رووداو - هەولێر
ئاگر لە دارستانەکانی شارۆچکەی پلەیسەر لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا کەوتووەتەوە و زیاتر لە 600 خانووی شارۆچکەکە مەترسیی سووتانیان لەسەرە. بە گوێرەی ئاماری حکومەت، ئاگرکەوتنەوە لەو وڵاتە بەراورد بە 40 ساڵ پێش ئێستا 223٪ زیادیکردووە. بەو هۆیەشەوە ساڵانە نزیکەی 10 ملیار دۆلار زیان بەر ئەمریکا دەکەوێت.
راندی مۆت، بەرپرسی خزمەتگوزاریی دارستانەکان دەڵێت: "پێویستە ئەوپەڕی هەوڵی خۆمان بخەینە گەڕ تاوەکو دڵنیابین ئەو مۆدێلەی بەکاریدەهێنین لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکاندا گونجاوە، هەروەها بتوانین بە باشی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا دیاری بکەین و لە پلانەکانماندا دایبنێین".
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا، لە 2021دا 993 ملیۆن دۆلار بۆ فریاگوزاریی ئاگرکوژاندنەوە خەرجکراوە. لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە یەک ملیار و 530 ملیۆن دۆلار بۆ رێگەگرتن لە ئاگرکەوتنەوە و کوژاندنەوەی ئاگرەکان خەرجکراوە کە کالیفۆرنیا پشکی شێری ئەو بودجەیەی بەردەکەوێت.
ئاژانسی ئاگرکەوتنەوەی کالیفۆرنیا دەڵێت، تەنیا ئەمساڵ 6,173 رووداوی ئاگرکەوتنەوە هەبوون. 440 هەزار و 529 دۆنم زەوی سووتاوە و بەو هۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە؛ هاوکات 627 خانووش وێران بوون و 83ی دیکەش زیانیان بەرکەوتووە.
ئاگرەکەی شارۆچکەی ئێل دۆرادۆ و پلەیسەر کە سەر بە شاری ساکرامێنتۆی کالیفۆرنیان، بە یەکێک لە مەترسیدارترین ئاگرەکانی ئەمساڵ دادەنرێت.
ئاژانسی ئاگرکەوتنەوەی کالیفۆرنیا دەڵێت، ئاگرەکە 20 هەزار و 800 دۆنم زەوی سووتاندووە. هاوکات مەترسییە بۆ 3,600 ماڵ و نزیکەی 4000 هاووڵاتیشی ناچارکردووە ماڵەکانیان جێبهێڵن.
کالیفۆرنیا، تەکساس، کۆلۆرادۆ و ئاریزۆنا چوار سەرەکیترین ویلایەتی ئەمریکان کە زۆر ئاگریان تێدا دەکەوێتەوە؛ وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتەش دەڵێت، 90٪ی ئاگرەکان بە ئەنقەست دەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ