سووریایی و ئەفغانییەکانی ئەڵمانیا 10 هێندەی ئەڵمانییەکان تاوان دەکەن

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژمارەیەک کۆچبەری ئەفغانی لە ئەڵمانیا
ژمارەیەک کۆچبەری ئەفغانی لە ئەڵمانیا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نوێترین ئاماری فەرمانگەی تاوانی ئەڵمانیا بۆ ساڵی 2024 ئاشکرای دەکات، رێژەی ئەنجامدانی تاوان لەلایەن کۆچبەرانی سووریایی و ئەفغانییەوە بەراورد بە هاووڵاتییانی بە رەچەڵەک ئەڵمانی، دە هێندە زیاترە؛ پارێزەرێکی کوردیش لە ئەڵمانیا رەخنە لە بەشێک لە کوردان دەگرێت کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانیان پەنا بۆ یاسا نابەن.
 
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی ئەڵمانیا، لەنێو هەر 100 هەزار کەسی بە رەچەڵەک ئەڵمان، تەنیا 163 کەس تاوانیان ئەنجامداوە، بەڵام ئەم رێژەیە لەنێو کۆچبەراندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە. لە هەر 100 هەزار کۆچبەرێکی سووریایی نیشتەجێی ئەڵمانیا 1740 کەس و لەنێو هەر 100 هەزار ئەفغانیشدا 1722 کەس تاوانیان کردووە.
 
جۆرەکانی تاوان لەنێو ئەم دوو گرووپەدا زیاتر بریتی بوون لە تووندوتیژی، دەستدرێژیی سێکسی و مامەڵەکردن بە مادەی هۆشبەر، کە تێیدا پێش ئەڵمانییەکان کەوتوون.
 
ئەم ئامارانە لە کاتێکدان کە نزیکەی ملیۆنێک پەنابەری سووریایی و نیو ملیۆن پەنابەری ئەفغانی لە ئەڵمانیا دەژین. بەرزبوونەوەی رێژەی تاوان بووەتە پاساوێک بەدەست کاربەدەستانی حکومەتەوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانە تووندتر بکەن.
 
هەرچەندە لە داتاکاندا جیاوازی نەکراوە لەوەی چەند لەو کەسانەی بە "سووریایی" ئەژمارکراون، خەڵکی رۆژئاوای کوردستانن.
 
پارێزەرێکی کورد: بەشێکی کورد خۆیان لە دادگا دەدزنەوە
 
رۆژ خەڵەف، پارێزەری کورد لە ئەڵمانیا کە میوانی بەرنامەی (دیاسپۆرا)ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، باسی لەوە کرد کە میدیاکانی ئەڵمانیا زۆرجار بە روونی ئاماژە بە ناسنامەی تاوانباران ناکەن، لەکاتێکدا "بەراوردکردنی ژمارەکان دەریدەخات تاوانبارانی بیانی زیاترن لە ئەڵمانەکان".
 
ئەو پارێزەرە نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی بەشێک لە کوردانی ئەڵمانیا هێشتا بە عەقڵییەتی کۆن مامەڵە دەکەن و بۆ چارەسەرکردنی کێشە کۆمەڵایەتییەکانیان پەنا بۆ یاسا نابەن، بەڵکو دەیانەوێت "بە دەستی خۆیان" کێشەکان یەکلایی بکەنەوە، کە ئەمەش زۆرجار کێشەی گەورەتری یاسایی لێدەکەوێتەوە.
 
رۆژ خەڵەف نموونەیەکی هێنایەوە و گوتی: "بەشێکی هاوژینانی کورد کاتێک لە ئەڵمانیا جیادەبنەوە، کێشەی زێڕ و موڵکداری دروست دەبێت؛ ئایا زێر دەبێتە موڵکی ژنەکە یان هی پیاوەکەیە؟ ئەمە دەکەوێتە دادگا، چونکە جیاوازی هەیە لەنێوان یاسای ئەڵمانیا و نەریت و کولتووری ئێمە".
 
ئەو پارێزەرە ئامۆژگاریی نەوەی نوێی کوردانی ئەڵمانیا دەکات کە پێویستە خۆیان لەگەڵ یاسا و سیستمی وڵاتەکەدا بگونجێنن و دووربکەونەوە لە چارەسەری عەشایەری و دەستکرد بۆ کێشەکانیان.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە