رووداو دیجیتاڵ
بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا خەریکە دۆخێک دروست دەکات کە رەنگە ببێتە هۆی بەدەستهێنانی "رێککەوتنێکی باش" لەگەڵ ئێران، هەرچەندە خۆی هێشتا بەگومانە لەوەی نێوەڕۆکی رێککەوتنەکە چۆن دەبێت.
رۆژی پێنجشەممە، 12ی شوباتی 2026، نەتەنیاهوو دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپ لە واشنتن، لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پێموایە ئەو دۆخەی [ترەمپ] دروستی دەکات، رەنگە زەمینە خۆش بکات بۆ بەدەستهێنانی رێککەوتنێکی باش، لە کاتێکدا [ئێران] بە دڵنیاییەوە تێگەیشتووە جاری پێشوو هەڵەیان کرد کە رێکنەکەوتن."
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "نەتەنیاهوو داوای لێنەکردووم گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بوەستێنین".
ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە لەگەڵ ئێران بگەنە رێککەوتن ئەگینا دۆخەکە کارەساتبار دەبێت.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە: "لێتان ناشارمەوە کە بەگشتی بەگومانم لە کواڵیتیی هەر رێککەوتنێک لەگەڵ ئێران."
نەتەنیاهوو جەختی لەوەش کردەوە، دەبێت هەر رێککەوتنێک پرسی مووشەکە بالیستییەکانی ئێران و پشتیوانییەکانی تاران بۆ گرووپە چەکدارە بەوەکالەتەکانی ئێران لە ناوچەکە لەخۆ بگرێت.
ئەم سەردانە نەتانیاهوو لە کاتێکدایە کە تاران و واشنتن هەینی رابردوو گەڕێکی نوێی دانوستاندنە ناڕاستەوخۆکانیان لە مەسقەتی پایتەختی عومان ئەنجامدا.
پێشتر ترەمپ رایگەیاندبوو کە گفتوگۆکان "زۆر باش" بوون و لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا گەڕێکی دیکە دەستپێدەکاتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ