ترەمپ بۆ سەرکردەکانی G7: ئێران لە لێواری تەسلیمبووندایە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا گەشبینیی زۆری نیشانداوە سەبارەت بە ئەنجامەکانی جەنگی دژی تاران و رایگەیاندووە، ئێران لە لێواری هەرەسهێناندایە و کەسیش نەماوە لەو وڵاتە بڕیاری تەسلیمبوون بدات. هاوکات هۆشداریشی داوەتە کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کە یارمەتییەکانی ئەو "زۆر درەنگن".
 
رۆژی هەینی، 13-03-2026، میدیاکانی ئەمریکا لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە وردەکاریی کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی سەرکردەکانی وڵاتانی (G7)یان بڵاوکردەوە کە رۆژی چوارشەممە بەڕێوەچووە. بەپێی زانیارییەکان، دۆناڵد ترەمپ شانازیی بە ئەنجامەکانی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستانئاسا"ی کردووە و گوتوویەتی: "من هەمووانم لەو شێرپەنجەیە رزگار کرد کە هەڕەشەی لە جیهان دەکرد".
 
ترەمپ لەو کۆبوونەوەیەدا باسی لەوە کردووە، ئێران هێندە لاواز بووە، هیچ بەرپرسێکی باڵا لە تاران نەماوەتەوە تاوەکو بڕیاری تەسلیمبوون واژۆ بکات و دەڵێت: "کەس نازانێت ئێستا کێ رێبەرە، بۆیە کەسیش نییە تەسلیمبوون رابگەیەنێت".
 
ئەم لێدوانانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، تەنیا 24 کاژێر دوای ئەو کۆبوونەوەیە، موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران لە یەکەم پەیامیدا سوێندی خوارد کە تۆڵەی "شەهیدەکان" دەکەنەوە و بەرەی نوێی شەڕ لە دژی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەو شوێنانە دەکەنەوە، کە دوژمن تێیدا لاوازە.
 
سەبارەت بە دۆخی ئابووری و تەنگەی هورمز، سەرکردەکانی (G7) نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕیوە کە بەهۆی جەنگەکەوە نرخی نەوت گەیشتووەتە سەرووی 100 دۆلار، بەڵام ترەمپ هەوڵی داوە دۆخەکە بە ئاسایی نیشان بدات و گوتوویەتی "دۆخی هورمز بەرەو باشتربوون دەچێت". ئەمە لەکاتێکدایە، هەر لە هەمان شەودا دوو تانکەری نەوت لە کەناراوەکانی عێراق ئاگریان تێبەربوو و تەنگەکەش لە رۆژی دووەمی جەنگەکەوە لەلایەن تارانەوە بە داخراوی ماوەتەوە.
 
یەکێک لە ساتە پڕ لە گرژییەکانی کۆبوونەوەکە، گاڵتەکردنی ترەمپ بووە بە کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا. دوای ئەوەی ستامەر کە سەرەتا رێگەی نەدابوو ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنێت و دواتر پەشیمان بووەوە، ترەمپ پێیگوتووە: "دەبوو پێش جەنگەکە ئەم پێشنیازەت بکردایە، ئێستا زۆر درەنگە و پێویستمان بە یارمەتیت نییە".
 
هاوکات، سەرکردەکانی فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا هۆشدارییان داوەتە واشنتن کە رێگە نەدات رووسیا سوود لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وەربگرێت. ئەم نیگەرانییانە دوای ئەوە هاتن کە واشنتن بڕیارێکی بۆ ئاسانکاریی کاتی لە سزاکانی سەر نەوتی رووسیا دەرکرد بە مەبەستی جێگیرکردنی بازاڕ، ئەمەش گومانی لای ئەورووپییەکان دروست کردووە، کە رەنگە رێککەوتنی نهێنی لەنێوان تیمی ترەمپ و مۆسکۆدا هەبێت.
 
لەبارەی کۆتاییهاتنی جەنگەکەشەوە، ترەمپ هیچ وادەیەکی دیاری نەکردووە و تەنیا جەختی لەوە کردووەتەوە: "پێویستە کارەکە تەواو بکەین تاوەکو پێنج ساڵی دیکە جارێکی دیکە ناچار نەبین لەگەڵ ئێران بچینەوە ناو شەڕ".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە