رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی ئەفغانستان رایانگەیاند، فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان شەپۆلێکی نوێی بۆردوومانیان بۆ سەر شاری کابوولی پایتەخت و چەند پارێزگەیەکی سنووری کردووە. ئەم هێرشانە قوربانیی زۆری سڤیلیان لێکەوتووەتەوە و بوونەتە هۆی ئاوارەبوونی هەزاران خێزان.
رۆژی هەینی 13-03-2026 خەلیل زەدران، گوتەبێژی پۆلیسی کابوول رایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومانکردنی چەند ماڵێک لە ناو پایتەختدا، چوار کەس کوژراون و 15ـی دیکەش بریندار بوون، کە ژن و منداڵیان تێدایە.
زەبیحوڵڵا موجاهید، گوتەبێژی حکومەتی تالیبان رایگەیاند، پاکستان جگە لە کابوول، پارێزگەکانی قەندەهار، پاکتیا و پاکتیکاشی بۆردوومان کردووە.
لە پارێزگەی قەندەهار، کە شوێنی نیشتەجێبوونی هەیبەتوڵڵا ئاخوندزادە، رێبەری باڵای تالیبانە، هێرشە ئاسمانییەکان کۆگەیەکی سووتەمەنیی کۆمپانیای (Kam Air)یان پێکاوە. ئەم کۆمپانیایە سووتەمەنی بۆ فڕۆکە سڤیلەکان و فڕۆکەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دابین دەکات.
بەرپرسێکی ئەمنیی پاکستان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، پشتڕاستی کردەوە، هێزەکانیان بنکەکانی گرووپی تاڵیبانی پاکستان (TTP)یان لە ناو ئەفغانستان کردووەتە ئامانج.
ئیسلام ئاباد بانگەشەی ئەوە دەکات، ئەم ئۆپەراسیۆنانە وەک وەڵامێکە بۆ زیادبوونی هێرشە تێرۆریستییەکان لە ناو پاکستان، بەڵام حکومەتی ئەفغانستان هەر جۆرە تێوەگلانێک یان بەکارهێنانی خاکی ئەفغانستان بۆ ئەو مەبەستە رەت دەکاتەوە.
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان (UNAMA) رایگەیاند، لە ماوەی نێوان 26ـی شوبات تاوەکو 5ـی ئادار، لانیکەم 56 سڤیل لە ئەفغانستان بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی پاکستانەوە کوژراون، کە 24یان منداڵ بوون. هەروەها ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاندووە، نزیكەی 115 هەزار کەس بەهۆی ئەم جەنگەوە ناچار بوون ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن.
ململانێی نێوان ئەم دوو وڵاتە دراوسێیە لە 26ـی شوباتەوە گەیشتە لووتکە، کاتێک ئەفغانستان هێرشێکی بەرفراوانی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکان دەستپێکرد. دواتر پاکستان لە 27ـی شوبات "جەنگی کراوە"ـی دژی ئەفغانستان راگەیاند و دەستی کرد بە بۆردوومانکردنی کابوول.
تەنیا لە چەند رۆژی رابردوودا، 7 کەس لە پێکدادانە سنوورییەکاندا کوژراون. حەمدوڵڵا فیترەت، یاریدەدەری گوتەبێژی حکومەتی ئەفغانستان، پاکستانی تۆمەتبار کرد بەوەی بە ئەنقەست ماڵی سڤیلەکان و خێوەتی کۆچەرییەکان لە پارێزگەی خۆست دەکاتە ئامانج. ئێستا ئەم جەنگە نەک هەر ئاسایشی ناوچەکەی تێکداوە، بەڵکو جموجووڵی بازرگانی و ژیانی رۆژانەی ملیۆنان کەسیشی پەکخستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ