رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) یەکەم بەشی بەڵگەنامە نهێنییەکانی پەیوەست بە (تەنە فڕیوە نەناسراوەکان)ی بڵاوکردەوە، کە مێژووی هەندێکیان بۆ چلەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە. ئەم هەنگاوە دوای چەندین دەیە لە داواکاریی هاووڵاتییانی ئەمریکا بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان دێت.
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، پیت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەم دۆسیەیە بۆ ماوەیەکی زۆر بووەتەهۆی دروستبوونی گومان کاتی ئەوە هاتووە گەلی ئەمریکا راستییەکان بە چاوی خۆی ببینێت."
زانیارییە نوێیەکان چییان تێدایە؟
زیاتر لە 160 دۆسیە لە ماڵپەڕی وەزارەتی جەنگی بڵاوکراونەتەوە کە پێنتاگۆن بە فەرمی بە "دیاردە نائاساییە نەناسراوەکان" ناویان دەبات.
بەشێک لە زانیارییەکان بریتین لە راپۆرتێکی ساڵی 1947 کە تایبەتە بە بینینی "دێسکە فڕیوەکان"، راپۆرتێکی "زۆر نهێنی" ساڵی 1948ـی هەواڵگریی هێزی ئاسمانی لەسەر بینینی "فڕۆکەی نەناسراو" و "دەفرە فڕیوەکان".
هەروەها سێ تیمی جیاوازی هێزە فیدراڵییەکان شایەتییان داوە کە ساڵی 2023 "گۆیەکی پرتەقاڵی"یان لە ئاسمان بینیوە کە گۆی سووری بچووکتر لێ بووەتەوە.
فەرمانی ترەمپ و ململانێ لەگەڵ ئۆباما
بڵاوکردنەوەی ئەم بەڵگەنامانە دوای ئەوە هات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە مانگی شوباتدا فەرمانی بە ئاژانسە فیدراڵییەکان کرد دۆسیەکانی پەیوەست بە تەنە فڕیوەکان و بوونەوەرە ئاسمانییەکان ئاشکرا بکەن، ئەوەش بەهۆی "ئەو بایەخە زۆرەی خەڵک پێی دەدەن."
ترەمپ لە کاتی دەرکردنی فەرمانەکەدا هێرشی کردە سەر باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتر و تۆمەتباری کرد بەوەی لە پۆدکاستێکدا زانیاری "نهێنی"ی لەسەر بوونەوەرە ئاسمانییەکان درکاندووە. ئۆباما لەو پۆدکاستەدا گوتبووی: "ئەوان (بوونەوەرە ئاسمانییەکان) راستین، بەڵام من نەمبینیون."
ترەمپ لە وەڵامی ئەوەدا گوتی، "ئۆباما زانیاریی نهێنی داوە کە نەدەبوو بیکات،" سەبارەت بە باوەڕی خۆیشی گوتی: "نازانم ئەوان راستین یان نا."
هیچ بەڵگەیەک هەیە؟
تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەکی زانستی بۆ بوونی ژیان لە دەرەوەی زەوی بەردەست نییە.
لە راپۆرتێکی پێشووتری پێنتاگۆندا کە لە ئاداری 2024 بڵاوکرایەوە، هاتبوو کە زۆربەی ئەو شتانەی خەڵک وەک "تەنی فڕیو" بینیویانن، دواجار دەرکەوتووە کە تەنیا باڵۆنی کەشناسی، فڕۆکەی سیخوڕی یان مانگی دەستکرد بوون.
بەڵام پێنتاگۆن دەڵێت بەردەوام دەبێت لە لێکۆڵینەوە، چونکە مەترسی ئەوە هەیە هەندێک لەو تەنانە تەکنەلۆژیای زۆر پێشکەوتووی وڵاتانی رکابەری ئەمریکا بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ