رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، سێ تێکشکێنەری پێشکەوتووی هێزی دەریایی وڵاتەکەی لە دەریای عەرەب و نزیک ئاوەکانی ئێران جێگیرکراون، ئەوەش لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆیەکی دەریایی تووند بۆسەر تاران.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سێنتکۆم، هەریەکە لە تێکشکێنەرەکانی USS Truxtun (DDG 103)، USS Rafael Peralta (DDG 115) و USS Mason (DDG 87) لە ناوچە ستراتیژییەکانی دەریای عەرەب و کەنداوی عومان لە ئەرکدان. ئەرکی سەرەکیی ئەم کەشتییانە چاودێریکردن و رێگریکردنە لە هەر هاتوچۆیەکی بازرگانی و دەریایی کە بیەوێ بچێتە بەندەرەکانی ئێران یان لێیان بچێتە دەرەوە.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردووە کە تاوەکو ئێستا هەوڵەکانیان بۆ پەکخستنی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی ئێران ئەنجامی بەرچاوی هەبووە و 57 کەشتیی بازرگانی کە ویستوویانە گەمارۆکە بشکێنن، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە ئاراستەکانیان گۆڕدراوە و ناچار بە پاشەکشە کراون.
بەگوێرەی سێنتکۆم، 4 کەشتیی دیکە کە پابەندی ئاگادارکردنەوەکان نەبوون، لەلایەن هێزە دەریایی و ئاسمانییەکانی ئەمریکاوە پەکخراون بۆ ئەوەی نەتوانن بگەنە ئامانجەکانیان.
جێگیرکردنی ئەم کەشتییانە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بڵاویکردەوە، هێزە ئاسمانییەکانی دوو کەشتیی نەوتهەڵگری ئێرانی لە دەریای عوممان پەکخستووە.
شەوی رابردووش سوپای ئەمریکا هێرشی کردە سەر دوو کەشتی نەوتهەڵگری ئێرانی لە نزیک بەندەری جاسکی و تەنگەی هورمز، هاوکات چەند شوێنێکی دیکەشی لە کەناراوەکانی تەنیشت تەنگەکە کردە ئامانج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ