رووداو دیجیتاڵ
رۆژی 24ـی مانگی رابردوو رووسیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی بۆسەر ئۆکراینا دەستپێکرد و لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا گۆڕانکاری زۆر روویداوە.
بەرپرسانی رووسیا و بەشی زۆری وڵاتانی رۆژئاوا ترسی ئەوەیان هەیە سوپای رووسیا گەمارۆی کیێڤ بدات. چەند رۆژێکە سوپای رووسیا لە بەرەکانی باکوور و رۆژئاوای پایتەختەوە هێرشەکانی زیاد کردووە و پێشڕەویشی کردووە.
بەشداریکردنی چەکدارانی سووریا لە شەڕەکەدا
کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا دەڵێت، سوورییەکان دەتوانن خۆبەخشانە شەڕ بۆ رووسیا لەنێو ئۆکراینادا بکەن، ئەوەش دوای ئەوەی ڤلادیمیر پووتین پاڵپشتی لەو پلانە کرد کە رێگە دەدات چەکداری خۆبەخش لە شەڕەکەدا بەشداربن. وەزارەتی بەرگریی رووسیا دەڵێت، نزیکەی 16 هەزار خۆبەخش کە زۆرینەیان خەڵکی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن ئامادەییان دەربڕیووە بۆ ئەوەی شانبەشانی هێزەکانی رووسیا لەنێو ئۆکراینا شەڕ بکەن.
بۆردوومانکردنی خانەی پێداویستیی تایبەت
بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، رۆژی هەینی 11-3-2022 باخچەیەکی ساوایان و شوقەیەک لەنێو شاری دنیپرۆی نێوەڕاستی ئۆکراینا بۆردوومانکران و لە ئەنجامدا لانیکەم کەسێک کوژرا. هەر ئەمڕۆ خانەیەکی پێداویستیی تایبەت لە نزیک خارکیڤ کرایە ئامانج. بەرپرسانی ئۆکراینا دەڵێن، لە کاتی بۆردوومانەکەدا 330 کەس لە خانەکەدا بوون.
هێرشکردنە سەر کاروانێکی مرۆیی
ڤۆلۆدێمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، ژمارەیەک ئۆتۆمبێل کە خواردن و دەرمانیان بۆ شاری ماریۆپۆلی باشووری وڵات دەگواستەوە لە لایەن تانکەکانی رووسیاوە کراونەتە ئامانج. ماریۆپۆل ماوەی 11 رۆژە بێ ئاو و کارەبایە و سەرۆک شارەوانییەکەیشی دەڵێت، هەر "30 خولەک جارێک" شارەکەی تۆپباران دەکرێت و بەو هۆیەوەش تاوەکو ئێستا 1200 هاووڵاتی سڤیل گیانیان لەدەستداوە.
مۆسکۆ: ئۆکراینا هێرشی سەر نەخۆشخانەکەی ئەنجامداوە
سوپای رووسیا رەتیدەکاتەوە ئەو هێرشەی کرایە سەر نەخۆشخانەی منداڵانی ماریۆپۆل لەلایەن ئەوانەوە ئەنجامدرا بێت.
هێرشەکە رۆژی چوارشەممە 9-3-2022 ئەنجامدرا و ئەوەش کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەدوادا هات. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی دەڵێت، لە دەستپێکی هێرشەکەوە 24 هێرش کراونەتە سەر نەخۆشخانە و دامەزراوە تەندروستییەکانی دیکە و بەو هۆیەوە 12 کەس گیانیان لەدەستداوە و 17 کەسی دیکەش برینداربوون.
کوژرانی دەیان منداڵ
حکومەتی ئۆکراینا دەڵێت، لە دەستپێکی هێرشەکەوە لانیکەم 17 منداڵ کوژراون و زیاد لە 100 منداڵی دیکە بریندار بوون. نەتەوەیەکگرتووەکان دەڵێت، 41 منداڵ کوژراون.
گواستنەوەی زیاتر لە 100 هەزار کەس
ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا دەڵێت، لە ماوەی دوو رۆژدا نزیکەی 100 هەزار کەس لە ناوچەکانی دەوروبەری کیێڤ، سومی و ئایزوم گوێزراونەتەوە.
شەڕی کۆنتڕۆڵکردنی شارەکان
سوپای ئۆکراینا دەڵێت، هێرشی رووسیا بۆ کۆنترۆڵکردنی شارەکانی چێرنیهیڤ لە باکووری وڵات و خارکیڤ و سیڤرۆدۆنێتسک لە رۆژهەڵاتی وڵات چڕبوونەتەوە و بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانیش ژمارەیەک سەربازی ئۆکراینی کوژراون.
ئەنجوومەنی ئاسایش کۆدەبێتەوە
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی کاژێر 7ـی ئێوارە بە کاتی هەولێر کۆدەبێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی رووسیا رایگەیاند کە چەکی بایۆلۆجی لە ئۆکراینا دروستدەکرێت، تۆمەتێک کە واشنتن و کیێڤ رەتیدەکەنەوە. واشنتن دەڵێت، ئەو تۆمەتەی مۆسکۆ واتای ئەوەیە دەکرێت سوپای رووسیا بەمنزیکانە ئەو جۆرە چەکە بەکاربهێنێت.
سەپاندنی سزای زیاتر بەسەر رووسیا
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکان دەڵێن، دەکرێت سزای زیاتر بەسەر مۆسکۆدا بسەپێنن، چونکە وەک وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا دەڵێت: "وا دیارە ئەو کارە قێزەونانەی بەرامبەر هاووڵاتییانی سڤیل ئەنجامدەدرێن زیاتر دەبن".
یارمەتی زیاتر بۆ ئۆکراینا
بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، هاوپەیمانە ئەوروپییەکە پلانی هەیە بایی 500 ملیۆن یۆرۆی دیکە پێداویستیی سەربازی رەوانەی ئۆکراینا بکات و بەو جۆرەش قەبارەی ئەو یارمەتییە سەربازییەی یەکێتیی ئەوروپا لە سەرەتای شەڕەکەوە پێشکێشی ئەو وڵاتەی کردووە دەگاتە بایی نزیکەی 1 ملیار دۆلار.
ئۆکراینا و بە ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا
بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێن، ناکرێت ئۆکراینا لە ماوەیەکی کورتدا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانییەکەیان. مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا گوتی: "ئەگەر ئۆکراینا ببێتە ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا، ئەوا ماوەیەکی زۆری دەوێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ