رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای رووسیا لە نێو باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە قوبرس بە مردوویی دۆزرایەوە. پۆلیس دەڵێت هۆکاری مردنەکەی "سرووشتی نەبووە" و گومان دەکرێت خۆی کوشتبێت.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی قوبرس رایگەیاند، تەرمی بەرپرسەکە لە نێو باڵەخانەی باڵیۆزخانە لە شاری نیکۆسیا دۆزراوەتەوە. ئەنجامی سەرەتایی توێکاریی پزیشکی دەریخستووە هۆکاری مردنەکەی سرووشتی نەبووە و لێکۆڵینەوەکان ئاماژە بە "خۆکوشتن" دەکەن.
بەگوێرەی میدیاکانی قوبرس، تەرمی ئەو بەرپرسە (کە ناوەکەی ئاشکرا نەکراوە) رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەنێو نووسینگەکەیدا دۆزراوەتەوە. دوای ئاگادارکردنەوەیان، تیمێکی پۆلیس چوونەتە شوێنەکە، بەڵام بەهۆی "پارێزبەندیی دیپلۆماسی" رێگەیان پێنەدراوە بچنە نێو باڵەخانەکە بۆ لێکۆڵینەوە.
تەرمەکە لە گۆڕەپانی دەرەوەی باڵیۆزخانەکە رادەستی پۆلیسی قوبرس کراوە بۆ رێکارەکان. بەرپرسێکی پۆلیس دەڵێت: "تەرمێک لەنێو باڵەخانەکەدا دۆزراوەتەوە، بەڵام بەهۆی هەستیاریی دۆخەکە و یاسا دیپلۆماسییەکان، هەر لێپرسینەوەیەک دەبێت ئاراستەی خودی باڵیۆزخانەکە بکرێت."
رۆژنامەی 'فیلیلێفتێرۆس'ـی قوبرسی بڵاویکردەوە، باڵیۆزخانەی رووسیا بە پۆلیسی راگەیاندووە کە ئەو هاووڵاتییە "خۆی کوشتووە و نامەیەکی ماڵئاوایی لەدوای خۆی بەجێهێشتووە."
بەپێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە، ناوەڕۆکی نامەکە رادەستی دەسەڵاتدارانی قوبرس نەکراوە و باڵیۆزخانەکە راستەوخۆ "نامەکەی بۆ مۆسکۆ ناردووەتەوە."
باس لەوەش دەکرێت، دەسەڵاتدارانی قوبرس "چەندین کاژێر دوای روودانی مردنەکە" ئاگادارکراونەتەوە. ئێستا وەزارەتی دەرەوەی قوبرس لە نزیکەوە چاودێریی دۆسیەکە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ