بەرهەم ساڵح لە یەکەم گەشتیدا وەک کۆمیسیاری باڵا: نابێت ئاوارەیی بۆ چەندین دەیەی دیکە بەردەوام بێت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەرهەم ساڵح، کۆمیسیاری باڵای نوێی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR)، لە یەکەم گەشتی فەرمیی خۆیدا دوای دەستبەکاربوونی، سەردانی کەمپی پەنابەرانی (کاکوما)ـی کرد لە کینیا. بەرهەم ساڵح لەوێوە پەیامێکی ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد و رایگەیاند، یارمەتیدانی ئاوارەکان تەنیا کارێکی مرۆیی نییە، بەڵکو "بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاسایی گەورەیە".
 
بەرهەم ساڵح کە لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2022 سەرۆککۆماری عێراق بووە، ئاماژەی بەوە کرد وەک پەنابەرێکی پێشوو (کە لە ساڵی 1979 بەریتانیای وەک پەناگە هەڵبژاردبوو)، بە باشی لە واتای پاراستن و رەخساندنی دەرفەت بۆ پەنابەران تێدەگات. کۆمیسیارە کوردەکە گوتی: "ئەم جیهانەی تێیدا دەژین، نابێت رێگە بدات خەڵک بۆ ماوەی 10 ساڵ یان زیاتر لە ئاوارەییدا بمێننەوە، پێویستە ئەم دۆخە کۆتایی بێت."
 
کۆمیسیاری نوێی پەنابەران پەیامێکی روونی ئاراستەی پەنابەران کرد و جەختی کردەوە، ئەوان لە "چەقی کارەکانی رێکخراوەکەدان." بەرهەم ساڵح رایگەیاند، کارە لەپێشینەکانی ئەو بریتین لە دۆزینەوەی "چارەسەری بەردەوام" و تێکەڵکردنی پەنابەران لە ناو کۆمەڵگەدا، نەک تەنیا بەستنەوەیان بە هاوکاریی مرۆییەوە. سەرۆککۆماری پێشووی عێراق گوتی: "دەبێت پەنابەران بەهێز بکرێن بۆ ئەوەی لەو بازنەی پشتبەستنە بە هاوکارییە مرۆییەکان رزگاریان بێت و بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناو کەمپەکاندا گیر نەخۆن."
 
چاکسازی لە ناو (UNHCR)
 
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی رێکخراوەکە، بەرهەم ساڵح دانی بەوەدا نا کە (UNHCR) رووبەڕووی ئاڵنگاری زۆر سەخت بووەتەوە، بە تایبەتی دوای ئەوەی پار بودجەکەی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکرایەوە و ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندەکانی لادران. بەرهەم ساڵح جەختی لەسەر پێویستیی "چاکسازی، گۆڕانکاری و کارایی زیاتر" لە ناو رێکخراوەکەدا کردەوە بۆ ئەوەی بە لێپرسینەوەیەکی زیاترەوە خزمەتگوزارییەکان پێشکەش بکرێن.
 
لە کۆتایی سەردانەکەیدا، بەرهەم ساڵح ستایشی حکومەت و گەلی کینیای کرد و ئەو وڵاتەی وەک "کۆڵەکەیەکی پاراستن" لە ناوچەیەکی پڕ لە کێشەدا وەسف کرد؛ دەستخۆشی لە پارێزگاری (تورکانا) کرد بۆ تێکەڵکردنی پەنابەران لە ناو سیستمە یاسایی و داراییەکان و بازاڕی کاردا و رایگەیاند، ئەم نموونەیە جێگەی سەرنجی هەموو جیهانە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە