رووداو دیجیتاڵ
پییت هێگسەس، وەزیری جەنگی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، لەو کاتەوەی جەنگ دژی ئێران دەستیپێکردووە، هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل زیاتر لە 15 هەزار ئامانجیان لە نێو خاکی ئەو وڵاتەدا پێکاوە. وەزیری جەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکرد، پێدەچێت موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشەکاندا بریندار بووبێت.
چڕبوونەوەی هێرشەکان و پەککەوتنی توانای مووشەکی
پییت هێگسەس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی دا ئاماژەی بەوە کرد، هێزە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل رۆژانە تێكڕا زیاتر لە 1,000 ئامانجیان پێکاوە؛ گوتیشی، رۆژی هەینی زۆرترین هێرش لە سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەوە کراوە.
وەزیری جەنگی ئەمریکا رایگەیاند، توانای وەڵامدانەوەی مووشەکیی ئێران بە رێژەی 90% و توانای درۆنە بۆمبڕێژکراوەکانیشی بە رێژەی 95% کەمی کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی ژێرخانی مووشەکی، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانیان لە تێکشکێندران.
برینداربوونی رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران
پییت هێگسەس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند، موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هێرشەکاندا بریندار بووە و لەوانەیە "دەموچاوی شێوا بێت".
موجتەبا خامنەیی دوای کوژرانی عەلی خامنەیی باوکی لە 28ی شوباتدا، تاوەکو ئێستا دەرنەکەوتووە و تەنیا پەیامێکی نووسراوی بڵاوکردووەتەوە.
هەرچەندە بەرپرسانی ئێران برینداربوونی موجتەبا خامنەییان پشتڕاست کردووەتەوە، بەڵام وردەکاریی زیاتریان نەداوە.
ئاڵۆزییەکانی تەنگەی هورمز
دان کەین، سەرۆکی دەستەی هاوبەشی سوپاسالارەکانی ئەمریکا رۆژی هەینی رایگەیاند، تەنگەی هورمز "ژینگەیەکی لەڕووی تاکتیکییەوە ئاڵۆزە".
دان کەین ئاماژەی بە سەختیی جێبەجێکردنی پلانەکانی پاسەوانیکردنی کەشتییەکان بە سەلامەتی لەو ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەدا کرد.
ئەو فەرماندەیە لەبارەی دۆخی ناوچەکە گوتی: "ئەمە ژینگەیەکی لە رووی تاکتیکییەوە ئاڵۆزە. پێش ئەوەی بیر لەوە بکەینەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان هیچ شتێک لەوێوە تێپەڕێنین، دەمانەوێت دڵنیابینەوە لەوەی کارەکانمان بەگوێرەی ئامانجە سەربازییەکانی ئێستامان ئەنجام دەدەین."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئیدارەی ترەمپ پلانی گونجاوی بۆ ئەگەری داخستنی رێڕەوە ئاوییەکە لەلایەن ئێرانەوە هەیە -کە پێنج یەکی بازرگانیی نەوتی خاوی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبێت- پییت هێگسەس بە "بەڵێ" وەڵامی دایەوە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی نەدا.
وەزیری جەنگی ئەمریکا گوتیشی: "ئێمە خەریکین لە ئامانجەکانمان نزیک دەبینەوە".
لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر قوتابخانەکەی ئێران
سەبارەت بە هێرشکردنە سەر قوتابخانەیەکی سەرەتایی لە ئێران، پییت هێگسەس رایگەیاند کە لێکۆڵینەوەیەکی ورد بە سەرۆکایەتیی جەنەراڵێکی دەرەوەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) دەستیپێکردووە.
هێگسەس گوتی، لێکۆڵینەوەکە "تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بێت" بەردەوام دەبێت بۆ ئاشکراکردنی راستییەکانی تایبەت بەو رووداوە.
تاران، ئەمریکا و ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات بە ئەنجامدانی هێرشێکی مووشەکیی کوشندە بۆ سەر ئەو قوتابخانەیە، کە بەپێی میدیاکانی ئێران، بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 165 کەس، کە منداڵیشیان تێدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ