رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی گەردەلوول و باهۆزی بەهێز لە شەش ویلایەتی ئەمریکا بەلانی کەم 83 کەس گیانیان لەدەستدا و چەندین کەسی دیکەش بێسەروشوێنن. تیمەکانی فریاگوزاری لە هەوڵی دۆزینەوەی خەڵکەکە و دەرهێنانی تەرمی کەسەکانن لەژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکان.
تەنیا لە ویلایەتی کینتەکی پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 70 کەس گیانیان لەدەستدابێت کە زۆربەیان کارمەندی کارگەیەکی دروستکردنی مۆم بوون. حاکمی ویلایەتەکە باری نائاسایی راگەیاندووە و پێشبینی دەکات ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە بۆ سەرووی 100 کەس بەرزببێتەوە.
جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا باری نائاسایی پەسندکرد و گەردەلوولەکەی بە یەکێک لە گەورەترین گەردەلوولەکانی ئەمریکا ناوبرد، گوتی "منیش راگەیاندنی باری نائاساییم پەسندکرد کە لەلایەن حاکمی ویلایەتی کینتەکییەوە داواکرابوو. ئەمەش هاوکاری خێرای فیدراڵی بۆ ویلایەتەکە دابیندەکات. من ئامادەم بۆ ویلایەتەکانی دیکەش هەمان شت بکەم ئەگەر داوا بکەن. لەنزیکەوە چاودێریی بارودۆخەکە دەکەم. پێدەچێت ئەمە یەکێک بێت لە گەورەترین رووداوی گەردەلوول لە مێژووی وڵاتەکەماندا."
لە شاری ئێدواردسڤیل لە ویلایەتی ئێلینۆی باشووری رۆژهەڵاتی ئەمریکاش کاتێک کرێکاران لە کۆگایەکی ئامێرەکانی کۆمپانیای ئەمازۆن کاریانکردووە، بەهۆی گەردەلوولەکەوە دیوارێکی کۆنکرێتی 27 سانتیمەتریی بەسەریاندا کەوتووە بەهۆیەوە شەش کەس گیانیان لەدەستداوە.

دوای رووداوەکەش، جێف بێزۆس، سەرۆکی جێبەجێکاری ئەمازۆن لە تویتێکدا هاوخەمیی خۆی نیشاندا و گوتی ئەو رووداوەی لە شاری ئێدواردسڤیل "تراژیدییە."
ئەو باهۆز و گەردەلوولە کە هەریەک لە ویلایەتەکانی کینتەکی، ئێلینۆی، ئەرکەنساس و چەند ویلایەتێکی دیکەی گرتووەتەوە، زیانی ماددی گەورەی لەدوای خۆی جێهێشتووە.
میچێڵ فاولەر، خاوەنی رێستورانتە و دەڵێت، "من ماوەی 38 ساڵە ئەم رێستورانتەم هەبوو. کارێکی خێزانەکەمان بوو. شوێنی کاری دایک و باوکم بوو. خێزانەکەم، من خێزانەکەم لێرە پێگەیاند. هەموو منداڵەکانم لێرە کاریان دەکرد. ئەمە شاری خۆمانە و خراپ تێکشکاوە، هەموو کەسێک هەموو شتێکی لەدەستداوە."
گەردەلوولەکە، چەندین خانوو و ستوونی کارەبای تێکشکاندووە، سەتان هەزار کەسی بێ کارەبا کردووە، دار و درەختی فڕێداوەتە سەر شەقامەکان. ئەم رووداوە سرووشتییەش تەنیا دوو هەفتە پێش کریسمس دێت کە خەڵکی ئەم ویلایەتانە ئامادەکارییان بۆ پشوویەکی ئارام دەکرد.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ