رووداو دیجیتاڵ
ئەو کەسەی بەڵگەنامە نهێنییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکای لە چەند هەفتەی رابردوودا ئاشکرا کردووە، گەنجێک بووە لە یەکێک لە بنکە سەربازییەکان ئەمریکا کاری کردووە و بەڵگەنامەکانیشی لە گرووپێکی هاوڕێکانیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی دیسکۆرد بڵاوکردووەتەوە.
شەوی چوارشەممە 12ی نیسانی 2023، میدیای ئەمریکا زانیاریی لەسەر ئەو کەسە ئاشکرا کردووە، کە گوایە بەڵگەنامە نهێنییەکانی پێنتاگۆنی بڵاوکردووەتەوە. یەکێک لە هاوڕێکانی ئەو کەسە ئاشکرای کردووە، "ئەو کەسێکی زیرەکە و دەزانێت چی دەکات کاتێک ئەو بەڵگەنامانەی بڵاوکردووەتەوە و ئەو کارەش بە هیچ شێوەیەک بە هەڵە نەبووە."
لەگەڵ ئەوەش هاوڕێی ئەو کەسە ئاماژەی بەوە کردووە، "ئەو کەسێکی تەندروست و بەهێزە، چەکیشی هەیە و مەشقپێکراوە، هەموو خەسڵەتەکانی هی کەسێکە کە لە فیلمەکاندا دەیبینیت"، تەمەنی ئەو کەسە لە ناوەڕاستی بیستەکانە.
هاوڕێی گەنجەکە باسی لەوەش کردووە، ئەو کەسە بەڵگەنامە نهێنییەکانی لە گرووپێکی دیسکۆرد بەناوی "ناوەندی چەتە لارزین" لەگەڵ نزیکەی 12 هاوڕێی دیکەیان لەنێو ئەو گرووپەدا بەش کردووە، "هەموومان لە یەکدی نزیک بووین و وەکو خێزانێکمان لێهاتبوو، یەکدیمان زۆر خۆشدەویست"، ئەو گرووپە لە سەردەمی کۆرۆنا لە ساڵی 2020 دروستکراوە.
هەروەها ئەوەشی ئاشکرا کردووە، کەسەکە ئەو بەڵگەنامانەی لە رێگەی کارەکەیەوە لە بنکەیەکی سەربازی دەستکەوتووە. رۆژنامەکانی ئەمریکا دەڵێن، هەندێک لە زانیارییەکانی نێو بەڵگەنامەکان بەدەست نووسراونەتەوە، چونکە گەنجەکە نەیتوانیوە کامێرا و ئامێری ئەلیکترۆنی بباتە شوێنە پارێزراوەکە.
ماوەی دوو هەفتەیە، سەتان وێنەی بەڵگەنامەی نهێنیی پێنتاگۆن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تێلیگرام و تویتەر بڵاوکراونەتەوە و بەرپرسانی ئەمریکاش رایانگەیاندووە، بڵاوکردنەوەی ئەو بەڵگەنامانە مەترسیی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، لەنێو بەڵگەنامە نهێنییەکان، وردەکاریی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا و پێشڕەوییەکانی رووسیا بڵاوکراوەتەوە. لەگەڵ سیخوڕیکردن بەسەر هەندێک سەرکردەی جیهان، لەوانەش ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ