رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە رایگەیاند، چەکدانانی پەکەکە "سەرکەوتنە و وەچەرخانێکی گرنگە."
پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە لە نێوان 5-7 ـی ئایاردا کۆنگرەی 12ـی خۆی کرد، رۆژی 12ـی ئایاریش رایگەیاند، بڕیاری "خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری" داوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ئەنقەرە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس سەبارەت بە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە نووسیویەتی: "چەکدانانی گرووپە تیرۆریستییەکان بۆ شارستانی هەمیشە سەرکەوتنە. بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە وەچەرخانێکی گرنگە."
باڵیۆزخانەکە ئاماژەی بە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری دەرەوە و هاوتا تورکییەکەی کردووە و دەڵێت: "روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی کۆماری تورکیا کۆبوونەوەیەکی کرد و پشتیوانی خۆی دووپاتکردەوە. ئەمریکا، لە رێگەی ئاشتی و ئاسایشی بەردەوامدا لەگەڵ تورکیای هاوپەیمانمانە لە ناتۆ. لە جیهانی مەدەنیدا، تیرۆر ئایندەی نییە."
بڕیارەکەی پەکەکە لەسەر ئاستی نێوخۆ و دەرەوە کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.
رۆژی دووشەممە 12-05-2025 ستیفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداوی لە نیویۆرک راگەیاند، نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە بڕیاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات سەبارەت بە وازهێنان لە خەباتی، هەروەها هیواخوازە ئەمە ببێتە دەستپێکی چارەسەرکردنی کێشە کۆنەکانی پەیوەست بە ململانێکەوە.
هەروەها وەزارەتی دەرەرەوەی ئەڵمانیا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی رووداودا لەبارەی بڕیاری چەکدانانی پەکەکە، رایگەیاند، پێشوازی لە بڕیارەکە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ