترەمپ لە بواری دراوە دیجیتاڵییەکان دەڵێت، "سەرۆک ترەمپ سامان بۆ خەڵکی ئەمریکا زیاد دەکات، لە کاتێکدا زۆربەی سەرۆکەکانی پێشوو، قەرزیان بۆ خەڵک زیاتر کرد. نامانەوێت یاساو رێساکان دژی سامانە دیجیتاڵییەکان بەکاربێنین. ئیدارەی بایدن کارێکی جگە لە سزادانی داهێنەرە دیجیتاڵییەکان نەکرد."
 
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، بۆ زیادکردنی یەدەکی دراوی دیجیتاڵی، ئامادە نییە پارەی باجدەرانی ئەمریکی بەکاربێنێت و داوای لە وەزارەتی گەنجینە کرد بۆ ئەو کارە رێگەی دیکە بدۆزنەوە.
 
قەبارەی بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی سێ تریلیۆن دۆلار. پشکی بیتکۆین لە بازاڕی دراوە دیجیتاڵییەکان نزیکەی دوو تریلیۆن دۆلارە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە