نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانیی خۆی بۆ بەئەندامبوونی تەواوەتیی فەلەستین لە UN دەربڕی

10-05-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە زۆرینەی دەنگ پشتیوانیی بۆ فەلەستین دەربڕی بۆئەوەی ببێتە ئەندامی تەواو لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

ئێستا فەلەستین تەنیا وەکو چاودێر ئەندامی رێکخراوەکەیە و دەنگدانەکەی ئەمڕۆش نابێتە هۆکار بۆئەوەی ببێتە ئەندامی تەواو، چونکە ئەوە بڕیارێکە کە دەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بدرێت؛ بەڵام ئەنجوومەنەکەش بەهۆی ڤیتۆی ئەمریکاوە ناتوانێت هەنگاوی لەو شێوەیە بنێت.

رۆژی هەینی کۆمەڵەی گشتی بە 143 دەنگی بەڵێ، 9 دەنگی نەخێر و 25 دەنگی بەتاڵ پشتگیریی لە فەلەستین کرد بۆئەوەی ببێتە ئەندامی ژمارە 194ەمی نەتەوە یەکگرتووەکان.

18ی نیسان ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەو بابەتە کۆبووەوە و دەنگی دا، بەڵام ئەمریکا بە بەکارهێنانی مافی ڤیتۆ، رێگەی نەدا فەلەستینییەکان بە خەونی لەمێژینەیان بگەن.

رۆژی پێنجشەممە رۆبەرت وود، جێگری باڵیۆزی هەمیشەیی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان جەختیکردەوە کە ئیدارەی بایدن دژی ئەوەیە کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگ لەسەر بەئەندامبوونی فەلەستین بدات.

ئەمریکا و ئیسرائیل دوو لەو 9 وڵاتانە بوون کە ئەمڕۆ بە نەخێر دەنگیان دا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە