گەڕی سێیەمی دانوستاندنی ئەمریکا و ئێران لە جنێڤ کۆتاییهات؛ 'هەفتەی داهاتوو لە ڤیێنا کۆدەبنەوە'

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
 
 
رووداو دیجیتاڵ 

بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان رایگەیاند، دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانی نێوان تاران و واشنتن لە شاری جنێڤی سویسرا بە پێشکەوتنێکی بەرچاو کۆتاییان هاتووە. بوسەعیدی ئاشکرای کرد، بۆ تەواوکردنی پڕۆسەکە، بڕیار وایە هەفتەی داهاتوو گفتوگۆکان لەسەر ئاستی تەکنیکی لە شاری ڤییەنا بەردەوام بن.
 
'پێشکەوتنێکی بێوێنە'
 
رۆژی پێنجشەممە، وەزیری دەرەوەی عومان کە وەک نێوەندگیر لە نێوان هەردوو شاندەکەدا کار دەکات، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: "ئێمە رۆژەکەمان بە پێشکەوتنێکی گرنگ لە دانوستاندنەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێراندا کۆتایی پێهێنا." وەزیری دەرەوەی عومان ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوولا لە دانیشتنەکانی ئەمرۆدا "کراوەییەکی بێوێنەیان بۆ بیرۆکە و چارەسەری نوێ" نیشان داوە تاوەکو رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگ بکەن.
 
داواکارییە تووندەکانی ئەمریکا
 
لەگەڵ ئەم گەشبینییە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرنەڵ (WSJ) ئاشکرای کردووە، شاندی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر، مەرجی زۆر توندیان خستووەتە بەردەم عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران. بەپێی رۆژنامەکە، واشنتن داوا دەکات ئێران هەرسێ بنکە ئەتۆمییە سەرەکییەکەی هەڵوەشێنێتەوە و هەموو پاشەکەوتی یۆرانیۆمی پیتێنراوی رادەستی ئەمریکا بکات.
 
ئەم دانوستاندنانە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچن کە ئەمریکا گەورەترین هێزی سەربازیی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بڵاوە پێکردووە. ئەمڕۆ کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جێراڵد فۆرد، بنکەی دەریایی (کریت)ـی لە یۆنان جێهێشتووە بۆ ئەوەی پەیوەندی بە کەشتیی ئەبراهام لینکنەوە بکات. ئێستا واشنتن زیاتر لە 12 کەشتیی جەنگیی و دەیان فڕۆکەی پێشکەوتووی لە ناوچەکەدا جێگیر کردووە وەک هۆشدارییەک بۆ تاران.
 
تۆمەتەکانی ترەمپ و وەڵامی تاران
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتاری ساڵانەی خۆیدا لە کۆنگرێس ئێرانی بە "تەماحی ئەتۆمیی شەڕانگێزانە" تۆمەتبار کرد و بانگەشەی کرد، تاران خەریکی دروستکردنی مووشەکی کیشوەر بڕە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئەم قسانەی بە "درۆی گەورە" وەسف کرد. مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش، جەختی کردەوە رەتکردنەوەی ئێران بۆ گفتوگۆ لەسەر بەرنامە مووشەکییەکەی "کێشەیەکی زۆر گەورەیە."
 
دەنگی شەقام و ترسی جەنگ
 
لە ناوخۆی ئێرانیش، خەڵک بە گومانەوە سەیری داهاتوو دەکەن. تەیبە، کە ژنێکی ماڵەوەی تەمەن 60 ساڵە لە تاران گوتی: "خەڵک ئێستا بەدەست گرانی و برسییەتییەوە دەناڵێنن، بەڵام لانیکەم بە جەنگ چارەنووسمان روون دەبێتەوە."
 
ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر کۆبوونەوەکانی هەفتەی داهاتووی ڤییەنایە، کە بڕیارە رەشنووسی رێککەوتنە ئەگەرییەکەی تێدا تاوتوێ بکرێت، لە کاتێکدا تەنیا چەند رۆژێک لەو مۆڵەتە 15 رۆژییە ماوە کە ترەمپ بە تارانی دابوو.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەشتیی جێراڵد فۆرد گەورەترین کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جیهان. وێنەکە: هێزی دەریایی ئەمریکا

واشنتن گەورەترین هێزی کۆکردووەتەوە و لەگەڵ تارانیش لەدانوستاندایە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، شاندی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری جنێڤی سویسرا دەستیان بە گەڕێکی نوێی دانوستاندنەکان کرد، کە وەک "دواین هەوڵ" بۆ رێگری لە هەڵگیرسانی جەنگ وەسف دەکرێت.