رووداو دیجیتاڵ
بەگوتەی یەکێک لە سەرنشینەکانی نێو کەشتیی گەشتیاریی هۆندیۆس، کەشتییەکە سنووری ئاویی رەئس ئەخزەری لە زەریای ئەتڵەسی جێهێشتووە و بەرەو دوورگەکانی ئیسپانیا بەڕێکەوتووە.
قاسم حەتوو ناسراو بە (ئیبن حەتووتە)، گەڕیدە وڤلۆگەری ئوردنی کە لە کەشتییەکەدایە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (محەممەد عیسا) ئیدیتۆر لە بەشی عەرەبیی تۆڕی میدیایی رووداو، دوایین زانیارییەکانی نێو کەشتییەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "دواجار ناوچەی رەئس ئەخزەرمان جێهێشت، ئەوەش بووە هۆی حەسانەوەی هەمووان، بەتایبەت کە دەزانین ئەو هاوڕێیانەمان کە نەخۆش کەوتبوون، ئێستا چارەسەری پێویست وەردەگرن."
قاسم حەتوو گوتی: "دۆخی نێو کەشتییەکە ئارامە و ورەی سەرنشینان بەرزە. پێش بەڕێکەوتنمان چەند پزیشکێکی پسپۆڕ هاتنە نێو کەشتییەکە و ئێستا چاودێریی وردمان دەکەن. تاوەکو ئێستا هیچ نیشانەیەکی ڤایرۆسی (هانتا) لە کەسدا دەرنەکەوتووە."
تەندروستیی جیهانی: مەترسییەکە زۆر نییە
تێدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی (هانتا) بە شێوەیەکی بەرفراوان "هێشتا لاوازە" و دۆخەکە وەک سەرەتای سەرهەڵدانی کۆرۆنا نییە.
حکومەتی ئیسپانیا رەزامەندی نیشان داوە کە لە 11ی ئەم مانگەدا لە بەندەری (تێنێریف) پێشوازی لە کەشتییەکە بکات. مۆنیکا گارسیا، وەزیری تەندروستیی ئیسپانیاش دڵنیایی داوە کە لەنگەرگرتنی کەشتییەکە لە بەندەرەکەیاندا "هیچ مەترسییەک بۆسەر دانیشتووانی ناوچەکە دروست ناکات."
کەشتیی (هۆندیۆس)ی هۆڵەندی، نزیکەی سێ هەفتە لەمەوبەر لە ئەرجەنتینەوە بۆ جەمسەری باشوور بەڕێکەوت، بەڵام دوای 12 رۆژ گەشتەکە گۆڕا بۆ تەنگژەیەکی تەندروستی. سەرەتا گەشتیارێکی بەتەمەن گیانی لەدەستدا و دوای دوو رۆژ هاوژینەکەیشی کۆچی دوایی کرد. دوای دەرکەوتنی نیشانەکان لە کەسی سێیەم، دەرکەوت کە تووشی ڤایرۆسی (هانتا) بووە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، تاوەکو ئێستا هەشت تووشبوو بەو ڤایرۆسە لەنێو کەشتییەکەدا تۆمارکراون، کە سیانیان گیانیان لەدەستداوە و پێنجی دیکەش هەڵگری ڤایرۆسەکەن.
کەشتییەکە لە سەرەتای گەشتەکەیدا 88 گەشتیار و 59 کارمەندی لە 23 وڵاتینامەی جیاواز هەڵگرتبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ