رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە دووەم گرووپی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکانی راگەیاندووە، ئامادەکاری بکەن بۆ بڵاوەپێکردن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گوشارەکانی بۆ سەر تاران چڕکردووەتەوە تاوەکو ناچاری بکات رێککەوتنێکی نوێ سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی واژۆ بکات.
بەپێی زانیارییەکانی سێ بەرپرسی ئەمریکی بۆ رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، پێنتاگۆن خۆی بۆ ئەگەری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران ئامادە دەکات ئەگەر دانوستاندنەکان بگەنە بنبەست. رۆژی سێشەممە، سەرۆک ترەمپ رایگەیاند، تاوتوێی ناردنی دووەم فڕۆکەهەڵگر دەکات بۆ ناوچەکە و ئاماژەی بەوە کرد، فەرمانی فەرمی رەنگە تەنیا لە ماوەی چەند کاتژمێرێکدا دەربچێت.
ئامادەکارییە سەربازییەکان
بەرپرسان ئاماژەیان بەوە کردووە ئەگەر بڕیارەکە بدرێت، کەشتیی جەنگی "یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیوو بوش" (USS George H.W. Bush) کە ئێستا لە کەناراوەکانی ڤێرجینیا مەشق دەکات، رەوانە دەکرێت و لە ماوەی دوو هەفتەدا دەگاتە شوێنی مەبەست. ئەم کەشتییە دەچێتە پاڵ فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکن" کە ئێستا لە ناوچەکەیە.
لە ئاداری 2025یش ئەمریکا لە یەک کاتدا دوو فڕۆکەهەڵگری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبوو، کە ئەوکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی حوسییەکانی یەمەن بوو.
دانوستاندن یان بژاردەی سەربازی؟
ئەم پەرەسەندنە سەربازییانە دوای کۆبوونەوەی رۆژی چوارشەممەی دۆناڵد ترەمپ و بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دێت لە کۆشکی سپی. ترەمپ لە پۆستێکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دوای کۆبوونەوەکە گوتی: "پێداگریم کرد لەسەر بەردەوامی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بۆ ئەوەی بزانین رێککەوتن دەکرێت یان نا. بە ناتانیاهووم راگەیاند، بژاردەی یەکەمی ئێمە رێککەوتنە، بەڵام ئەگەر نەکرێت، ئەوا دەبێت چاوەڕوانی ئەنجامەکان بین."
سەرەڕای زیادکردنی هێزەکان و سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە ناوچەکە، ترەمپ رۆژی هەینی بە رۆژنامەڤانانی گوت: "کاتێکی زۆرمان لەبەردەستە و پەلەمان نییە، ئێستا دانوستاندنی باشمان لەگەڵ ئێراندا هەیە."
دوای ئەوەی ترەمپ لە نێوەڕاستی مانگی کانوونی دووەمدا لە بڕیاری هێرشکردنە سەر ئێران پاشەکشەی کرد (کە بڕیاربوو وەک وەڵامێک بێت بۆ سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە ئێران)، بەگوێرەی میدیای ئەمریکا، ئەو داوای بژاردەی "یەکلاکەرەوەتر"ی لە سوپای وڵاتەکەی کردووە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاران لە قۆناخی داهاتوودا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ