هێرش کرایە سەر کەنیشتێکی جووەکان لە میشیگن و هێرشکارەکە کوژرا

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

 کەسێکی نەناسراو دوای ئەوەی بە ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر (پیکاپ) خۆی بەنێو کەنیشتێکی جووەکاندا کێشا لە شاری دیترۆیت لە ویلایەتی میشیگن، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژرا. 
 
رۆژی پێنجشەممە، 12ـی ئاداری 2026، مایکڵ بوشارد، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەی ئۆکلاند رایگەیاند، هێرشکارەکە دەرگەکانی کەنیشتی (تێمپڵ ئیسرائیل)ـی لە ناوچەی وێست بلومفیڵد شکاندووە و چووەتە ناو رێڕۆکانی ناو باڵەخانەکە. پاسەوانە ئەمنییەکانی کەنیشتەکە راستەوخۆ تەقەیان لە هێرشکارەکە کردووە و کوشتوویانە. بوشارد گوتی: "تاوەکو ئێستا بە وردی نازانین چی بووەتە هۆی مردنی، بەڵام پاسەوانەکان رووبەڕووی بوونەتەوە."
 
لە ئەنجامی هێرشەکەدا، پاسەوانێکی ئەمنی بەهۆی بەرکەوتنی ئۆتۆمبێلەکە بریندار بووە و ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەر وەردەگرێت. پۆلیس لەرێگەی سەگی راهێنراوەوە پشکنینی بۆ ئۆتۆمبێلەکە کرد، تاوەکو دڵنیا ببێتەوە لەوەی بۆمبی تێدا نییە، ئەمەش پڕۆسەیەکی سەخت بوو چونکە بەشێک لە ئۆتۆمبێلەکە ئاگری گرتبوو.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هێرشەکەی بە "ترسناک" وەسف کرد و گوتی: "بە راستی بڕوانەکراوە کە شتی وا روودەدات." کارۆلاین لێڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند،ترەمپ بە وردی ئاگاداری بارودۆخەکەیە.
 
گریتچن ویتمەر، حاکمی میشیگن سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە "دڵتەزێن" وەسفیکرد و گوتی: "دژە جوویی و تووندوتیژی هیچ جێگەیەکیان لە میشیگن نییە."
 
جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، بە بینینی دیمەنی هێرشەکە "تووشی شۆک بووە" و وڵاتەکەی لەگەڵ کۆمەڵگەی جووەکان لەو ناوچەیە لە پەیوەندیدایە.
 
ئەم رووداوەی میشیگن هاوکات بوو لەگەڵ تەقەکردن لە زانکۆی (ئۆڵد دۆمینیەن) لە نۆرفۆڵک لە ویلایەتی ڤێرجینیا. 
 
کاش پاتێل، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی گوتی، هێرشەکەی ڤێرجینیا وەک "کردەوەیەکی تیرۆریستی" لێکۆڵینەوەی تێدا دەکرێت. لەو هێرشەدا کەسێک کوژرا و دوو کەسی دیکە بریندار بوون؛ تەقەکەرەکەش دوای ئەوەی لەلایەن گرووپێک لە قوتابییەکانەوە کوژرا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 رادۆسلاڤ سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا

پۆڵەندا: پێش جەنگ ئێران هەڕەشەی راستەوخۆ نەبوو

وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا رایگەیاند، وارشۆ هیچ نیازێکی نییە بۆ بەشداریکردن لە هێرشەکانی سەر ئێران و وڵاتەکەی ئێستا سەرقاڵی پاراستنی سنوورەکانیەتی لەگەڵ رووسیا. دەشڵێت: "بەر لە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران هەڕەشەیەکی راستەوخۆ نەبوو بۆ سەر ئەورووپا یان ئەمریکا".