جەنگی ئێران و نەوت باڵ بەسەر کۆبوونەوەی بریکسدا دەکێشن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بریکس، بە بەشداریی بەرپرسانی ئێران و رووسیا لە نیودەلهی کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە جەنگی ئێران و قەیرانی سووتەمەنی باڵیان بەسەر گفتوگۆکاندا کێشابوو. وەزیری دەرەوەی هیندستان هۆشداری دا لە "گۆڕانکاریی بەردەوام" کە بووەتە هۆی ناجێگیریی ئابووری و نائارامی لە ئاسایشی وزەدا.
 
بریکس هاوپەیمانییەکی چەند دەوڵەتییە و لە ساڵی 2009 دامەزراوە، لە زمانی ئینگلیزی هەر پیتێکی ناوەکە ئاماژەی ناوی وڵاتێکە: (بەرازیل، رووسیا، هیندستان، چین و ئەفریقای باشوور).
 
هیندستان، کە ئەم ساڵ سەرۆکایەتیی بریکس دەکات، میوانداریی وەزیرانی دەرەوەی بلۆکە فراوانکراوەکەی کرد، کە ئێستا ئێران، سعودیە و ئیماراتیش لەخۆدەگرێت، وڵاتانێک کە لەسەر ململانێکەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناکۆکن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 14-05-2026، سوبرامانیام جەیشەنکار، وەزیری دەرەوەی هیندستان لە گوتاری دەستپێکیدا گوتی: "لە کاتێکدا کۆدەبینەوە کە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە گۆڕانکارییەکی بەردەوامدان."
 
لە نێو وەزیرە بەشداربووەکاندا، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا ئامادەبوون.
 
جەیشەنکار گوتی: "جەنگە بەردەوامەکان، ناجێگیریی ئابووری و ئاڵنگارییەکان لە بواری بازرگانی، تەکنەلۆژیا و کەشوهەوادا، دیمەنی جیهانی دادەڕێژن."
 
وەزیری دەرەوەی هیندستان ئاماژەی بەوە کرد، رۆژ لەدوای رۆژ چاوەڕوانییەکی زیاتر هەیە، بەتایبەتی لەلایەن بازاڕە تازەپێگەیشتووەکان و وڵاتانی گەشەسەندووەوە، کە بریکس رۆڵێکی بنیاتنەر و سەقامگیرکەر ببینێت.
 
پچڕانەکان لە رێڕۆکانی کەشتیوانیی کەنداو و تەنگەی هورمزدا، بەردەوامن لە دروستکردنی ناجێگیری لە بازاڕەکانی نەوت و گازدا، کە ئەمەش گوشاری لەسەر ئابووریی وڵاتانی هاوردەکاری وزە زیاد کردووە، لەنێویاندا هیندستان.
 
جەنگەکەی ئێران گوشاری زیاتری خستووەتە سەر ئابووریی هیندستان، کە بەشێوەیەکی بەرچاو پشت بە وزەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و هاوردەکردنی پەین دەبەستێت.
 
هیندستان، کە سێیەم گەورەترین کڕیاری نەوتە لە جیهاندا، بە شێوەیەکی ئاسایی نیوەی نەوتی خاوی لە رێگەی تەنگەی هورمزەوە دابین دەکات، کە لەدوای دەستپێکردنی جەنگەوە چەندین جار داخراوە. زانیارییەکان دەریدەخەن کە هیندستان بەشێکی ئەو بۆشاییەی بە رووکردنە هاوپەیمانە کۆنەکانی پڕکردووەتەوە و گەورەترین پشتیوانیشی نەوتی خاوی رووسیا بووە.
 
جەیشەنکار ئێوارەی رۆژی چوارشەممە لەگەڵ لاڤرۆڤ کۆبووەوە و رایگەیاند، "هاریکاریی سیاسیی ئێمە لە دۆخێکی جیهانیی ناجێگیر و گۆڕاودا بەهادارترە."
 
وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین ئامادەی کۆبوونەوەکە نەبوو، بەهۆی ئەوەی کە دۆناڵد ترەمپ لە پەکینە.
 
بەهۆی ناکۆکییە قووڵەکانی نێوان هەندێک لە ئەندامەکان، لەوانەش لەسەر جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، روون نەبوو کە ئایا لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا راگەیێندراوێکی هاوبەش بڵاودەکرێتەوە یان نا.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ سەرۆکی چین وەستاوە و سڵاوی سەربازی لە سەربازێک دەکات. وێنە: AFP

ترەمپ لە چین چی دەکات و باسی چ بابەتێک دەکات؟

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە پەکین سەرقاڵی کۆبوونەوە و گفتوگۆن، تێیدا سەرەڕای پێشوازیی گەرم و پەیامە دۆستانەکانی ترەمپ، شی جینپینگ هۆشدارییەکی تووندی دا لەوەی ئەگەر پرسی تایوان بە هەڵە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، رەنگە دوو وڵاتەکە "بەیەکدابدەن و تەنانەت بچنە نێو ململانێشەوە." لووتکەکە کە زیاتر لە دوو کاژێری خایاند، چەندین پرسی ئاڵۆزی وەک بازرگانی، جەنگی ئێران و تایوانی لەخۆگرت.