دانیمارک پەچە لە قوتابخانە و زانکۆکاندا قەدەخە دەکات

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی دانیمارک پێشنیازێکی نوێی خستەڕوو بۆ فراوانکردنی یاسای قەدەخەکردنی پۆشینی ئەو پۆشاکانەی رووخسار دادەپۆشن، بڕیارەکەش ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان دەگرێتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 17-12-2025 راسموس ستۆکلوند، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی دانیمارک لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "پەچە یان هەر جۆرە پۆشاکێک کە رووخساری مرۆڤ بشارێتەوە، جێگەی لە پۆلەکانی خوێندنی دانیمارکدا نابێتەوە."
 
وەزیری کۆچ و کۆچبەران ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتر پۆشینی ئەو جۆرە پۆشاکانە لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەخە کراوە و "ئێستاش پێویستە بە هەمانشێوە لە ناوەندەکانی خوێندندا جێبەجێ بکرێت."
 
لە ئابی 2018ـەوە، دانیمارک پۆشینی پەچە و پۆشاکی ئیسلامی لە شوێنە گشتییەکاندا قەدەخە کردووە و هەر کەسێک سەرپێچی بکات، سزای دارایی دەدرێت.
 
راسموس ستۆکلوند دەڵێت، لایەنگرانی ئەم بڕیارە پێیانوایە ئەمە یارمەتیی ئەو موسڵمانانە دەدات کە لە خێزانی کۆچبەرانەوە هاتوون، بۆ ئەوەی باشتر لەنێو کۆمەڵگەی دانیمارکیدا تێکەڵ ببن. گوتیشی: "بەم یاسایە پەیامێکی روون بۆ کچان و ژنانی کۆچبەر دەنێرین کە ئێمە پاڵپشتییان دەکەین لە شەڕی دژ بە کولتووری نامووسپەرستی و نەریتە کۆنەکان."
 
هەڵوێستی لایەنەکان و رەخنەکان
 
هانس ئەندەرسن، گوتەبێژی پارتی لیبراڵ (Venstre) پشتگیریی خۆی بۆ بڕیارەکە دەربڕی و رایگەیاند: "ئەمە کارێکی نادانیمارکییە کە کچان و ژنان بە داپۆشراوی لە پۆلەکاندا دابنیشن و مامۆستا نەتوانێت روخساری ئەو قوتابییانە ببینێت کە وانەیان پێدەڵێت."
 
هاوکات، چالاکڤانانی مافی مرۆڤ و گرووپە ئایینییەکان رەخنەی تووندیان لەم هەنگاوە گرتووە و بە "هەڵاواردن" و "پێشێلکردنی ئازادیی ئاینی و مافی هەڵبژاردنی ژنان" وەسفیان کردووە.
 
بڕیارە لە شوباتی 2026، پڕۆژەیاساکە پێشکەش بە پەرلەمانی دانیمارک بکرێت بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.
 
ئەم هەنگاوەی دانیمارک لە کاتێکدایە، رۆژی 11ـی ئەم مانگە پەرلەمانی نەمسا یاسایەکی پەسند کرد کە پۆشینی سەرپۆش بۆ کچانی تەمەن ژێر 14 ساڵ لە قوتابخانەکاندا قەدەخە دەکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە