رووداو دیجیتاڵ
لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا (بۆندستاگ)، دەنگی گۆڕانکارییەکی گەورە بەرامبەر دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبیسترێت. پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا لە لێدوانەکانیاندا بۆ رووداو، نەک تەنیا کۆتاییهاتنی تەمەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران رادەگەیێنن، بەڵکو بۆ یەکەمجار بە ئاشکرا باس لە "رەوایەتیی هێرشی سەربازیی ئەمریکا" بۆ سەر سوپای پاسداران دەکەن. هاوکات لەگەڵ ئامادەکارییەکان بۆ سەردانی ئەحمەد شەرع (جۆلانی) بۆ بەرلین، مۆدێلی هەرێمی کوردستان وەک باشترین نەخشەڕێگە بۆ داهاتووی ئێران و سووریا دەخرێتەڕوو.
بەشێک لە کاریگەرترین پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و فراکسیۆنە جیاوازەکان، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی سیاسەتی نوێی وڵاتەکەیان بەرامبەر تاران و دیمەشق ئاشکرا دەکەن.
"ئێران لە دوا رۆژەکانیەتی و چانسی نەماوە"
یورگن هاردت، پەرلەمانتاری باڵای پارتی دیموکراتی مەسیحی (CDU) و ئەندامی کارای لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، بە زمانێکی یەکلاکەرەوە باس لە چارەنووسی دەسەڵاتدارانی تاران دەکات. هاردت بە رووداوی راگەیاند: "حکومەتی ئێستای ئێران هیچ هەلێکی نەماوە وڵات بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی سەقامگیری. ئەو دیمەنە دڵتەزێنانەی کوشتنی سەدان کەس و سەرکوتکارییەکان، نەیانتوانیوە خەڵک لە شەقام سارد بکەنەوە."
هاردت ئاماژە بەوە دەکات کە قەبارەی بازرگانیی نێوان ئەڵمانیا و ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی نزم و دەڵێت: "بازرگانیمان لەگەڵ ئێران کەمترە لە بازرگانی لەگەڵ وڵاتێکی بچووکی وەک لیختنشتاین؛ واتە نزیکبووەتەوە لە سفر."
لای خۆیەوە، کریستینا شتومپ، پەرلەمانتاری هەمان پارت، جەخت لەوە دەکاتەوە کە پرسیارەکە لەسەر ئەوە نییە ئایا رژێم دەڕووخێت یان نا، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە "کەی دەڕووخێت؟".
ئێرانییەکان چاویان لە ترەمپە
پڕۆفیسۆر د. رەزا ئەسغەری، پەرلەمانتاری ئەڵمانیا کە بە رەچەڵەک ئێرانییە، زانیاریی سەرنجڕاکێش لەبارەی دۆخی دەروونیی شەقامەکانی تاران بۆ رووداو دەدرکێنێت.
ئەسغەری دەڵێت: "گەلی ئێران چاوی لە دەستوەردانی ئەمریکایە. پێشتر لە تاران ناوی شەقامێکی گەورە لەلایەن خەڵکەوە بۆ 'شەقامی ترەمپ' گۆڕدراوە. ئەمە پەیامێکی روونە کە خەڵک چاوەڕێی یارمەتین لە واشنتنەوە بۆ رزگاربوون لەم رژێمە کە نوێنەری سەدەکانی ناوەڕاستە."
یەکێک لە گرنگترین گۆڕانکارییەکان لە هەڵوێستی پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا، نەرمی نواندنە بەرامبەر بژارەی سەربازی. یورگن هاردت، کە دەنگێکی دیاری سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیایە، بە رووداوی گوت، ئەگەر رژێمی ئێران بیەوێت وڵات بکاتە "گۆڕستان" و کۆمەڵکوژی بکات، ئەوا یاسای نێودەوڵەتی رێگە بە دەستوەردان دەدات.
هاردت گوتی: "لەم دۆخەدا، ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا بڕیار بدات دژی پاسداران یان سوپای ئێران هەنگاوی سەربازی بنێت، من ئەو کەسە نابم کە سەرکۆنەی بکەم."
مۆدێلی هەرێمی کوردستان؛ نەخشەڕێگەیەک بۆ داهاتووی تاران و دیمەشق
سەبارەت بەوەی دوای رووخانی رژێمەکان، چۆن پارێزگاری لە مافی کورد و کەمینەکان بکرێت، چاوەکان لەسەر هەولێرن. یورگن هاردت دەڵێت، تاکە رێگە بۆ داهاتووی ئێران و سووریا، پەیڕەوکردنی سیستمی فیدراڵییە.
هاردت ستایشی ئەزموونی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: "من پەیوەندیم بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە هەیە؛ بە بڕوای من، ئەم مۆدێلی حکومەتی ئۆتۆنۆمیی کورد لە باکووری عێراق پرۆژەیەکی سەرکەوتووی هاوئاهەنگی بوو. دەکرێت سووریا و ئێران لەم مۆدێلە فیدراڵییە فێر ببن."
هەروەها جەختی کردەوە: "کورد لە داهاتووی ناوچەکە و ئێراندا رۆڵێکی گەورە دەگێڕن و پێویستە بیگێڕن، چونکە ئەوان بوون پێشەنگایەتیی شۆڕشی (ژن، ژیان، ئازادی)یان کرد."
سەردانی جۆلانی بۆ بەرلین و دۆسیەی "تاوانی جەنگ"
تەوەرێکی دیکەی گەرمی نێو پەرلەمانی ئەڵمانیا، سەردانی چاوەڕوانکراوی ئەحمەد شەرع (جۆلانی)، سەرۆکی دەسەڵاتی کاتیی سووریایە بۆ بەرلین، لە رۆژی دووشەممەی داهاتوو.
کلارا بونگەر، پەرلەمانتاری پارتی چەپ (Die Linke) بە تووندی دژی ئەو سەردانە وەستایەوە و بە رووداوی گوت: "ناکرێت ئەڵمانیا لەگەڵ تاوانبارێکی جەنگ قسە بکات."
بونگەر رەخنەی لە بێدەنگیی ئەڵمانیا گرت بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییەی لە حەلەب دژی کورد کرا و گوتی: "دەبێت پەیامێکی زۆر روون بە جۆلانی بگەیێندرێت کە دەبێت کۆتایی بە کۆمەڵکوژییەکان دژی کورد بهێنێت. نابێت هیچ کوردێک دیپۆرت بکرێتەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی ئەو."
لە بەرامبەردا، یورگن هاردت بۆچوونێکی جیاوازی هەبوو و پێیوابوو جۆلانی تاکە بژارەیە و دەبێت "متمانەی پێ بکرێت، بەڵام چاودێری بکرێت".
هاردت ئاشکرای کرد کە ئەڵمانیا ستراتیژێکی نوێی هەیە بۆ سووریا: "دەمانەوێت هێزە کوردییەکان بەشێک بن لە بنیاتنانەوەی سووریا و سوپایەکی یەکگرتووی داهاتوو، ئەمەش یەکێک دەبێت لە بابەتە سەرەکییەکانی گفتوگۆ لەگەڵ جۆلانی."
هەوڵەکان بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران
هەردوو پەرلەمانتار، کریستینا شتومپ و رەزا ئەسغەری پشتڕاستیان کردەوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و یەکێتیی ئەورووپا لە قۆناخی کۆتایی دانانی سوپای پاسدارانن لە لیستی تیرۆر.
شتومپ گوتی: "وەزیری دەرەوە لەسەر ئاستی ئەورووپا کار دەکات بۆ ئەوەی سوپای پاسداران بخەینە لیستی تیرۆرەوە." ئەسغەریش پێشبینی دەکات ئەم بڕیارە لە رۆژانی داهاتوودا دەربچێت و دەڵێت: "ئەمە کەمەرشکێن دەبێت بۆ رژێمی تاران."
دەقی تەواوی هەڤپەیڤینەکانی رووداو لەگەڵ پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا
هەڤپەیڤینی یورگن هاردت، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە (CDU)
رووداو: بەڕێز یورگن هاردت، سوپاس بۆ ئەم کاتەت. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند کە ئێران لە دوا رۆژەکانیەتی. ئایا ئێوە چی دەزانن کە ئێمە نایزانین؟ ئایا باوەڕتان وایە ئێران لە دوا رۆژەکانیەتی؟
یورگن هاردت: ئەگەر سەیری دۆخی ئێستای ئێران بکەین، ئەو دیمەنە دڵتەزێنانەی کە سەدان کەسی تێدا کوژراون و ژمارەیەکی زۆر دەستگیرکراون و ترسیشمان هەیە لە دادگاییکردنی بەپەلەدا سزای قورسیان بەسەردا بدەن... لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەو هەموو خەڵکە دەڕژێنە سەر شەقامەکان. خەڵک زۆر ئازان کە ئەم کارە دەکەن، بەبێ ئەوەی لە دەرەوە هان بدرێن، تەنیا لەبەر ئەوەی گوشاری ناوخۆی وڵات زۆر گەورەیە. ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەم حکومەتەی ئێستای ئێران چانسی ئەوەی نەماوە وڵات بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی سەقامگیری و ئاشتی. رەنگە بتوانن کەمێک زیاتر خۆپێشاندانەکان سەرکوت بکەن، بەڵام بێگومان گۆڕانکاری لە دۆخە سیاسییەکەدا روودەدات. هیوادارم بەو خوێنڕشتنە زۆرەی ئێستا نەبێت.
رووداو: حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت ئێمە هاوکاریی خۆپێشاندەران دەکەین. ئایا چۆن دەتوانن هاوکاریی خۆپێشاندەرانی ئێران بکەن؟
یورگن هاردت: ئەمڕۆ لە لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە بە داخراوی گفتوگۆمان لەسەر ئەم بابەتە کرد و رۆژی هەینیش لە پەرلەمانی ئەڵمانیا، لە چوارچێوەی گفتوگۆیەکی تایبەت لەسەر ئێران و لە کاتی تەرخانکراو بۆ سیاسەتی دەرەوە، گفتوگۆی لەسەر دەکەین. داوامان لە حکومەت کردووە بەردەوام بێت لە هەوڵەکانی بۆ ئەوەی "سوپای پاسداران" لە ئەورووپا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بخاتە لیستی تیرۆرەوە. ئەمە داواکارییەکی ئاشکرایە لە حکومەتی ئەڵمانیا و بە تووندی بەدواداچوونی بۆ دەکرێت. بینیمان کە سزاکان بە شێوەیەکی بەرچاو تووندتر کراونەتەوە. قەبارەی بازرگانیی نێوان ئەڵمانیا و ئێران ئەمڕۆ کەمترە لە بازرگانی لەگەڵ لیختنشتاین، کە وڵاتێکی بچووکە لە ئەورووپا. واتە نزیکبووەتەوە لە سفر. هەروەها هەوڵدەدەین باشتر هاوکاری بکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی گوشارە سنووربەزێنەکانی لایەنگرانی رژێمی ئێران کە لێرە گوشار دەخەنە سەر ئێرانییەکان. لەسەر رێچکەیەکی باشین. لە کۆتاییدا، گۆڕانکاری لە ئێران تەنیا بە دەستی گەلی ئێران خۆی دەکرێت، بەڵام کاتێک رژێم رووخا، دەتوانن لە بنیاتنانەوەی وڵاتێکی نوێدا پشت بە ئێمە ببەستن.
رووداو: باسی خاڵێکی گرنگت کرد. هەندێک وڵات داوا دەکەن ئەمریکا هێرش نەکاتە سەر ئێران. بۆچوونی تۆ لەم بارەیەوە چییە؟
یورگن هاردت: بە بۆچوونی سەرەتایی من، ئەمە دەبێتە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتی. بەڵام ئەگەر دەرکەوت رژێم بە مەبەستی کۆمەڵکوژی بەشێکی زۆری گەلەکەی دەکاتە ئامانج و دەخوازێت ئێران بکاتە گۆڕستان، بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی دەرفەتی دەستێوەردان هەیە. لەم دۆخەدا، ئەگەر سەرۆکی ئەمریکا بڕیار بدات دژی پاسداران یان سوپای ئێران کە دژی گەلەکەی دەجەنگێت هەنگاو بنێت، من ئەو کەسە نابم کە سەرکۆنەی بکەم. دواتر دەبێت هەڵسەنگاندن بکەین کە ئایا لە بەرژەوەندیی ئەو ئامانجە دەبێت یان نا. من ناتوانم هانی سەرۆکی ئەمریکا بدەم، چونکە نازانین دەرەنجامە نەرێنییەکانی چی دەبن، بەڵام ناڵێم ئەمە بە تەنیا دژی یاسای نێودەوڵەتییە و نابێت جێبەجێ بکرێت.
رووداو: لە داهاتوودا مافی کوردانی ئێران و کەمینەکانی دیکە چۆن دەبێت؟ چی گرەنتییەک هەیە؟
یورگن هاردت: پێموایە داهاتووی ئێران تەنیا بە مۆدێلێکی هاوشێوەی عێراق دەبێت، واتە هەبوونی ئۆتۆنۆمی و خۆبەڕێوەبەرییەکی بەهێز بۆ گرووپە کولتووری و نەتەوەییە جیاوازەکان، کە بۆ پێشخستنی وڵات بە گشتی باش دەبێت. کاتێک هەندێک گرووپ توانای خۆپێشخستنیان هەبێت، ئەوانی دیکەش دەتوانن سوودی لێ ببینن، وەک کوردانی عێراق کە توانایان هەیە بە باشی خۆیان پێشبخەن و بەمەش تەواوی دەوڵەتەکە بەرەو پێش دەبەن. بە بڕوای من، گەشەسەندنێکی فیدراڵی و سێکۆلار بۆ ئێران ناچارییە. سێ ساڵ لەمەوبەر بینیمان کە بەتایبەتی هێزە کوردییەکان و خەڵکی سڤیلی کورد بوون پێشەنگایەتیی خۆپێشاندانی ژنانیان کرد دژی رژێم. گەورەترین خۆپێشاندانەکان لە شارە کوردییەکان بوون. هەرخۆی هۆکاری سەرەکییەکەش کوشتنی ژنێکی کورد (ژینا ئەمینی) بوو. لەبەر ئەوە کورد لە ناوچەکە و هەروەها لە ئێرانیش لە داهاتوودا رۆڵێکی گەورە دەگێڕن و پێویستە بیگێڕن.
رووداو: باسی رۆڵی گرنگی کوردت کرد، بەڵام هاوکات کورد لە ناوچەکە رووبەڕووی تووندوتیژی و کۆمەڵکوژی دەبنەوە، وەک لە حەلەب بینیمان. ئەڵمانیا بێدەنگ بوو، بۆچی؟
یورگن هاردت: وەک پەرلەمانتارانی ئەڵمانیا و حکومەتی فیدراڵ، بە نیگەرانییەوە چاودێریی دۆخی حەلەبمان کرد و کاریگەریمان لەسەر حکومەتی ناوەندیی سووریا دروستکرد بۆ راگەیاندنی ئاگربەست. دەمانەوێت هێزە کوردییەکان بەشێک بن لە بنیاتنانەوەی سووریا و شەڕی ناوخۆ لە نێوان کورد و هێزەکانی دیکەدا نەمێنێت. ئەمە یەکێک دەبێت لە بابەتە سەرەکییەکان لە سەردانی سەرۆکی حکومەتی سووریا (ئەحمەد شەرع/جۆلانی). ئێمە پشتیوانیی خۆمان بە پرۆسەیەکی گشتگیرەوە دەبەستینەوە کە هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتی و نەتەوەییەکان تێیدا جێگەیان ببێتەوە. بێگومان بە پێچەوانەشەوە داوا و چاوەڕوانی ئەوە لە هەموو گرووپە کۆمەڵایەتییەکان دەکەین کە خۆیان لە پرۆژەیەکی لەو شێوەیەدا بگونجێنن. بەڕاستی باوەڕم وایە سووریا پێویستی بە سوپایەکی یەکگرتوو هەیە لەژێر دەسەڵاتێکی دیموکراسیدا کە گرووپە چەکدارە کوردییەکانیش بەشی خۆیان تێیدا هەبێت.
رووداو: بەڕێز هاردت، بینیت لە حەلەب کۆمەڵکوژی دژی کورد کرا. وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا تەنیا گوتی ئاگاداری هەندێک ئاڵۆزین. بۆچی بێدەنگ بوون کاتێک هەزاران سڤیل کوژران و ژنان لە باڵەخانەکانەوە فڕێدرانە خوارەوە؟
یورگن هاردت: هەڵسەنگاندنی بەرپرسیارێتییەکان لە دوورەوە، لە ئەڵمانیاوە ئەستەمە. بەڵام پێموایە لەپێناو گەشەسەندنێکی باشی سووریا، پێویستە لێکۆڵینەوە بکەین کە لە کوێ پێشێلکاریی مافی مرۆڤ روویداوە، ئەو پێشێلکارییانەی ئەو حکومەتەش دژی وەستایەوە. دەبێت دادپەروەری لە پرۆسەیەکی ناوخۆیی سووریادا فەراهەم بکرێت و ئەوانەی بە ناوی حکومەت یان وەک میلیشیا تاوانیان کردووە، سزا بدرێن.
رووداو: بەڕێز هاردت، بڕیارە ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی) سەردانی بەرلین بکات. چۆن داوای لێدەکەن مافی مرۆڤ و کەمینەکان لە سووریا بپارێزێت؟
یورگن هاردت: پێموایە ئەمە خاڵی سەرەکیی گفتوگۆ دەبێت لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا و پەرلەمانتاران. ستراتیژیی ئێمە ئەوەیە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ ئەم حکومەتە دروست بکەین، چونکە هیوادارین ئەم حکومەتە ئەو گۆڕانکارییە بهێنێت کە لە سەردەمی ئەسەددا نەکرا. پێمانوایە بەم رێگەیە دەتوانین کاریگەریمان هەبێت لەسەر شێوازی بنیاتنانی داهاتووی وڵاتەکە.
رووداو: دەتانەوێت چ بابەتێکی لەگەڵ باس بکەن؟
یورگن هاردت: بابەتی مافی مرۆڤ، بنیاتنانەوەی وڵات و شێوازی بەشداریکردنی سوورییەکانی دەرەوەی وڵات گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. بە بڕوای من، زۆرینەی سوورییەکان لە ئەڵمانیا دەیانەوێت بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکی خۆیان، ئەگەر لەوێ هاوکاری بکرێن. دەبێت بیر لە مۆدێلی زیرەک بکەینەوە، وەک پێدانی قەرزی بێ سوود بۆ دروستکردنەوەی خانوەکانیان، ئەگەر بیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان و هاوکاریی تاکەکان بکەین لەجیاتی ئەوەی پارەی زۆر بدەینە حکومەتی ناوەندی. بەڵام پێویستە لە مانگەکانی داهاتوودا بیر لەم بیرۆکانە بکەینەوە.
رووداو: ئایا باوەڕت وایە دەتوانێت ئەو سووریایە دروست بکات کە ئێوە چاوەڕوانن؟ بۆچی کاتێک توندوتیژی دژی کورد دەکرێت وڵاتانی ڕۆژئاوا بێدەنگن، لەکاتێکدا کورد لە عێراق و سووریا شەڕی داعشی کرد؟
یورگن هاردت: بە چەکی ئەڵمانی و پشتیوانیی ئەڵمانیا بوو کە بڕیارمان دا، بەپێچەوانەی دەیان ساڵی رابردوو، چەک بدەینە کەسانێک کە ئازادیی خێزانەکانیان و ئێزدییەکان دەپارێزن و مسۆگەری دەکەن، سەرەڕای ئەوەی ناوچەیەکی ناسەقامگیرە. من پەیوەندیم بە حکومەتی سەربەخۆی کوردستان [حکومەتی هەرێمی کوردستان]ـەوە هەیە لە باکووری عێراق. بە بڕوای من، ئەم مۆدێلی حکومەتی ئۆتۆنۆمیی کورد لە باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان) پرۆژەیەکی سەرکەوتووی هەماهەنگی بوو. رەنگە بتوانرێت سووریا و ئێران لەم مۆدێلە فیدراڵییە فێر ببن کە بە پێدانی ئۆتۆنۆمیی کولتووری و سیاسی، باشتر بنیاتنانی وڵات دەپارێزێت. ئەڵمانیا خۆشی دەوڵەتێکی فیدراڵە؛ ئەڵمانیا بەبێ باڤاریا چۆن دەبوو؟
رووداو: باوەڕت وایە ئەحمەد شەرع بتوانێت ئەوە بکات؟
یورگن هاردت: من ئەو لە نزیکەوە ناناسم، بەڵام لەم کاتەدا کەسی دیکە نابینم بتوانێت ئەم ئەرکە راپەڕێنێت یان متمانەی پێ بکرێت. بۆیە دەبێت متمانەی پێ بکەین کە بتوانێت پرۆسەیەکی دیموکراسی دەستپێبکات و لە کۆتاییدا شەرعییەتێکی دیموکراسی و کۆنترۆڵی دیموکراسی بەسەر ناوچەیەکدا هەبێت لە رێگەی پەرلەمانێکەوە. بابەتی هەڵبژاردنەکان لە سووریا لەم نزیکانەدا دەبێتە رۆژەڤ....
هەڤپەیڤینی لەگەڵ پڕۆفیسۆر د. رەزا ئەسغەری (CDU)
رووداو: بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر رەزا ئەسغەری، ئێوە لە پەرلەمانی فیدراڵیی ئەڵمانیا ئەندامی پارتی دیموکراتی مەسیحی (CDU)ن و بەهۆی ئەوەی بە رەچەڵەک ئێرانیین، رەوشی ئێران بە باشی دەزانن. ئەڵمانیا دەیەوێت بزانێت چۆن دەتوانێت پشتگیری لە خۆپیشاندەرانی ئێران بکات؟
د. رەزا ئەسغەری: بەڵێ، بە راستی راوێژکاری فیدراڵ (مێرتز) راست دەکات؛ مەرجەکان هیچ کات هێندە گونجاو نەبوون بۆ ئەوەی ئەم سیستمە و ئەم رژێمە تێکبشکێنرێت. بینینی ئەمە زۆر کاریگەرە کە هەر شارێکی بچووک لە ناو ئەم راپەڕینە گەورەیەدا جێگەی دەبێتەوە. هەروەها هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش سەرنجڕاکێشە؛ دۆناڵد ترەمپ چەندین جار پشتگیریی خۆی نیشان دا و ئەمەش بێگومان بوێرییەکی گەورەی بە خەڵک بەخشی کە سەرەڕای مەترسی لەسەر ژیانیان بڕژێنە سەر شەقامەکان. بە خۆشحاڵییەوە بیستم کە دوێنێ وەزیری کاروباری دەرەوەی ئەڵمانیا دوای سەردانەکەی بۆ ئەمریکا رایگەیاند، هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی سوپای پاسداران لە ئەورووپا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی بناسرێن. من چاوەڕێم ئەم هەنگاوە لە رۆژانی داهاتوودا بنرێت و بەمەش گوشارێکی گەورە لەسەر رژێمی ئیسلامی لە تاران دروست ببێت.
رووداو: بەڕێز پرۆفیسۆر دکتۆر ئەسغەری، کاریگەریی ئەم سزایانە لەسەر ئەو کەسانەی کە ئێستا لەسەر شەقامەکانی ئێرانن و مافەکانیان ناپارێزرێت چۆن دەبێت؟
د. رەزا ئەسغەری: من بڕوام وایە کاریگەرییەکی ئەرێنی دەبێت، چونکە رێکخراوی سوپای پاسداران ئەو دامەزراوەیەیە کە ئەم ستەمە بەڕێوەدەبات، خەڵک راودەنێت، دەکوژێت و دەستگیریان دەکات. ئەگەر ئەم رێکخراوە بکەوێتە ژێر گوشارەوە، ئەمە بە واتای ئاسانکاری دێت بۆ گەلی ئێران. بێگومان گرنگترین شت ئەوەیە کە هەڵوێستی ئەمریکا چۆن دەبێت و ئایا دۆناڵد ترەمپ بەڵێنەکەی جێبەجێ دەکات یان نا. ئەگەر دۆناڵد ترەمپ ئەوەی لە رۆژانی دواییدا چەندینجار رایگەیاندووە ئەنجامی بدات، من بڕوام وایە کە سیستمەکە هەرەسی پێ دەهێنرێت. من تەنیا داواکارییەکانی گەلی ئێران دەگەیەنم؛ گەلی ئێران دەیەوێت دۆناڵد ترەمپ دەستوەردان بکات. پێشتر لە تاران ناوی شەقامێکی گەورە بۆ "شەقامی ترەمپ" گۆڕدراوە. ئەمە نیشان دەدات کە خەڵک لە ئێران ئێستا چۆن بیر دەکەنەوە. خەڵک دەیانەوێت خۆیان رزگار بکەن. رژێمی ئێران نوێنەری سەدەکانی ناوەڕاستە؛ ژنان دەکوژن تەنیا لەبەر ئەوەی چەند تاڵە قژێکیان دیارە و وڵاتیان خستووەتە ناو قەیرانێکی ئابووریی سەختەوە، هەرچەندە ئێران وڵاتێکی زۆر دەوڵەمەندە. لەبەر ئەوە خەڵک چاوەڕێی یارمەتین لە واشنتنەوە.
رووداو: ئەڵمانیا تاوەکو چەند ئامادەیە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئێران؟ چونکە هەندێک وڵات داوا دەکەن ئەمریکا ئەم کارە بکات.
د. رەزا ئەسغەری: نەخێر، من ئەندامی وەزارەتی کاروباری دەرەوە نیم، بەڵام دەزانم کە هەم بەڕێز وەزیر و هەم وەزارەتەکەی ماوەی چەندین مانگە زۆر لە نزیکەوە پەرەسەندنەکانی ناو ئێران چاودێری دەکەن. من وا بیر دەکەمەوە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دیکە ئەورووپا، سیاسەتێکی گشتگیر سەبارەت بە ئێران ئامادە کراوە و لە رۆژانی داهاتوودا زیاتر روون دەکرێتەوە.
هەڤپەیڤینی سێیەم: کریستینا شتومپ (CDU)
رووداو: ئەڵمانیا و پارتەکەتان چۆن دەتوانن هاوکاری خۆپێشاندەرانی ئێران بکەن؟ لە کاتێکدا ئەوان لە دۆخێکی خراپدان؟
کریستینا شتومپ: دەبێت بڵێم ئەو دیمەنانەی لە ئێرانەوە دەگەنە دەستمان و ئەو ئازایەتییەی خەڵک لەژێر ئەم مەرجانەدا نیشانی دەدەن کە دەڕژێنە سەر شەقامەکان... دیمەنی زۆر دڕندانەن کە رژێم دژی گەلەکەی خۆی تووندوتیژی بەکاردەهێنێت. هەواڵی زۆر خەمناک هەن کە ژمارەیەکی زۆر خۆپێشاندەر لەنێو کوژراوەکاندان.
بۆیە دەبێت خەڵک بەردەوام بن، دەبێت بۆ ئازادیی خۆیان لەسەر شەقامەکان درێژە بە خەباتەکەیان بدەن. راوێژکاری فیدراڵیش گوتوویەتی کە ئەم رژێمە دەڕووخێت، پرسیارەکە تەنیا ئەوەیە: کەی؟ بۆیە گرنگە لەگەڵ نوێنەری کاروباری دەرەوەمان، یۆهان وادێفوڵ لەسەر ئاستی ئەورووپا کار بکەین بۆ ئەوەی سوپای پاسداران بخەینە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەورووپاوە. ئەو لە بروکسل لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا لە گفتوگۆی چڕدایە بۆ ئەوەی ئەمە لە کاتێکی نزیکدا بەدیبێت.
گرنگە هاوسۆزیی خۆمان بۆ ئێران و ئەو خەڵکەی لە ئێران لەسەر شەقامەکانن، نیشان بدەین؛ بەتایبەتی دەمەوێت سەرنج بخەمە سەر ژنانی ئازا، ئەوانەی لە ساڵی 2022ـەوە بزووتنەوەیەکیان دەستپێکردووە و لەسەر شەقامەکان بۆ ئازادیی خۆیان تێکۆشاون، بۆ ئەوەی بتوانن قژیان نیشان بدەن (بە کراوەیی بن) و هاوکات بتوانن هەر پیشەیەک کە دەیانەوێت، فێر ببن. ئەوان ژنانی بەهێزن. دەمەوێت پشتیوانی و هاوسۆزیی تەواوی خۆم بۆ هەموو گەلی ئێران رابگەیێنم. ئێمە لەگەڵ گەلی ئێرانین و وەک ئەڵمانیا هەرچی لە دەستمان بێت، دەیکەین.
هەڤپەیڤین لەگەڵ کلارا بونگەر لە (Die Linke)
رووداو: داواتان لە حکومەتی ئەڵمانیا چییە، بۆ یارمەتیدانی خۆپێشاندەرانی ئێران؟
کلارا بونگەر: بەڵێ، وەک بینیمان، هەزاران کەس رژانە سەر شەقامەکان و رژێم بە شێوەیەکی دڕندانە مامەڵە لەگەڵ ئەو خەڵکە دەکات. هەزاران کەس کوژراون، راپۆرتەکان ئەمە پێشان دەدەن و ئێمە وەک پارتی چەپ لەگەڵ ئەو کەسانەین کە خۆپێشاندان دەکەن و داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین هەنگاوی زیاتر لە قسەی ناجیدی بگرێتەبەر. داوا دەکەین ئەو خەڵکەی لێرەن، بەتایبەتی لە ئەڵمانیا، بپارێزرێن؛ دەبێت بڕیاری راگرتنی رەوانەکردنەوە لە سەرانسەری ئەڵمانیا بدرێت و بەرنامەیەکی مرۆیی بۆ وەرگرتنیان پەسند بکرێت. بەم شێوەیە ئەو کەسانەی لە رووی سیاسییەوە چالاکن، لێرە خاوەنی داهاتوو و ئاسایش دەبن. لە رووی سیاسەتی دەرەوەش، لە حکومەتی فیدراڵ دەخوازین زیاتر لە قسە، کرداری هەبێت.
رووداو: سەرۆکی کاتی سووریا دووشەممە سەردانی ئەڵمانیا دەکات، ئێوە داواتان چییە لە راوێژکاری ئەڵمانیا لە کاتی پێشوازی کردن لە ئەحمەد شەرع، ئێوە ئاگادارن کە ئەو کۆمەڵکوژییەی بەسەر کورد هات لە حەلەب، هەڵوێستی ئێوە چییە، کە ئەڵمانیا لەسەر ئەمە بێدەنگ بوو؟
کلارا بونگەر: بە بڕوای ئێمە، نابێت ئەڵمانیا لەگەڵ تاوانبارێکی جەنگ قسە بکات. دەبووایە بانگهێشت نەکرایە، بەڵام دەبێت پەیامێکی روونی پێ بگەیێندرێت کۆتایی بە کۆمەڵکوژییەکان دژی کورد بهێنێت. دەبێت زۆر روون بێت کە ئەڵمانیا لەگەڵ کوردە و بە هیچ شێوەیەک نابێت گەڕاندنەوە یان دیپۆرتکردنەوە بۆ سووریا هەبێت. ئێمە وەک پارتی چەپ سەرکۆنەی ئەم دیدارە لەگەڵ جۆلانی دەکەین و دەڵێین: 'مێرتز، نابێت ئەمە رووبدات'.
وەرگێڕانی لە ئەڵمانییەوە: کەهی مەحموود
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ