رووداو دیجیتاڵ
مایک واڵتز، نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ "هەموو دەرفەتێک" دەداتە دیپلۆماسی لەگەڵ ئێران پێش ئەوەی فەرمانی دەستپێکردنەوەی هێرشە سەربازییەکان بدات. ئەمەش لە کاتێکدایە هەردوو وڵات دوای راگەیاندنی ئاگربەستیش، هێشتا تەقە لە یەکدی دەکەن.
رۆژی یەکشەممە 10ـی ئایاری 2026، واڵتز لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (ئەی بی سی نیووز)ی وڵاتەکەی رایگەیاند: "ئەوە تەنیا لە دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپدایە وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان کە دیاری بکات چی بە پێشێلکاری هەژمار دەکرێ، کەی دەگەڕێتەوە بۆ کردەی سەربازی و تاوەکو بەردەوام بێت لە پێدانی دەرفەت بە دیپلۆماسی."
ئەم لێدوانەی واڵتز لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو ئێران و ئەمریکا لە تەنگەی هورمز تەقەیان لە یەکدی کرد. دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکدا بۆ هەمان کەناڵ، ئەو پێکدادانەی بە "تەنیا دەستوەشاندنێکی سووک" ناوبرد و گوتی، ئاگربەستەکە پێشێل نەکراوە، بەڵام تاران واشنتنی بە پێشێلکردنی ئاگربەست تۆمەتبارکرد.
لە هەمان بەرنامەدا، ئەدمیراڵی خانەنشین ویلیام مەکڕەیڤن، کە 15 ساڵ لەمەوبەر فەرماندەی ئەو ئۆپەراسیۆنە بوو کە تێیدا ئۆسامە بن لادن کوژرا، رەخنەی لە تێڕوانینەکەی واڵتز گرت و گوتی: "بێگومان ئاگربەستەکە پێشێل کراوە. راستییەکە ئەوەیە، کاتێک تەقە لە یەکدی دەکەن، ئیدی شتێک نەماوە بە ناوی ئاگربەست."
مەکڕەیڤن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پێشنیازە نوێیەی ئەمریکا کە وادەی 30 رۆژی بۆ دانوستاندنە ئەتۆمییەکان دیاریکردووە، زۆر کورتە و گوتی: "رێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 (JCPOA) زیاتر لە دوو ساڵ دانوستاندنی ویست، بۆیە بیرۆکەی گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەتۆمیی ئاڵۆز لەگەڵ ئێرانییەکان لە تەنیا 30 رۆژدا کارێکی ئەستەمە و کاتەکە زۆر کەمە."
واشنتن پێشنیازێکی رادەستی تاران کردووە و تێیدا داوای کردووە ئێران بە پلەبەندی تەنگەی هورمز بکاتەوە و ئەمریکاش لە بەرامبەردا لە 30 رۆژدا گەمارۆی سەر بەندەرەکان سووک بکات. هەرچەندە رەشنووسە یەک لاپەڕەییەکە باسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی تێدا نییە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێ لەو 30 رۆژەدا دانوستاندن لەسەر چارەنووسی یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران بکرێ.
ئیدارەی ترەمپ چەندین جار رایگەیاندووە، ئامانجی سەرەکیی ئەم جەنگە رێگریکردنە لەوەی ئێران بگاتە توانای دروستکردنی چەکی ئەتۆمی. سەرچاوە میدیاییەکانی ئێرانیش رۆژی یەکشەممە بڵاویانکردەوە، تاران لەرێگەی نێوەندگیرە پاکستانییەکانەوە وەڵامی پێشنیازەکەی ئەمریکای داوەتەوە، بەڵام وردەکارییەکەیان ئاشکرا نەکردووە.
لە بەشێکی دیکەی هەڤپەیڤینەکەدا، واڵتز رووبەڕووی پرسیارێک بووەوە سەبارەت بەو هەڕەشەیەی ترەمپ چەند هەفتەیەک لەمەوبەر کردی، کاتێک گوتی "ئەگەر لە 48 کاژێردا تەنگەی هورمز نەکرێتەوە، گەورەترین وێستگەکانی کارەبای ئێران دەکەینە ئامانج." هەرچەندە ترەمپ هەڕەشەکەی جێبەجێ نەکرد و تەنگەکەش هێشتا داخراوە، بەڵام واڵتز بەرگری لە کاتەکەی ترەمپ کرد و گوتی: "ئێمە لێرەدا باسی چارەسەرکردنی کێشەیەکی 50 ساڵە دەکەین لە 50 رۆژدا."
نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، ئێستا کار بۆ دەرکردنی بڕیارنامەیەکی نوێی نێودەوڵەتی دەکەن کە رێگری لە هەر وڵاتێک بکات رێڕۆ ئاوییە نێودەوڵەتییەکان دابخات و گوتی: "هیچ وڵاتێک مافی نییە ئەوە بکات کە ئێستا ئێران لە رێڕۆ ئاوییە نێودەوڵەتییەکاندا دەیکات."
بەپێی ئامارەکانی جەنەڕاڵ مەکڕەیڤن، ئێستا 22 هەزار و 500 دەریاوان لە نێو زیاتر لە 1550 کەشتیی بازرگانیدا لە کەنداوی عەرەبی گیریان خواردووە و بەهۆی ئاڵۆزییەکانەوە ناتوانن تێپەڕن، ئەمەش گوشارێکی گەورەی لەسەر ئابووریی جیهان دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ