رووداو دیجیتاڵ
کییەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەڵێ، بەرپرسیارێتی ئەنجامە "زۆر سەختەکان"ی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەوانییەکان دەگرێتە ئەستۆ، کە تێیدا پارتەکەی پاشەکشەیەکی گەورەی کردووە و راستڕۆ تووندڕۆکانیش سەرکەوتنی مێژووییان تۆمارکردووە، بەڵام جەختی کردەوە کە دەستلەکارناکێشێتەوە.
رۆژی هەینی، 8ـی ئایاری 2026، کییەر ستامەر دوای راگەیاندنی بەشێک لە ئەنجامەکان کە تێیدا پارتی کار فەرمانڕەوا سەتان کورسی لەدەستداوە، رایگەیاند: "واز ناهێنم و وڵات ناخەمە ناو پشێوییەوە. ئەنجامەکان سەختن، زۆر سەختن و هیچ پەردەپۆشکردنێکی ناوێ."
بومەلەرزەی سیاسی و سەرکەوتنی نایجڵ فاراژ
ئەم هەڵبژاردنە گەورەترین تاقیکردنەوە بوو بۆ ستامەر لەو کاتەوەی لە ساڵی 2024ـەوە کە پارتی پارێزگارانی لە دەسەڵات لادا.
بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، پارتی (چاکسازیی بەریتانیا) بە سەرۆکایەتی نایجڵ فاراژ، کە پارتێکی دژە کۆچبەرە، سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێناوە و 478 کورسی ئەنجوومەنی شارەوانییەکانی بردووەتەوە، لە بەرامبەردا پارتی کار تەنیا لە ئینگلتەرا 322 کورسی لەدەستداوە.
نایجل فاراژ، سەرۆکی پارتی چاکسازی رایگەیاند، ئەم ئەنجامە "وەرچەرخانێکی مێژووییە لە سیاسەتی بەریتانیادا" و پارتەکەی ئێستا بووەتە هێزێکی نیشتمانیی جێگیر.
هۆکارەکانی شکستی پارتی کار
چاودێرانی سیاسی و راپرسییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە چەند هۆکارێک بوونەتە هۆی تووڕەیی دەنگدەران لە کییەر ستامەر، لەوانەش، شکستهێنان لە جێبەجێکردنی بەڵێنی گەشەی ئابووری و بەردەوامیی قەیرانی بژێوی و گرانیی نرخی وزە، تێوەگلانی پیتەر مەندەلسۆن، باڵیۆزی بەریتانیا لە واشنتن لە سکانداڵێکی پەیوەندیدار بە جێفری ئێپستین.
ئەم شکستە گەورەیە دەنگۆی دەستلەکارکێشانەوە یان لادانی ستامەری لە ناوخۆی پارتی کار گەرم کردووە.
میدیاکانی بەریتانیا باس لەوە دەکەن کە ئەگەر هەیە ئەنجێلا راینەر، جێگری سەرۆکوەزیران یان وێس ستریتینگ، وەزیری تەندروستی هەوڵی لادانی بدەن، بەڵام بۆ ئەوە پێویستیان بە پشتگیری 20%ـی پەرلەمانتارانی پارتەکەیان هەیە.
چاوەڕوان دەکرێت لە سکۆتلەندا و وێڵزیش پارتی کرێکاران رووبەڕووی شکستێکی هاوشێوە ببێتەوە، بەجۆرێک لە وێڵز بۆ یەکەمجار لە دوای 27 ساڵ دەسەڵات لەدەستبدات و لە سکۆتلەنداش پارتی نیشتمانیی سکۆتلەندی (SNP) پێگەی خۆی بەهێزتر بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ