وەزیری وزەی ئەمریکا: ئەگەر لەگەڵ ئێران رێکنەکەوین، بە زەبری هێز تەنگەی هورمز دەکەینەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری وزەی ئەمریکا دەڵێ، ئیدارەی تره‌مپ "بۆ هەموو بیرۆکەیەک ئامادەیە" بە مەبەستی دابەزاندنی تێچووی سووتەمەنی، لەوانەش هەڵگرتنی باجی فیدراڵیی سەر بەنزین. ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی جەنگی ئێرانەوە نرخ بە رێژەی 50% بەرزبووەوە؛ دەشڵێت، ئەگەر تەنگەی هورمز بە رێککەوتن نەکرێتەوە، ئەوا هێز بەکاردەهێنن. 
 
رۆژی یەکشەممە، 10ی ئایاری 2026، کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی NBC رایگەیاند، ئیدارەکەی پشتگیری لە هەر رێکارێک دەکات کە ببێتەهۆی دابەزاندنی نرخ بۆ ئەمریکییەکان. رایت گوتی: "ئێمە بۆ هەموو بیرۆکەکان ئامادەین"، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ پێشنیازی هەڵگرتنی 18 سەنت باجی فیدراڵی لەسەر هەر گاڵۆنێک بەنزین.
 
بەپێی داتای (یانەی ئۆتۆمبێلی ئەمریکا)، نرخی تێکڕای یەک گاڵۆن بەنزین لە ئەمریکا رۆژی یەکشەممە 4.52 دۆلار بوو، کە ئەمە بەرزبوونەوەیەکی پێوانەییە لەو کاتەوەی جەنگی ئێران لە 28ی شوبات دەستی پێکرد.
 
وەزیری وزە ئامادە نەبوو پێشبینی بکات ئایا نرخ بەربەستی پێنج دۆلار دەشکێنێت یان نا، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی ئەوان تەنیا نرخ نییە، بەڵکو کۆتاییهێنانە بە ململانێیەکی درێژخان. رایت دەڵێت: "ئەوەی ئێمە دەیکەین، کۆتاییهێنانە بە ململانێیەکی 47 ساڵە کە ئێران هەڵگیرسێنەری بووە، کە تێیدا بۆ 47 ساڵە دروشمی 'مەرگ بۆ ئەمریکا و مەرگ بۆ ئیسرائیل' بەرز دەکەنەوە."
 
کریس رایت ئاماژەی بەوەش کرد، ویلایەتە یەکگرتووەکان لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە لە رووی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی سرووشتییەوە، ئەمەش وەک کارتێکی بەهێز لە بەرامبەر تاران بەکاردەهێنن.
 
سەبارەت بە دۆخی تەنگەی هورمز و "پڕۆژەی ئازادی" بۆ پاراستنی کەشتییەکان، وەزیری وزەی ئەمریکا هۆشدارییەکی تووندی دایە تاران و رایگەیاند: "ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوودا دەرکەوت کە رێگەیەکی گونجاو بۆ رێککەوتنی دانوستاندنکارانە نییە، ئێمە دەگەڕێینەوە سەر رێگە سەربازییەکە بۆ کردنەوەی تەنگەکە."
 
رایت دەڵێ، گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران بە شێوەیەکی خێرا زیادیان کردووە، ئەوەش بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکەی ئەمریکا بۆ سەر بەندەرەکانی ئێران کە وایکردووە تاران لە داهاتی نەوت بێبەش بێت. 
 
رۆژی 28ی شوباتی ئەم ساڵ، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئێران و ئەویش بە هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و بەئامانجگرتنی ژمارەیەک ئامانج لە ئیسرائیل وەڵامیدانەوە. لە دووەم رۆژی جەنگەکەوە ئێران تەنگەی هورمزی داخست، ئەمەش نرخی بەرمیلێک نەوتی لە 72 دۆلارەوە بۆ سەروو 100 دۆلار بەرزکردەوە. 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نایجل فەراج، سەرۆکی پارتی ریفۆرمی بەریتانیا. وێنە: OLI SCARFF / AFP

پارتی ریفۆرمی بەریتانیا سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد؛ دژە کۆچبەر و لایەنگری ئیسرائیلە

پارتی ریفۆرمی بەریتانیا سەرکەوتنێکی گەورەی لە هەڵبژاردنی هەرێمی و خۆجێیی شانشینی یەکگرتوو تۆمار کرد و توانی لە پارتێکی ئۆپۆزیسیۆنی بچووکەوە ببێتە یەکێک لە گەورەترین هێزە سیاسییەکانی وڵاتەکە