رووداو دیجیتاڵ
ئەو ئافرەتە هاووڵاتییە ئیسرائیلی – رووسییەی کە حەوت مانگ لەمەوبەر لە عێراق لەلایەن گرووپێکەوە رفێندرا و تاوەکو ئێستا دیارنییە لە کوێیە، یەکەم ڤیدیۆی بڵاوکرایەوە، ئەو ئافرەتە کە خۆی بە ئەندامی دەزگای هەواڵگریی مۆسادی ئیسرائیلی و CIAـی ئەمریکی دەناسێنێت، دەڵێت کاری بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە و ئیسرائیل کردووە.
شەوی دووشەممە، 13-11-2023، کەناڵی"رابیعە"ـی عێراقی کە یەکێکە لە کەناڵەکانی نزیک لە گرووپە چەکدارەکانی عێراق، گرتەیەکی ڤیدیۆیی "ئێلیزابێت تسورکۆڤ"، ئەکادیمیستی ئیسرائیلی-رووسی بڵاوکردەوە کە لەشێوەی دانپێدانانە و ماوەکەی چوار خولەکە.
ئەو ژنە کە هێشتا هیچ گرووپێک رفاندنی لە ئەستۆ نەگرتووە، لە سەرەتای گرتە ڤیدیۆییەکەیدا دەڵێت، "ناوم ئێلیزابێت تسورکۆڤە، هاووڵاتییەکی ئیسرائیلیم، تەمەنم 37 ساڵە، ئیسرائیلم بەجێهێشت و چوومە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بۆ بەرژەوەندیی مۆساد و CIA کارمکردووە، لە سووریا کارمکردووە بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەنێوان ئیسرائیل و هێزەکانی سووریای دیموکرات لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، لەساڵی 2022 بە سیفەتی ئەوەی سەر بە مۆساد و CIAم سەردانمکردووە."
هەروەها باسی عێراق دەکات و دەڵێت: "لە عێراق لەسەر ناکۆکییەکان کارمکردووە، بەهێزکردنی ناکۆکییەکان، لەرێگەی هاوئاهەنگی خۆپێشاندانەکانی تشرین لە عێراق کارمان لەسەر بەهێزکردنی ناکۆکییەکان دەکرد، لەپێناو دروستبوونی شەڕی شیعە و شیعە لەنێو عێراق."
سەبارەت بە رووداوەکانی غەززە و شەڕی نێوان بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل، ئەو ژنە هێرشدەکاتە سەر ئیسرائیل و دەڵێت: "من بەدواداچوونێکی باشم بۆ رووداوەکانی غەززە هەیە، رۆژانە چاودێری رووداوەکانی غەززە دەکەم لە کوشتنی منداڵان و ژنان و پیاوان و بۆردومانکردنی نەخۆشخانەکان، ئەم سیاسەتە دەبێتە هۆی رق لەنێوان ئێمە و گەلی فەلەستینی لە غەززە و نابێتە هۆی ئاشتی لەگەڵ غەززە، ئەمە بەڕێوەبردنێکی گەمژانەیە لەلایەن حکومەتی نەتەنیاهووەوە ، دەبێتە هۆی کارەسات و بەردەوامیی شەڕ."
ئێلیزابێت تسورکۆڤ، خوێندکاری دکتۆرایە لە پسپۆڕی سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە ئاداری ئەم ساڵ لە ناوەڕاستی بەغدا لە دۆخێکی گوماناویدا دیارنەما و دواتر پەنجەی تۆمەت بۆ گرووپە چەکدارەکان درێژکرا.
ئەو بەکالۆریۆسی لە گەیاندن و پەیوەندییەکانی نێودەوڵەتی لە زانکۆی عیبری هەیە، ماستەری لە مێژووی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی تەلئەڤیڤ بەدەستهێناوە، قوتابیی دکتۆرایە لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی برینستۆن، چەندین توێژینەوەی لەسەر گرووپە چەکدارەکان هەیە.
ئێلیزابێت تسورکۆڤ، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە هێشتا روون نییە بە زۆر قسەکانی پێکراوە یان نا، داوایەک لە کەسوکاری ئەوانە دەکات، کە لە رۆژی 7ـی ئۆکتۆبەر لە هێرشەکەی سەر ئیسرائیل، کەوتنە دەست چەکدارانی حەماس و دەڵێت: "داوا لە کەسوکاری بارمتەکان دەکەم، کە لە غەززەن بەردەوام بجولێن بۆ راگرتنی شەڕی سەر غەززە، لەپێناو کوڕ و کچانتان، دەبێتە هۆی کوشتنیان، ئەو شەرەی نەتانیاهوو بەشێوەیەکی گەمژانە بەڕێوەی دەبات لە رێگەی سارای هاوژین و یائیری کوڕییەوە، ئەگەر دەتانەوێت کوڕ و کچانتان بە زیندوویەتی بگەڕێنەوە، پیویستە شەر بوەستێت."
ئێلیزابێت تسورکۆڤ، کە شوێنی دەرکەوتنی لەو گرتە ڤیدیۆییەدا دیارنییە، جەخت لە کارکردنی بۆ دەزگا هەواڵگرییەکانی مۆسادی ئیسرائیلی و سی ئای ئەی-ی ئەمریکی دەکاتەوە و رەخنە لە مۆساد دەگرێت و دەڵێت: "بۆ خزمەتکردنی مۆساد و CIA گەیشتمە عێراق، ئێستا دیلم، نزیکەی حەوت مانگ دەبێت، من خزمەتی دەوڵەتی ئیسرائیلم کردووە، پێموایە هیچ شتێک رووینەداوە، هیچ هەوڵێک بۆ ئازادکردنم نییە، بەڵام گرنگە گەلی ئیسرائیل بزانن ئەمەیە حکومەتی ئیسرائیل، من لە دۆخێکی ئاساندا نییم."
لە کۆتایی قسەکانیدا پەیامێک بۆ خێزانەکەی دەنێرێت و دەڵێت: "بۆ خێزانەکەم، دایک و باوکم، رینا، کادی، ئیما، ئەڤیتاڵ، داڤید، هاوڕێیەکانم، کاربکەن بۆ ئەوەی بەزووترین کات رزگارم ببێت، لەپێناو ئەوەی بگەڕێمەوە بۆ لایان."
رۆژی چوارشەممە، 5ی تەممووزی 2023 نووسینگەی بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، چوار مانگە هاووڵاتییەکی ئیسرائیلی - رووسی بەناوی ئێلیزابێت تسورکۆڤ، لە عێراق بێسەروشوێنە، بەڵام ئێستا بۆیان ئاشکرا بووە، کە ئەو ئافرەتە زیندووە و لەلای چەکدارانی کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراقەوە دەستبەسەرە.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، "تسورکۆڤ هێشتا لە ژیاندا ماوە و عێراقیش بە بەرپرسیار دەزانین لە چارەنووس و سەلامەتی."
نووسینگەکەی نەتەنیاهوو ئاماژەی بەوەشکردووە، "تسۆرکۆڤ ئافرەتێکی ئەکادیمییە و لەسەر داوای خۆی بە مەبەستی توێژینەوەیەکی دکتۆرا بەناوی زانکۆی پرینستنی ئەمریکییەوە سەردانی عێراقی کردووە."
بەڵام کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق رەتیکردەوە، ئەو ئافرەتە لەلای ئەوان بێت و دەڵێت: "هەوڵەکانمان چڕدەکەینەوە بۆ زانینی چارەنووسی ئەو دیلە یان دیلەکانی زایۆنی لە عێراق لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بۆ زانینی نیازی ئەو مافیا تاوانکارانە و ئەوانەشی کە ئاسانکاری جوڵەکانیان لە وڵاتێکدا دەکەن، کە مامەڵەکردن لەگەڵیان بەتاوان دەزانێت و قەدەخەی دەکات."
تسورکۆڤ، کە لە تویتەر چالاک بوو، دوا تویتی لە مانگی کانوونی یەکەمی رابردوو بووە، کە لینکی توێژینەوەیەکی خۆی بووە دەربارەی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا، کە لە سووریان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ