راپۆرتێک: هێزەکانی پشتیوانیی خێرا لە سوودان بەڵگەکانی کۆمەڵکوژیی دارفور دەشێوێنن

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

راپۆرتێکی نوێ ئاشکرای دەکات، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا (RSF) لە سوودان دوای دەستبەسەرداگرتنی شاری (فاشر)ـی هەرێمی دارفور، بەڵگەکانی ئەو کۆمەڵکوژییانە کردوویانە، لەناو بردووە و شاردووەتەوە.
 
رۆژی چوارشەممە 17-12-2025 تاقیگەی توێژینەوەی مرۆیی زانکۆی یەیڵ (HRL)، کە لە سەرەتای جەنگەکەوە لە رێگەی وێنەی سەتەلایتەوە چاودێریی دۆخەکە دەکات، رایگەیاندووە ئەو گرووپە چەکدارە لە پایتەختی ویلایەتی باکووری دارفور، "بەڵگەی کۆمەڵکوژییە بەرفراوانەکانی لە ناوبردووە و شاردوویەتییەوە."
 
هێرشی تووندی RSF بۆ سەر دوایین پێگەی سوپای سوودان لە ناوچەی دارفور لە مانگی ئۆکتۆبەردا، بووە هۆی کاردانەوەی تووندی نێودەوڵەتی، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوشتنی مەیدانی، دەستدرێژیی سێکسیی سیستماتیک و دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵ.
 
دیارنەمانی تەرمەکان
 
راپۆرتەکەی زانکۆی یەیڵ دەڵێ، لەدوای دەستبەسەرداگرتنی شارەکەدا، 150 شوێنیان دەستنیشان کردووە، کە پاشماوەی مرۆڤیان لێ بووە. زۆربەیان شێوازی کوشتنەکەیان وەک "لەسێدارەدان" بووە و بەشێکیشیان هاووڵاتیی مەدەنی بوون، کە لە کاتی هەڵاتندا کوژراون.
 
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە: "لە ماوەی مانگێکدا، نزیکەی 60 لەو شوێنانە (تەرمەکان) ئیدی نەدیتراون، لە بەرامبەردا 8 گۆڕانکاری لە خاکدا دەرکەوتوون لە نزیک شوێنەکانی کۆمەڵکوژییەکە (کە ئاماژەیە بۆ گۆڕی بەکۆمەڵ)."
 
راپۆرتەکە دەڵێ: "کۆمەڵکوژیی سیستماتیک و بەرفراوان و شاردنەوەی تەرمەکان روویداوە"، خەمڵاندنەکانیش باس لە کوژرانی دەیان هەزار کەس دەکەن لەو شارەدا.
 
سوپاش دەستی لە تاواندا هەیە
 
نەتەوە یەکگرتووەکان ململانێی سوودان بە "جەنگی دڕندەیی" ناودەبات. هەرچەندە هێزەکانی پشتیوانیی خێرا بە کۆمەڵکوژیی نەژادی ناسراون، بەڵام هاووڵاتییان لەلایەن سوپای سوودان و هاوپەیمانەکانیشیەوە کراونەتە ئامانجی رەگەزی.
 
لێکۆڵینەوەیەکی تۆڕی CNN و رێکخراوی (لایتهاوس ریپۆرتس) کە رۆژی سێشەممە بڵاوکرایەوە، بەڵگەی 59 هێرشی بە پاڵنەری رەگەزیی خستەڕوو کە سوپا و میلیشیا هاوپەیمانەکانی لەم ساڵدا لە کاتی کۆنترۆڵکردنەوەی ویلایەتی (جەزیرە) کردوویانە.
 
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکە، قوربانییەکان سەر بە کۆمەڵگەی (کەنابی) بوون، کە کرێکاری وەرزیی خەڵکی دارفور و کۆردۆفانن، ئەوان لەلایەن سەربازانی سوودان و دوو میلیشیاوە (هێزەکانی قەڵخانی سوودان و کەتیبەکانی بەرائی کوڕی مالیک) کراونەتە ئامانج، بە پاساوی هاوکاریکردنی RSF کوژراون و تەرمەکانیان فڕێدراوەتە نێو کەناڵەکانی ئاوەوە.
 
رۆڵی ترەمپ و محەممەد بن سەلمان
 
تاوەکو ئێستا ئامارێکی پشتڕاستکراوە بۆ کوژراوانی جەنگی سوودان نییە، کە لە نیسانی 2023ـەوە دەستیپێکردووە، بەڵام خەمڵاندنەکان باس لە زیاتر لە 150,000 کوژراو دەکەن.
 
هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە چەندینجار شکستیان هێناوە. مانگی رابردوو هیوایەک دروستبوو کاتێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند یارمەتیی کۆتاییهێنان بە ململانێکە دەدات، ئەوەش دوای ئەوەی شازادە محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە لە کاتی سەردانێکیدا بۆ واشنتن داوای لێکرد دەستوەردان بکات، بەڵام تاوەکو ئێستا جووڵەکان هێواشن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە