دوو بەرپرسی ئەمریکی: ژمارەیەک دیپلۆمات لە بەغدا و هەولێر دەکشێنینەوە

11-06-2025
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوو بەرپرسی ئەمریکا دەڵێن، واشنتن ژمارەیەکی زۆر دیپلۆماتی لە نوێنەرایەتییەکانی بەغدا و هەولێر دەکشێنێتەوە، ئەوەش بەهۆی هەڕەشە چاوەڕوانکراوەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. 
 
رۆژی چوارشەممە، 11ـی حوزەیرانی 2025، دوو بەرپرسی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەیان راگەیاند، نوێنەرایەتییەکانی ئەمریکا لە بەغدا و هەولێر وەک رێکارێکی بەپەلە لە بەرامبەر هەڕەشە چاوەڕوانکراوەکان لە ناوچەکەدا ژمارەیەکی زۆر لە دیپلۆماتەکانیان دەکشێننەوە. 
 
بەگوێرەی ئەو بەرپرسانە، بڕیارەکەی وەزارەتی دەرەوە بە "فەرمانی کشانەوە" ناسراوە و دوای ئەوە هاتووە کە وەزیری بەرگریی ئێران هەڕەشەی هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کرد، لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی سەربازی بۆسەر وڵاتەکەی.
 
بەگوێرەی بەرپرسەکان، فەرمانەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، سەرجەم کارمەندە ناپێویستەکان لە عێراق دەگرێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 11-6-2025 بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە واشنتن گوت: "سەرۆک ترەمپ پابەندە بە پاراستنی سەلامەتیی ئەمریکییەکان، لە نێوخۆ و دەرەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پابەندییە، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی گونجاوی کارمەندەکانمان لە هەموو باڵیۆزخانەکان دەکەین".
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، ئاماژەی بەوەشکرد: "لەسەر بنچینەی دوایین شیکارمان، بڕیارمان دا نێردەکەمان لە عێراق کەم بکەینەوە".
 
لەبارەی هەمان بابەت، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) بە رووداوی گوت: "سەلامەتی و ئاسایشی سەربازەکانمان و خێزانەکانیان وەک ئامانجی لەپێشینەمان دەمێنێتەوە". 
 
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژە بەوە دەکات کە فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا چاودێریی "گرژییە زیادبووەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکات". 
 
بەرپرسەکەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا باس لەوەش دەکات، سێنتکۆم لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە، هاوپەیمان و هاوبەشەکانی ئەمریکا لەسەر هێڵە بۆ ئەوەی هەر کاتێک "هەر ئەندامێکی نوێنەرایەتییەکانمان لە هەر ناوچەیەکی جیهان پێویستی بە یارمەتی بوو، یارمەتییەکە پێشکێش بکات".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا

راپۆرتێک: بەشار ئەسەد خۆی فێری زمانی رووسی دەکات و دەیەوێ وەک پزیشکی چاو کار بکاتەوە

دوای ئەوەی لە دەسەڵات دوورخرایەوە و رووی لە رووسیا کرد، ئێستا بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشووی سووریا لەگەڵ خێزانەکەی لە مۆسکۆ ژیانێکی "دەوڵەمەندانە، بەڵام گۆشەگیر" بەسەر دەبەن، ئەمە وەک لە راپۆرتێکی بنکۆڵکاریی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە