رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی بەڵگەنامە فەرمییەکانی حکومەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، بە سەتان ملیۆن دۆلار مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی بە پشک و دڵنیاییە داراییەکانی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وڵاتەکەیەوە کردووە.
رۆژی پێنجشەممە، لە راپۆرتێکی دارایی ترەمپ دا کە پێشکێشی حکومەتی کردووە، وردەکاریی زیاتر لە دوو هەزار و 300 مامەڵەی کڕین لە نێوان مانگەکانی کانوونی دووەم تاوەکو ئاداری ئەم ساڵ خراونەتەڕوو.
مامەڵەکان پشکی کۆمپانیا تەکنەلۆژییە گەورەکانی وەک نڤیدیا، ئەپڵ، ئەمەزۆن، مایکرۆسۆفت، ئەدۆبی، ئۆراکڵ و ئوبەریان گرتووەتەوە، کە بەهای هەر مامەڵەیەک لە نێوان یەک بۆ پێنج ملیۆن دۆلاردا بووە.
هاوکات راپۆرتەکە ئاشکرای کردووە، سەرۆکی ئەمریکا نزیکەی هەزار و 300 مامەڵەی فرۆشتنی کردووە، کە پشکەکانی مایکرۆسۆفت، ئەمەزۆن و مێتای گرتووەتەوە و بەهای هەندێک لەو مامەڵانە لە نێوان پێنج ملیۆن بۆ 25 ملیۆن دۆلاردا بووە.
ئەم پەرەسەندنە داراییانە جارێکی دیکە گومانی "ململانێی بەرژەوەندییەکان"ـی لە دەوری سەرۆکایەتیی ترەمپ دروستکردووەتەوە. وەک نموونەیەک بۆ ئەم گومانانە، بەڕێوەبەرانی جێبەجێکاری هەردوو کۆمپانیای "ئێنڤیدیا" و "ئەپڵ" لەم هەفتەیەدا وەک بەشێک لە شاندی فەرمیی ئەمریکا لەگەڵ ترەمپ لە پەکین بوون بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ شی جینپینگ، ئەمەش لە کاتێکدایە ترەمپ خۆی خاوەنی پشکێکی زۆرە لەو دوو کۆمپانیایەدا.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترەمپ هەمیشە ئەو تۆمەتانەی رەتکردووەتەوە کە باس لەوە دەکەن ئەو و خێزانەکەی پۆستی سەرۆکایەتی بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان بەکاردەهێنن.
ئێستا سەروەت و سامانی ترەمپ لە ژێر چاودێریی دامەزراوەیەکی متمانەپێکراودایە، کە لەلایەن دۆناڵد جۆنیۆری کوڕییەوە بەڕێوەدەبرێت. بەڵام بەپێی زانیارییەکان، ترەمپ دەتوانێت لە هەر کاتێکدا بییەوێت، خۆی راستەوخۆ دەست بەسەر بەڕێوەبردنی سامانەکەیدا بگرێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، فەرمانگەی رەوشتی حکومەتی ئەمریکا، کە ئەرکی رێگریکردنە لە هەر جۆرە پێشێلکارییەکی دارایی لەلایەن بەرپرسانی باڵاوە، جەختی کردووەتەوە کە بە وردی چاودێریی ئەم مامەڵانە دەکەن تاوەکو رێگری لە دروستبوونی گوشار و ململانێی بەرژەوەندییەکان بگرن، هەرچەندە ترەمپ بەردەوامە لە بازرگانییە فراوانەکانی لە بازاڕە داراییەکاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ