رووداو دیجیتاڵ
گەڕێکی دیکەی دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت. ئەم کۆبوونەوەیە پێدەچێت دوایین کۆبوونەوەی ئەمریکا و ئێران بێت لەبارەی پرسی ئەتۆمی. ئەمریکا دەڵێت، ئەگەر دیپلۆماسی سەرکەوتوو نەبێت، واشنتن بژاردەی زۆری هەیە تاوەکو رێگری لە ئێران بکات ببێتە خاوەنی ئەو چەکە، بەڵام لێرە لە کۆنگرێسیش، نیگەرانی زۆر هەیە بەرامبەر بە بژاردەکانی بەردەم دۆناڵد ترەمپ و ئیدارەکەی، کۆنگرێس داوا لە ئیدارە دەکات، ئەگەر بژاردەی سەربازی دەگرێتەبەر، دەبێت سەرەتا رەزامەندی کۆنگرێس وەربگرێت و زانیاری وردیان پێشکێش بکات.
لە کۆنگرێس، بۆچوونەکان لەبارەی بژاردەی سەربازی بەرامبەر بە ئێران دابەشبوونە، بەڵام هەموویان کۆکن لەسەر ئەوەی نابێت رێگە بە ئێران بدرێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی، بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی کۆنگرێسیش، رۆژی سێشەممە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەک ئەندامی باڵای هەردوو پارتەکە لە کۆنگرێس کۆبووەوە، یەکێک لە بەشداربووانی کۆبوونەوەکەش سێناتۆر، جۆن سەین، سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکان بوو لە ئەنجوومەنی پیران.
سێناتۆر جۆن سەین، سەرۆکی زۆرینەی کۆمارییەکان لە سێناتی ئەمریکا بە رووداوی گوت، "پێموایە ئیدارە خۆی بۆ چەند سیناریۆیەکی جیاواز ئامادە دەکات، پێشموایە پێویستە ئەم کارە بکەن، ئەوەی لەو ناوچەیە روودەدات، پەیوەستە بە رەهەندی گرنگی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا".
کۆمارییەکان ئەگەر نیگەرانیشیان هەبێت بەرامبەر بە بژاردەی سەربازی، کەمتر لە میدیاکان لە دژی دەوەستن، بەڵام دیموکراتەکان نیگەرانن لەو بژاردەیە و لەدوای کۆبوونەوە داخراوەکەی کۆشکی سپیش، لە نێوان مارکۆ روبیۆ و ئەندامە باڵاکانی کۆنگرێس، دیموکراتەکان گوتیان، کۆبوونەوەکە بۆنی شەڕی لێ دەهات.
سێناتۆر چەک شومەر، سەرۆکی کەمینە دیموکراتەکان لە سێناتی ئەمریکا لەوبارەوە دەڵێت، "ئەمە پرسێکی جیدییە، ئیدارەی ئەمریکاش دەبێت بەڵگە و روونکردنەوە بە خەڵکی ئەمریکا بدات.''
کۆنگرێس داوای لە ئیدارە کردووە، بەبێ وەرگرتنی رەزمەندی کۆنگرێس، هیچ جەنگێک لەگەڵ ئێران بەرپا نەکات، چونکە بڕیاری جەنگ لە دەسەڵاتی کۆنگرێسدایە، کۆشکی سپی و ئیدارەش دەڵێن، ئێمە بژاردەی دیپلۆماسیمان پێ باشترە، بەڵام ئەگەر ئێران دیپلۆماسی رەتبکاتەوە، هەموو بژاردەکانی دیکە بۆ ئێران زۆر خراپ دەبن و دوودلنابین لە گرتنەبەری بژاردەی سەربازیش.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ