یەکێتیی ئەورووپا: کاتی گفتوگۆ لەگەڵ پووتین نەهاتووە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا رایگەیاند، هێشتا مەرجەکان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ڤلادیمیر پووتین لەبارەی جەنگی ئۆکرانیا بەدینەهاتوون؛ ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ سەرکردەکانی فەرەنسا و ئیتاڵیا کە داوای دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان دەکەن.
 
رۆژی دووشەممە، 12-01-2026، پاولا پینهۆ، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا سەبارەت بە ئەگەری گفتوگۆکردن لەگەڵ سەرۆکی رووسیا گوتی: "ئێمە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو قۆناخە، بەڵام لە کاتێکی دیاریکراودا، هیوادارین بە راستی گفتوگۆی لەو شێوەیە هەبێت کە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی ئاشتی لە ئۆکرانیا."
 
بە گوتەی پینهۆ، لەسەر پرسی گفتوگۆ "کاری زۆر دەکرێت"، بەڵام هۆکارەکەی بۆ هەڵوێستی مۆسکۆ گەڕاندەوە و گوتی: "بەداخەوە، ئێمە هیچ ئاماژەیەک لەلایەن سەرۆک پووتینەوە نابینین بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆکاندا."
 
لێدوانەکەی برۆکسل دوای ئەوە دێت، جۆرجیا مێلۆنی، سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا رۆژی هەینی رایگەیاند، "کاتەکە هاتووە" بۆ ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا دیالۆگ لە ئاستی باڵا لەگەڵ رووسیا دەستپێبکاتەوە و پێشنیازیشی کرد نوێنەرێکی تایبەت بۆ گفتوگۆکان دیاری بکرێت.
 
پێشتریش ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە مانگی کانوونی یەکەمدا گوتبووی، پێویستە ئەورووپا لە "هەفتەکانی داهاتوودا" چوارچێوەیەک بۆ پەیوەندیکردن بە کرێملین بدۆزێتەوە.
 
داواکارییەکانی ئەم دوو هێزە کاریگەرەی نێو یەکێتیی ئەورووپا لە کاتێکدایە، کیشوەرەکە هەوڵ دەدات کاریگەریی خۆی بەسەر ئەو هەوڵانەدا زیاد بکات کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی رووسیا و ئۆکرانیا سەرکردایەتییان دەکات.
 
ترەمپ چەندینجار لەگەڵ پووتین قسەی کردووە و دانوستاندنکارانی ئەمریکاش چەندین خولی گفتوگۆیان لەگەڵ هاوتاکانیان لە مۆسکۆ کردووە.
 
ئێستا ئەورووپا و ئۆکرانیا سەرقاڵی داڕشتنی پێشنیازێکی نوێی ئاشتین لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکان کە زیاتر بۆ کیێڤ جێگەی قبووڵ بێت.
 
هەر هەوڵێک بۆ قسەکردن لەگەڵ پووتین، ئەگەری هەیە رووبەڕووی دژایەتیی تووندی ئەو وڵاتانە ببێتتەوە کە دەکەونە سەر سنووری رۆژهەڵاتی یەکێتییەکە و بە قووڵی لە مامەڵەکردن لەگەڵ رووسیا بەگومانن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا

ترەمپ هەڕەشە لە کوبا دەکات: رێککەوتن بکەن پێش ئەوەی کار لە کار بترازێت

سەرۆکی ئەمریکا داوا لە کوبا دەکات بە زوویی لەگەڵ واشنتن رێکبکەوێت، ئەگەرنا "هیچ پارە و نەوتێکی" دەستناکەوێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلا و هاوپەیمانی سەرەکیی کوبا لە ئۆپەراسیۆنێکی هێزەکانی ئەمریکادا دەستگیر کرا