رووداو دیجیتاڵ
دکتۆر جوان سەلمان، لە زانکۆی ئەمستەردام توێژینەوەیەکی لەسەر سیستمی پەروەردەی بنەڕەتیی، بەتایبەتی پەروەردەی کەسانی خاوەن پیداویستی تایبەت لە هەرێمی کوردستان کردووە. کارەکە لەژێر چاودێریی دوو پرۆفیسۆری هۆڵەندیدا کراوە و ئەنجامگیریی سەرنجڕاکێشی تێدایە.
دکتۆر جوان سەلمان لە ستۆدیۆ میوانی دیاسپۆرا بوو، لەبارەی توێژینەوەکەی رایگەیاند، توێژینەوەکەی بەشێکە لەو هەوڵانەی کە هەموو کەسێکی ئەکادیمیستی کورد لە ئەوروپا دەیەوێت سوودێک لە بوارەکەی خۆی بە هەرێمی کوردستان بگەیێنێت.
جوان سەلمان روونیکردەوە، ئەو بە چاوێکی جوان سەیری هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "هەرچەند من لە کوردستان خوێندوومە، بەڵام کە هاتمە هۆڵەندا درێژەم پێدا و بەکالۆریۆس و ماستەر و دکتۆرام لێرە بەدەستهێنا، ئێستا بەرەو پرۆفیسۆریی هەنگاو دەنێم، دوای ئەوەی ماوەیەک گەڕامەوە هەرێمی کوردستان و دوو ساڵ لە زانکۆی سلێمانی وانەم گوتەوە بۆم دەرکەوت پرۆسەی پەروەردە لە هەرێمی کوردستان کەموکوڕی زۆر تێدایە، بەتایبەتی بۆ کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەمە وای لێکردم بگەڕێمەوە هۆڵەندا و دکتۆراکەم لەو بوارە بەدەستبێنم".
جوان سەلمان باس لەوە دەکات، بۆی دەرکەوتووە، نزیکبوونەوەی زۆر هەیە لە خوێندنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە هۆڵەندا، "بەهۆی ئەوەی ناتوانین هەرێمی کوردستان لە عێراق جیابکەینەوە و هێشتا بەشێکە لەو وڵاتە، بۆیە لێکۆڵینەوەیەکی وردم سەبارەت بە پرۆسەی خوێندن بە گشتی لە وڵاتەکەدا کرد لە ماوەی چەندین ساڵی پێشوو تاوەکو ئەمڕۆ، لە کۆتاییدا چەند خاڵێکی نێگەتیڤ و پۆزەتیڤم بۆ دەرکەوت، یەکێک لەوانە جیۆگرافیای ئەم وڵاتەیە کە رێگرە لەوەی هەندێ کار بکرێت، بەڵام بەو هۆیەوە ناکرێت، ئەوەی کە زیاتر سەرنجمان خستەسەر خوێندنی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بوو، بۆمان دەرکەوت کە خوێندنی ئەوان لە هەرێمی کوردستان لە چاو هۆڵەندا نزیکبوونەوەیەکی زۆر هەیە، ئەمە خاڵێکی پۆزەتیڤ بوو، خاڵێکی دیکەی نێگەتیڤ ئەوەیە لە داهاتی نەوت کە سوودی لێوەرنەگیراوە بۆ ئەوەی پەرە بە بواری پەروەردەیی بدرێت لە عێراق، کە خۆی خاڵێکی نێگەتیڤە بۆ گەندەڵکاران".
جوان سەلمان گەشبینە بە سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان، بەڵام پێی وایە کێشەیەک هەیە.
ئەو دەڵێت، "کێشەکە ئەوەیە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2013 جاڕنامەی نەتەوەیەکگرتووەکانی واژۆکرد و ئەمەش کارێکی باشە کە کوردستان و عێراق ناچار دەکات گرنگی زۆر بە پەروەردە بدەن، بەتایبەت پەروەردەی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت کە لە بەرامبەردا پارەیەکی زۆر وەرگیراوە، بەڵام پەلەیان کرد، چونکە ئامادەنەبوون و زەمینە سازنەکرابوو، لە کاتێکدا هەر دوو ساڵ و چوار ساڵ جارێک نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵسەنگاندن بۆ پەروەردە دەکەن ئاخۆ چی کراوە و چی نەکراوە، لەکاتێکدا شتی زۆر نەکراوە و رێککەوتنەکە بە تەواوی جێبەجێنەکراوە، ئەمە خاڵێکی دیکەی نێگەتیڤە، سەیرکە هۆڵەندا بەو هەموو توانایەوە ئینجا لە ساڵی 2016 جاڕنامەکەی واژۆکرد".
جوان سەلمان گوتیشی، سیستمی پەروەردەی هەرێمی کوردستان خاڵی ئەرێنی و نەرێنی تێدایە، یەکێک لەو خاڵانە هێنان و جێبەجێکردنی سیستمێکی پەروەردەیی ئەسکەندەناڤیایە کە خاڵێکی ئەرێنی زۆر باشە، بەڵام ئایا هەلومەرجەکان لەباربوون و هەموو رێککارەکانی پێش جێبەجێکردنی ئەو سیستمە ئامادەکرابوون؟ لەکاتێکدا جێبەجێکردنەکە زۆری دەویست، بۆ نموونە مامۆستایەک کە بەکالۆریۆسی پێدراوە ئامادەیە بۆ پەروەردەی تایبەت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بۆیە دەکرا هەلومەرجەکان بەتەواوی پیادەکرابان، ئینجا دەست بە جێبەجێکردنی کرابایە، بۆیە ئەمە خاڵیکی نێگەتیڤ بوو".
جوان سەلمان ئاماژەی بەوەدا بەهۆی ئەوەی خۆی توێژینەوەکەی بە زمانی هۆڵەندی نووسیوە لە ماوەیەکەی کورتدا توێژینەوەکەی بە زمانی کوردی بڵاودەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ