کۆریای باشوور و ژاپۆن هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکەی ترەمپ بۆ ناردنی کەشتی بۆ تەنگەی هورمز دەکەن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆریای باشوور دەڵێ، هەڵسەنگاندن بۆ داواکارییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکات بۆ ئەوەی سیئۆل و چەند وڵاتێکی دیکە کەشتیی جەنگی رەوانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەن، بە مەبەستی پاراستنی هاتووچۆی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە تەنگەی هورمز.
 
پەککەوتنی هاتووچۆی کەشتییەکان
 
لەو کاتەوەی لە 28ی شوباتەوە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە، تاران بە هێرش و هەڕەشە وەڵامی داوەتەوە، ئەمەش بووەتە هۆی نزیکەی پەککەوتنی تەواوی هاتووچۆی کەشتییەکان لەو تەنگەیەدا، کە پێنج یەکی نەوتی جیهانی لێوە تێپەڕ دەبێت.
 
داواکارییەکەی ترەمپ
 
دۆناڵد ترەمپ رۆژی شەممە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە کە "چەندین وڵات" کەشتیی جەنگی دەنێرن بۆ ئەوەی رێڕەوەکە بە کراوەیی بمێنێتەوە، لەو چوارچێوەیەشدا ناوی کۆریای باشوور، ژاپۆن، چین، فەرەنسا و بەریتانیای هێنا.
 
 ترەمپ هیوای خواست ئەو وڵاتانەی بەهۆی ئەم "کۆت و بەندە دەستکردەوە" زیانیان پێگەیشتووە، کەشتیی جەنگی بۆ ناوچەکە بنێرن.
 
هەڵوێستی سیئۆل و تۆکیۆ
 
بەرپرسێکی سەرۆکایەتیی کۆریای باشوور دەڵێ: "ئێمە بە وردی چاودێریی لێدوانەکانی سەرۆک ترەمپ دەکەین و لە راوێژێکی نزیکدا دەبین لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ تاوتوێکردنی بابەتەکە."
 
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد کە سیئۆل خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە گرتنەبەری چەندین رێکار بۆ گەرەنتیی سەلامەتیی رێڕەوەکانی گواستنەوەی وزە.
 
کۆریای باشوور، هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی ئاسیا، پشت بە هاوردەکردنی وزە دەبەستێت کە بەشێکی زۆری لە تەنگەی هورمزەوە تێپەڕ دەبێت. بەهۆی جەنگەکەوە، سیئۆل بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 1997ەوە نرخێکی دیاریکراوی بۆ سووتەمەنی داناوە تاوەکو رێگری لە بەرزبوونەوەی نرخەکان بکات.
 
لەلایەکی دیکەوە، تاکایوکی کۆبایاشی، بەرپرسی سیاسەتی پارتی لیبراڵ دیموکراتی دەسەڵاتداری ژاپۆن، رایگەیاند کە ناردنی کەشتیی جەنگیی وڵاتەکەی بۆ ناوچەکە بەگوێرەی یاساکانی ئێستا "زۆر قورسە". 
 
تاکایوکی کۆبایاشی گوتی: "لە رووی یاساییەوە ئەگەرەکە رەتناکەینەوە، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی جەنگەکە، دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتەدا بکرێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە