رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی پاکستان لەبارەی دەستپێکردنی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمریکا لە وڵاتەکەی رایگەیاند، ئەم گفتوگۆیانە لە ساتێکی "چارەنووسسازدا" بەڕێوەدەچن کە دەکرێ بە قۆناخی "یەکلاییکەرەوە" ناوببرێ.
شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان لە پەیامێکی تەلەڤیزیۆنیدا بۆ هاووڵاتییانی وڵاتەکەی رایگەیاند: "شاندەکانی ئێران و ئەمریکا دەگەنە ئیسلامئاباد بۆ دانوستاندن کە ئامانج لێی دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی بەردەوامە لە ناوچەکەدا."
سەرۆکوەزیرانی پاکستان سوپاسی سەرکردایەتیی هەردوو وڵاتی کرد کە لەسەر داوای ئەو، رەزامەندییان نیشاندا بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و دەستپێکردنی گفتوگۆکان. شەهباز شەریف گوتی، ئەم دانوستاندنە بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئاڵۆزەکانە، ئەمەش ئەو قۆناخەیە کە پێی دەگوترێ یەکلاییکەرەوە.
حکومەتی پاکستان جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەموو هەوڵێکی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی دەخاتەگەڕ و داوای لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەیشی کرد نزای سەرکەوتن بۆ دانوستاندنەکان بکەن.
دۆناڵد ترەمپ جێگرەکەی خۆی راسپاردووە بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەک بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کە 6 هەفتە لەگەڵ ئێران بەردەوام بوو. ئەم هەنگاوەی ترەمپ لەکاتێکدایە کە پێشتر هەڕەشەی "سڕینەوەی تەواوی شارستانییەتی ئێران"ـی کردبوو.
جگە لە جەی دی ڤانس، شاندەکەی ئەمریکا هەریەک لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و جارید کوشنەر، راوێژکاری ترەمپ لەخۆدەگرێ. هەروها براد کوپەر، فەرماندەی سێنتکۆمیش بەشدار دەبێت.
ویتکۆف پێشتر بەشداری لە سێ خولی دانوستاندنی ناڕاستەوخۆدا کردبوو کە ئامانج لێیان رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی واشنتن بوو سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمی، مووشەکی بالیستی و گرووپە بریکارەکانی ئێران، پێش ئەوەی لە 28ـی شوباتدا ئەمریکا و ئیسرائیل جەنگ دژی ئێران رابگەیێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ