بەهۆی درۆنە ئۆکراینییەکانەوە، سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا دەستی لەکار کێشایەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی چەند درۆنێکی ئۆکراینی لە خاکی وڵاتی لاتڤیای ئەورووپا کەوتنە خوارەوە، پارتێکی سیاسیی ئەو وڵاتە لە پشتیوانیی ئۆکراینا کشایەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ئێڤیکا سیلینا، سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا دەستلەکارکێشانەوەی خۆی رابگەیێنێت.
 
رۆژی پێنجشەممە 14-05-2026، بەرپرسان رایانگەیاند، رۆژی 7ـی ئایار ئۆکراینا چەند درۆنێکی بۆ هێرشکردنە سەر رووسیا هاوێشتووە. 
 
ئۆکراینا رایگەیاند، سوپای رووسیا بەشێوەی ئەلیکترۆنی ئاراستەی درۆنەکانی گۆڕیوە و لە خاکی لاتڤیا کەوتوونەتە خوارەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، یەکێکیان بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کۆگەیەکی نەوتی بەکارنەهاتوو لە رۆژهەڵاتی لاتڤیا.
 
رۆژی یەکشەممە سەرۆکوەزیرانی لاتڤیا بڕیاریدا ئاندریس سپرۆدز، وەزیری بەرگریی وڵاتەکەی لەسەر ئەو رووداوە لە پۆستەکەی دووربخاتەوە و رایگەیاند، سیستمەکانی دژە درۆنی لاتڤیا بە خێرایی پێویست نەخراونەتەکار بۆ رووبەڕووبوونەوەی دزەکردنی درۆنەکان.
 
دوورخستنەوەی سپرۆدز وایکرد نۆ لە هاوپەیمانەکانی، کە ئەندامی پارتی چەپی پێشکەوتنخواز بوون، لە هاوپەیمانێتیی دەسەڵاتداری سیلینا بکشێنەوە و رایانگەیاند، سپرۆدز کراوەتە قوربانی.
 
کشانەوەی پارتەکە وایکرد حکومەتەکەی تەنیا 41 کورسی لە پەرلەمانی 100 کورسیی وڵاتەکەدا هەبێت، پارتە ئۆپۆزیسیۆنەکانیش رایانگەیاند، داوای دەنگدان بە متمانە دەکەن، لە کاتێکدا تەنیا پێنج مانگ بۆ هەڵبژاردن ماوە.
 
لە گورزێکی دیکەدا رۆژی پێنجشەممە، ئارماندز کراوزە، وەزیری کشتوکاڵ لەلایەن دەستەی دژە گەندەڵیی وڵاتەکەوە بۆ ماوەیەکی کورت دەستگیرکرا.
 
سیلینا، کە لە ئەیلوولی 2023ـەوە سەرۆکوەزیران بوو، لە کاتی راگەیاندنی دەستلەکارکێشانەوەکەیدا گوتی، "گرنگترین شت بۆ من خۆشگوزەرانیی لاتڤییەکان و ئاسایشی وڵاتەکەمانە."
 
ئێدگارس رینکێڤیچس، سەرۆکی لاتڤیا رایگەیاندووە، رۆژی هەینی لەگەڵ سەرکردەی پارتەکاندا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر حکومەتێکی نوێ کۆدەبێتەوە.
 
لەدوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکرایناوە لە ساڵی 2022، چەندین درۆنی رووسی و ئۆکراینی لە لاتڤیا، لیتوانیا و ئیستۆنیا کەوتوونەتە خوارەوە.
 
دوای گفتوگۆکردن لەگەڵ رینکێڤیچس لە لووتکەیەکدا لە بوخارێست، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاند، پسپۆڕ دەنێرێتە لاتڤیا بۆ یارمەتیدانیان لە بواری بەرگریی ئاسمانیدا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بریکس. وێنە:AFP

جەنگی ئێران و نەوت باڵ بەسەر کۆبوونەوەی بریکسدا دەکێشن

وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بریکس، بە بەشداریی بەرپرسانی ئێران و رووسیا لە نیودەلهی کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا کە جەنگی ئێران و قەیرانی سووتەمەنی باڵیان بەسەر گفتوگۆکاندا کێشابوو. وەزیری دەرەوەی هیندستان هۆشداری دا لە "گۆڕانکاریی بەردەوام" کە بووەتە هۆی ناجێگیریی ئابووری و نائارامی لە ئاسایشی وزەدا.