دۆناڵد ترەمپ: لەگەڵ سەرۆک شی هاوڕابووین ئێران نابێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین باسی ئێرانیان کردووە. 
 
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، لەگەڵ شی جینپینگ "هاوڕابوون" کە ئێران نابێت ببێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی. 
 
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی دوایین پێشنیازی ئێرانیش بۆ نەپیتاندنی یۆرانیۆم بۆ 20 ساڵ گوتی، "20 ساڵ بەسە، بەڵام ئاستی گەرەنتییەکەیان بەس نییە، دەبێ 20 ساڵی راستەقینە بێت".
 
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژە بەوەیش دەدات، لەگەڵ سەرۆکی چین لەبارەی تایوان پرسیاری لێ کردووە ئایا ترەمپ سەرباز دەنێرێ ئەگەر شەڕ لەوێ هەڵگیرسا؟
 
دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، رەتیکردووەتەوە وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە.
 
دۆناڵد ترەمپ ئەم قسانەی لەنێو فڕۆکە کرد لە وەڵامی رۆژنامەڤانان،
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رۆژنامەڤانان و دۆناڵد ترەمپ:
 
پرسیار: ئایا سەرۆک شی جینپینگ هیچ پابەندییەکی نیشان داوە بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر ئێرانییەکان تاوەکو تەنگەی هورمز بکەنەوە؟
 
دۆناڵد ترەمپ: من داوای هیچ چاکەیەک ناکەم، چونکە کاتێک داوای چاکە دەکەیت، دەبێت لە بەرامبەردا چاکە بکەیتەوە. ئێمە پێویستمان بە چاکە نییە. ئێمە هێزە چەکدارەکانی ئەوانمان بە کردەیی لەنێو بردووە. رەنگە پێویستمان بە کەمێک پاککردنەوە هەبێت، چونکە گەمارۆیەکی وەهامان هەبوو کە زۆر کاریگەر بوو. بۆیە ئاگربەستمان کرد. ئێمە لەسەر داوای وڵاتانی دیکە ئاگربەستمان کرد. من خۆم لەگەڵ ئەوەدا نەبووم، بەڵام وەک چاکەیەک بۆ پاکستان کردمان، کە خەڵکێکی نایابن، سوپاسالار [عاسم مونیر] و سەرۆکوەزیرانەکەیان. من و سەرۆک شی لەسەر زۆر شت هاوڕاین. لەسەر بازرگانیش زۆر هاوڕاین. ئێمە بازرگانییەکی زۆر دەکەین. جووتیارەکانمان سوودمەند دەبن. 
 
پرسیار: سەبارەت بە ئێران بەڕێز سەرۆک، بۆ ئەوەی روون بێت، هەنگاوی داهاتوو چییە؟ ئایا هەڕەشەی دەستپێکردنەوەی بۆردومان لە ئارادایە؟
 
دۆناڵد ترەمپ: نامەوێت ئەوە بڵێم. حەز دەکەم پێتان بڵێم. حەز دەکەم بڵێم لە فلانی کات و فلانی رۆژ بۆردومان دەستپێدەکات، بەڵام نایڵێم. تەنیا دەتوانم ئەوە بڵێم، و ئەمەش بە متمانەیەکی زۆرەوە دەڵێم: ئێران هەرگیز چەکی ئەتۆمیی نابێت. ئەوە روونادات.
 
پرسیار: سوودی دووبارەکردنەوەی بۆردومان چییە؟ تۆ بۆ ماوەی 38 رۆژ ئەوەت کرد، بەڵام گۆڕانکاریی سیاسی لە ئێران رووینەدا.
 
دۆناڵد ترەمپ: من سەرکەوتنێکی سەربازیی تەواوم هەبوو. بەڵام خەڵکان ئەوانەی وەکو تۆ هەواڵی ساختە بڵاودەکەنەوە، بە هەڵە شتەکان دەنووسن. تۆ پیاوێکی ساختەیت. ئێمە سەرکەوتنێکی سەربازیی تەواومان بەدەستهێنا. ئێمە تەواوی هێزی دەریایی ئەوانمان تێکشکاند. تەواوی هێزی ئاسمانییانمان تێکشکاند. هەموو چەکەکانی دژە فڕۆکەیانمان لەناو برد. هەموو رادارەکانیانمان لەناو برد. هەموو سەرکردە پلە یەکەکانیانمان لەناو برد. پاشان سەرکردە پلە دووەکان و زۆرێک لە سەرکردەکانی پلەی سێیەممان لەناو برد. ئەوان زۆر سەرلێشێواون. ئێمە سەرکەوتنی تەواومان هەبوو، تەنیا لای ئەو کەسانە نەبێت کە وەک تۆ بە راستی شتەکان نانووسن. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە