رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی تاڵیبان رایگەیاند ئەمڕۆ پێنجشەممە 12-8-2021 دەستیان گرتووە بەسەر شاری غەزنی پایتەختی ویلایەتی غەزنی لە ناوچەکانی ناوەڕاستی ئەفغانستاندا. بەمەش ئەم ویلایەتە دەبێتە دەیەم ویلایەتی ئەفغانستان لەکۆی 34 ویلایەت، کە لەژێر کۆنترۆڵی چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیباندایە.
بە کۆنترۆڵکردنی ئەم شارە بزووتنەوەی تاڵیبان زیاتر لە کابوولی پایتەخت نزیکبوونەتەوە، چونکە ئەو شارە تەنیا 150 کیلۆمەتر لە پایتەختی ئەفغانستان دوورە.
ناسر ئەحمەد فەقیری، بەرپرسی ئەنجوومەنی ویلایەتی غەزنی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، چەکدارانی تاڵیبان چوونەتە ناو شارەکەوە، دەستیان بەسەر ئۆفیسی حکومەت و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی شارەکەدا گرتووە.
لە مانگی ئایارەوە، دوای دەستپێکردنی کشانەوەی سەربازانی ئەمریکا و ناتۆ، بزووتنەوەی تاڵیبان دەستیان بە هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ئەفغانستان کردووە. سەرەتا بزووتنەوەی تاڵیبان زیاتر هێرشیان دەکردە سەر گوند و شارۆچکەکان و نەدەچوونەوە نێو پایتەختی ویلایەتەکانەوە. لەو ماوەیەشدا، دەستیان بەسەر زیاتر لە 200 یەکەی ئیداریدا لە کۆی 400 یەکەی ئیداریی ئەفغانستاندا گرت.
بەڵام لە رۆژی هەینی رابردووەوە هێرشیان بۆ سەر پایتەختی ویلایەتەکانیش دەستپێکرد و لە ماوەی شەش رۆژی رابردوودا پایتەختی 10 ویلایەتیان کۆنتڕۆڵ کردووە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کە رۆژی چوارشەممە بڵاوکراوەتەوە، هەواڵگریی ئەمریکا پێشبینی دەکات تاوەکو 90 رۆژی دیکە چەکدارانی بزووتنەوەی تاڵیبان کابولی پایتەختی ئەفغانستان کۆنتڕۆڵ بکەن.
بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی رۆیتەرزی گوتووە، بەهۆی پێشڕەوییە خێراییەکانی تاڵیبانەوە، هەواڵگریی ئەمریکا پێشبینی دەکات تاوەکو 90 رۆژی دیکە کابول لە دەستی حکومەتی ئەفغانستان دەربهێندرێت.
لەلایەکی دیکەوە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە کابول داوای لە هاووڵاتیانی ئەڵمانی کرد کە بەهۆی پێشهاتەکانی ئەمدواییەی ئەفغانستان، وڵاتەکە جێبهێڵن.
کوشتن و ئەشکەنجەدانی هێزە ئەمنی و سەربازییەکانی ئەفغانستان لەلایەن چەکدارانی تاڵیبانەوە، کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. لەو بارەیەوە چەندین ڤیدیۆ و وێنە بڵاوکرانەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کابول رایگەیاندووە: "ئەو دیمەنانە نیشانی دەدەن کە چەکدارانی تاڵیبان رێز لە مافی مرۆڤ ناگرن".
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە سەرجەم هێزەکانیان لە ئەفغانستان دەکشێننەوە.
جۆ بایدن رۆژی سێشەممە، داوای لە سەرکردە ئەفغانییەکان کرد لە پێناو نیشتمانەکەیان بجەنگن. گوتیشی پەشیمان نییە لە بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی.
سەرۆکی ئەمریکا هەروەها باسی لەوەش کرد کە واشنتن زیاتر لە یەک ترلیۆن دۆلاری لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا لە شەڕی ئەفغانستان خەرجکردووە و هەزاران سەربازیشی لە دەستداوە.
بایدن ئەوەشی خستەڕوو کە ئەمریکا هێزی ئاسمانی وەکو پشتیوانی، هەروەها خواردن، کەلوپەل و مووچە بۆ هێزەکانی ئەفغانستان دابین دەکات.
جین ساکی، گوتەبێژی کۆشکی سپی، رۆژی چوارشەممە، رەتیکردەوە لێدوان لەسەر هەڵسەنگاندنی کۆنتڕۆڵکردنی کابول لە لایەن تاڵیبانەوە بدات، بەڵام گوتی، "ئێمە لە نزیکەوە چاودێری تێکچوونی دۆخی سەقامگیریی لە چەند بەشێکی ئەو وڵاتەدا دەکەین، بەڵام بە بۆچوونی ئێمە، هیچ ئەنجامێک بە دیاریکراوی، حەتمی نییە."
ساکی گوتی، وادەی کشانەوەکە هیچ گۆڕانکاریێکی بەسەردا نەهاتووە و دووپاتیشیکردەوە کە ئیدارەی بایدن پێیوایە هێزە ئەمنییەکانی ئەفغانستان پاڵپشتیی پێویستیان لە ئەمریکاوە پێدراوە بۆ ئەوەی لە دژی تاڵیبان بەرگری لە خۆیان بکەن.
رایان کرۆکەر، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئەفغانستان بە تەلەفزیۆنی بلۆمبێرگی گوتووە: "ئەوەی روودەدات رادەستکردنە بە تاڵیبان". رایان کرۆکەر پێیوایە ئێستا حکومەتی ئەفغانستان وا بیردەکاتەوە کە ئەمریکا پشتی تێکردوون و لەگەڵ دووژمنەکەیان رێککەوتن، ئەو بیرکردنەوەیەش راستە.
رایان کرۆکەر دەڵێت: "سەیرەکە لەوەدایە لە کاتێکدا کە بەرەو بیستەمین ساڵیادی هێرشەکانی (11ی سێپتێمبەر) دەچین، خەریکین وڵاتەکە رادەستی ئەو کەسانە دەکەین کە پەنای پلانداڕێژەرانی هێرشەکەی 11ی سێپتێمبەریان دابوو. لەبەر چاوی ئێمەدا مێژوو خەریکە دووبارە دەبێتەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ