رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا دەڵێ، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە رووی سەربازییەوە تێکشکاوە و هێزەکانی ئەمریکاش چاودێریی "هەموو جووڵەیەک" لە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتەدا دەکەن.
رۆژی یەکشەممە، 10ـی ئایاری 2026، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمریکا دەستی بە ناوەندە ئەتۆمییەکان و یۆرانیۆمە پیتێندراوەکەی ئێران گەیشتووە؟ دۆناڵد ترەمپ گوتی:"ئێمە لە کاتێکی گونجاودا دەستمان بەوە دەگات کە دەمانەوێ. ئێمە لە رێگەی (هێزی بۆشایی ئاسمان)ـەوە چاودێریی وردی ئەو شوێنانە دەکەین. هێزەکانمان چاودێریی هەموو شتێک دەکەن."
ترەمپ هۆشدارییەکی تووندی دا و رایگەیاند، هێزی وڵاتەکەی تەنانەت دەتوانێ ناسنامە و ناونیشانی هەر کەسێک ئاشکرا بکات کە بچێتە نێو ناوەندە ئەتۆمییەکان و گوتی: "ئێمە چاودێرییەکی زۆر وردی ئەو شوێنانە دەکەین. ئەگەر کەسێک لەو شوێنانە نزیک بێتەوە، ئێمە دەزانین و دەیکەینە ئامانج."
سەرۆکی ئەمریکا ئامادە نەبوو بڵێت ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە کۆتایی هاتووە یان نا، بەڵام ئاماژەی بەوە کرد کە ئێران "تێکشکاوە." ترەمپ گوتی: "من نەمگوتووە کارەکە تەواو بووە، بەڵکو دەڵێم ئەوان تێکشکاون. ئێمە دەتوانین بۆ دوو هەفتەی دیکەش بەردەوام بین و یەک بە یەکی ئامانجەکان بپێکین. ئێمە چەندین ئامانجی دیاریکراومان هەبوو کە تاوەکو ئێستا نزیکەی 70%ـیانمان پێکاون."
ترەمپ رایگەیاند، ئامانجی دیکەشماون کە دەکرێ بۆردوومان بکرێن، بەڵام تەنانەت ئەگەر ئەوەش نەکەن، تاران پێویستی بە چەندین ساڵ دەبێت بۆ ئەوەی بتوانێت ژێرخانە سەربازییەکەی بنیات بنێتەوە.
سەبارەت بە توانای ئێستا و رێکخستنی سوپای ئێران، ترەمپ گوتی: "ئەوان چەکیان نەماوە، راداریان نەماوە، سەرکردەیان نەماوە".
سەرۆکی ئەمریکا رەخنەی لە شێوازی مامەڵەکردنی تاران لە دانوستاندنەکاندا گرت و رایگەیاند، ئەوان "یاری دەکەن." ترەمپ گوتی: "ئەوەی لێرەدا روودەدات زۆر جێگەی سەرنجە. ئەوان رێککەوتن دەکەن و دواتر رێککەوتنەکە دەشکێنن، دووبارە رێککەوتن دەکەن و دووبارە دەیشکێننەوە."
لە کۆتایی قسەکانیدا دۆناڵد ترەمپ گوتی، رەنگە ئێرانییەکان لە ناخی خۆیاندا نەزانن کە تێکشکاون، بەڵام "لە رووی سەربازییەوە کارەکەیان تەواو بووە."
سەرۆکی ئەمریکا جارێکی دیکە هێڵە سوورەکەی واشنتنی باس کردەوە و گوتی: "ئێمە هەرگیز رێگە نادەین ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ