رووداو دیجیتاڵ
شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە دەستپێکی لووتکەی زلهێزەکان لە پەکین، هۆشدارییەکی تووندی دایە دۆناڵد ترەمپ، هاوتا ئەمریکییەکەی کە مامەڵەی هەڵە لەگەڵ پرسی تایواندا رەنگە دوو وڵاتەکە بخاتە "ململانێوە". ئەمەش لە کاتێکدا بوو، ترەمپ بە ستایشکردنی شی وەک "سەرکردەیەکی مەزن" و "هاوڕێ" گەیشتبووە چین و بەڵێنی "داهاتوویەکی نایاب"ـی بۆ پەیوەندییەکانیان دا.
رۆژی پێنجشەممە 14-05-2026، سەرەڕای پێشوازیی گەرم و پڕ شکۆ، شی جینپینگ بە تۆنێکی کەمتر گەرموگوڕەوە رایگەیاند، دوو لایەنەکە "دەبێت هاوبەش بن نەک رکابەر" و هەر لە دەستپێکەوە تیشکی خستە سەر پرسی تایوان.
بەگوێرەی میدیای فەرمیی چین، شی لە دەستپێکی گفتوگۆکاندا کە نزیکەی دوو کاژێر و 15 خولەکی خایاند، گوتی: "پرسی تایوان گرنگترین پرسە لە پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکادا." گوتیشی: "ئەگەر بە هەڵە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، رەنگە دوو نەتەوەکە بەیەکدادەن یان تەنانەت بچنە نێو ململانێشەوە، کە تەواوی پەیوەندییەکانی چین و ئەمریکا دەخاتە دۆخێکی زۆر مەترسیدارەوە."
سەردانەکەی ترەمپ بۆ پەکین یەکەم سەردانی سەرۆکی ئەمریکایە لە نزیکەی 10 ساڵدا. شی جینپینگ بە فەرشی سوور و ئاوازی سەربازی و سڵاوی تۆپ و کۆمەڵێک قوتابییەوە کە هاواری "بەخێربێیت"ـیان دەکرد، پێشوازیی لە ترەمپ کرد.
لە بەرامبەردا، ترەمپ رایگەیاند "پەیوەندیی نێوان چین و ئەمریکا لە هەموو کاتێک باشتر دەبێت." بەڵام شی لەبری ئەوە، ئاماژەی بە بیردۆزێکی سیاسیی یۆنانیی کۆن کرد سەبارەت بە مەترسییەکانی جەنگ کاتێک هێزێکی تازە دەرکەوتوو رکابەریی هێزێکی باڵادەست دەکات.
شی پرسیاری کرد: "ئایا چین و ئەمریکا دەتوانن ئەو شتەی پێیدەگوترێت 'تەڵەی سوسیدیدس' تێپەڕێنن و نموونەیەکی نوێ بۆ پەیوەندیی نێوان زلهێزەکان دابڕێژن؟"
زاراوەی (تەڵەی سوسیدیدس) چەمکێکی سیاسی و مێژووییە کە باس لە ئەگەرێکی بەهێزی روودانی جەنگ دەکات کاتێک هێزێکی نوێ و گەشەسەندوو هەڕەشە لە پێگەی هێزێکی دەسەڵاتداری جێگیر دەکات. ئەم چەمکە لە لایەن زانای سیاسیی ئەمریکی گراهام ئەلیسن داهێنراوە و ناوەکەی لە ناوی مێژوونووسی یۆنانی کۆن (سوسیدیدس)ـەوە وەرگیراوە. کاتێک سەرۆکی چین باس لەم تەڵەیە دەکات، مەبەستی ئەوەیە بڵێت: پێویستە چین و ئەمریکا بە ژیرییەوە مامەڵە بکەن بۆ ئەوەی نەکەونە ناو ئەو "تەڵە مێژووییە" و جیهان تووشی وێرانکاری نەکەن، بەڵکو مۆدێلێکی نوێی پەیوەندی دروست بکەن کە لەسەر بنەمای هاوکاری بێت نەک جەنگ.
ئادەم نی، سەرنووسەری بڵاوکراوەی (چاینا نێیکان)، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، هەرچەندە "زمانی زبر" لە سیاسەتی دەرەوەی چیندا شتێکی نامۆ نییە، بەڵام نامۆیە کە لە خودی شی جینپینگەوە دەربچێت. گوتیشی، "شی دەیەوێت بەتەواوی روونی بکاتەوە، پێیوایە پرسی تایوان بەرمیلە بارووتێکی شاراوەیە لەنێوان دوو زلهێزەکەدا."
جەنگی ئێران، کە یەکێکی دیکە بوو لە پرسە ناکۆکەکان، هەڕەشەی لاوازکردنی پێگەی ترەمپی دەکرد لە دانوستاندنەکاندا. سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو "گفتوگۆیەکی درێژ"ـی لەگەڵ شی لەبارەی ئێرانەوە دەبێت، بەڵام دووپاتیکردەوە "پێموانییە پێویستمان بە هیچ یارمەتییەک بێت" لە پەکینەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی هیوادارن "چینییەکان رازی بکەن رۆڵێکی چالاکتر ببینن."
هەروەها ترەمپ هیوادار بوو رێککەوتنی بازرگانی لە بواری کشتوکاڵ، فڕۆکە و کەرتەکانی دیکەدا بەدەستبهێنێت. شاندێکی بازرگانیی گەورە، لەوانەش ئیلۆن مەسکی تێسلا و جێنسن هووانگی ئینڤیدیا، یاوەریی ترەمپیان دەکرد. دوای کۆبوونەوەکە، مەسک بە رۆژنامەڤانانی گوت کۆبوونەوەکە "نایاب بوو" و هووانگیش گوتی دوو سەرۆکەکە "سەرسوڕهێنەر بوون."
دواتر شی بە شاندە بازرگانییەکەی گوت، "دەرگاکانی وڵاتەکەی کراوەتر و کراوەتر دەبن" و کۆمپانیا ئەمریکییەکان "داهاتوویەکی گەشتر"ـیان لە چیندا دەبێت.
دوای کۆبوونەوەکەی بەیانیان، هەردوو سەرکردەکە بەرەو پەرستگەی ئاسمان بەڕێکەوتن، کە شوێنێکی کەلەپووریی جیهانییە و ئیمپراتۆرەکانی چین سەردەمانێک بۆ بەرهەمی باش نوێژیان تێدا دەکرد.
بڕیارە ئێوارەی هەمان رۆژ ترەمپ بەشداری لە خوانێکی فەرمیدا بکات کە لەلایەن شی جینپینگەوە بۆی رێکخراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ