رووداو دیجیتاڵ
بانکی جیهانی پڕۆژەیەکی فراوانی بە ناوی (بەرەو ئاو) راگەیاند، کە ئامانجی ئەوەیە لە چوار ساڵی داهاتوودا ئاوی پاک بۆ یەک ملیار کەس لە سەرانسەری جیهان دابین بکات؛ ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە کە بەهۆی جەنگ و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەواوە، گوشارێکی زۆر لەسەر سەرچاوەکانی ئاو دروست بووە.
رۆژی چوارشەممە، 15ی نیسانی 2026، ئاجای بانگا، سەرۆکی بانکی جیهانی رایگەیاند، بەرنامەکەیان تەنیا بۆ دروستکردنی ژێرخان نییە، بەڵکو بۆ بەهێزکردنی سیستمەکانە لە بەرامبەر وشکەساڵی و لافاو. بانگا گوتی: "ئاو دیاری دەکات کە ئایا خەڵک هێندە تەندروستن تاوەکو کار بکەن، ئایا منداڵان دەتوانن فێرببن و ئایا کۆمپانیاکان دەتوانن کار بکەن و ئابووری گەشە بکات."
بەپێی راگەیێندراوی بانکی جیهانی، نزیکەی چوار ملیار کەس کە دەکاتە نیوەی دانیشتوانی جیهان، رووبەڕووی کەمیی ئاو بوونەتەوە. ئەم کێشەیە لە کاتی جەنگی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا زیاتر دەرکەوت، بە تایبەت دوای ئەوەی وێستگەکانی شیرینکردنی ئاو لە ئێران و چەندین ناوچەی دیکە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە زیانی گەورەیان بەرکەوت.
بانکەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە تاوەکو ئێستا 14 وڵات خۆبەخشانە پابەندبوونی خۆیان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە کەرتی ئاودا نیشانداوە. بانکەکە لە رێگەی دارایی و راوێژی تەکنیکییەوە یارمەتی 400 ملیۆن کەس دەدات و بڕی ماوەش لە رێگەی هاوبەشەکانی وەک بانکی گەشەپێدانی ئۆپێک و بانکی گەشەپێدانی نوێی سەر بە وڵاتانی برێکس دابین دەکرێت.
شارەزایان پێیان وایە سەرنج خستنە سەر بەڕێوەبردنی ئاو هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام هۆشداری دەدەن کە جێبەجێکردنی ئەم پلانە رێگەیەکی درێژ و سەختی لەبەردەمە، بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە ناسەقامگیریی ئەمنی و گوشاری سیاسییان لەسەرە و توانای ئەنجامدانی چاکسازیی خێرایان نییە.
بانکی جیهانی جەختی کردووەتەوە کە سیستمی ئاوی بەهێز بنەمایەکە بۆ ئابوورییەکی تەندروست کە بتوانێت وەبەرهێنانی کەرتی تایبەت رابکێشێت و هەلی کار بۆ خەڵک دروست بکات، ئەمەش بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە ئابوورییانەی کە بەهۆی جەنگەکانەوە دروست بوون زۆر گرنگە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ